ھەولێر لە نێوان دوبەی و سەربازگەدا!

بەدران محێدین
30.05.2020

‏‎
  ئەم ساڵ مەسعود بارزانی لە یادی شۆرشی گوڵان (قیادە مۆقەتە)، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە کە پێویستە ھێزە سیاسیەکان یەکڕیزی کورد و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە پێشینەی کاری ھەموو ھێز و لایەنەکان بێت، بەڵام دوای کەمتر لە چەند رۆژێک تەواوی پایتەختی ھەرێم بە ھێزی چەکداری تەنرا، و نمایشکردنی ھێز وەک مانۆرێکی سەربازیی، خەڵکی پایتەختی خستە دڵە ڕاوکێ، ھەولێر لە دوبەی بوو بە سەربازگە.


دەمەوێت سەرنجی خوێنەر رابکێشم بۆ گەرێنەوەیەکی مێژووی کە 26 ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە، کاتێک مەسعود بارزانی پەیامێک دەنێرت بۆ مام جەلال، داوای رێکەوتنی ئاشتی و راگرتنی شەر دەکات، خودی مام جەلال زۆر دڵ خۆش دەبێت بەو پەیامە چونکە چەند جارێک مام جەلال داوای کردووە بەڵام مەسعود بارزانی قبوڵی نەبووە، کەمتر لە دە رۆژ دوای ئەم پەیامە ئاشتیەی مەسعود بارزانی کارەسات لە ھەرێمی کوردستان ڕوو دەدات و لە شەو و رۆژێک دەبابە و کۆپتەر و ھێزەکانی گاردی کۆماری سەدام حوسێن دەگەنە شاری ھەولێر و کارەساتی مرۆیی و بە ھەزاران قوربانی گیانی لێ دەکەوێتەوە. 


لە زانستی سیاسی و مێژوو یەکێک لە خاڵە ھەر گرنگەکانی سیاسیەکان بۆ ئەوەیە کە بتوانن بەردەوامی بە پرۆسەی بەرێوبردن و ڕووداوەکان بدەن، چونکە ھەموو کات سیاسیەکان دەبێت لەوە وریا بن و بزانن دوێنی چی ڕوویداوە تا بتوانن لێکدانەوە لە داھاتوو بکەن، ئەو خاڵە جەوھەریە لە باشوری کوردستان خاڵێکی لاوازە و کەمترین کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە بە داخەوە لە دوای نزیکی سی ساڵ ھەرێمی کوردستان رۆژ دوای رۆژ لە داشکانی سیاسی و ئابووری و نێودەوڵەتین، بگرە داشکانی نیشییمانیشمان بۆ زیادبووە. 


پەیامەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەسعود بارزانی، ئێستا خەریکە ئەنجامەکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی  بوونی نەبێت یەکریزی کورد و ئاشتی کۆمەڵایەتیە، بگرە رۆژ بە رۆژ دۆخی کوردستان بەگشتی و زۆنی زەرد بەتایبەتی و لەناوئەوانیش هەولێر خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسی و چین و توێژەکان بە وریاییەوە لە دۆخەکە بڕوانن، ناکرێت دوای سی ساڵ ھەموو جارێک کوردستان بکرێتە قوربانی حزبێک و لە ناو ئەو حزبەش بنەماڵەیەک، ئەگەر بەر نەگیرێت بەو کەڵەگاییەی پارتی، ئەنجامەی پەیامەکەی مەسعود بارزانی باشتر نابێت لە ئەنجامی. کاتێک لە ریفراندۆم گوتی؛-  دوای ریفراندۆم دەوڵەت رادەگەیە...!

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations