ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ( بارزانی) و ( تاڵه‌بانی) ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ !؟.

ناسح مەلا كەریم
24.05.2020

تیبینیه‌كی زۆر گرنگ :
  راپه‌ڕین و ئازادی و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ په‌ڕ كراوه‌كه‌مان، به‌رهه‌می قوربانی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ سوتاون، له‌ ئیسلامیه‌كی ره‌سه‌ن تا  كۆمۆنیستێكی ماركسی و چه‌پ، له‌ لیبرالێك تا ناسیۆنالیستێك . با كه‌سی كوردایه‌تیمان پێ نه‌فرۆشێته‌وه‌ !!


دێمه‌وه‌ سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌مان ، بێ گومان ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار نیه كه‌ به‌رێز مه‌سرور بارزانی خۆی نمایش بكات و چێوی سارد به‌ دڵی هاوڵاتیانه‌وه‌ بنێت، مه‌گه‌ر سه‌رۆك نازانێت به‌م گوتاره‌ بێ به‌رهه‌مانه‌ی هێنده‌ی تر رقی هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی، ئه‌ستور تر ده‌كات !!


سه‌رده‌مانێك  كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم وه‌عدی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه‌ هه‌رێم ده‌كه‌نه‌ ( دوبه‌ی)!!! وه‌لێ مخابن !! له‌سایه‌ی سیاسه‌تی چه‌وته‌وه‌، ئیستا هاوڵاتیانی به‌شمه‌ینه‌تی هه‌رێم خۆزگه‌ به‌ هاوڵاتیانی ( سۆمال) و ( مۆزه‌مبیق) ده‌خوازن !!!  


ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ به‌ڕێزان مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی بكرێت یان ره‌خنه‌یان لێ بگیرێت سه‌رباری وه‌ڵامی بێ پاساویان – هه‌زاره‌ها مشه‌خۆر و كه‌ڕه‌واڵه‌ ده‌بنه‌ پارێزه‌ر و به‌رگری له‌ شكستی كاك مه‌سرور و كاك قوباد ده‌كه‌ن !!.


  ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار نیه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ شكسته‌كانی خۆیان ئه‌‌ده‌نه‌ پاڵ خه‌ڵكی تر ؛ رۆژێك گه‌مارۆی رژێمی به‌عس، دواتر، حكومه‌تی عێراق به‌تایبه‌ت نوری مالیكی، دواتر شه‌ڕی داعش، هتد.. ماوه‌یه‌كیش وه‌ك خۆڵ له‌چاوی خه‌ڵكردن ، بیدعه‌یه‌كی حوكمڕانی ناته‌ندروستیان داهێنا به‌ ناوی ( پاشه‌كه‌ته‌وه‌ ) كه‌ له‌ قوتوی هیچ عه‌تارێكدا شتی وانیه‌ ؟؟!


  ئه‌م پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ی ئه‌م براده‌رانه‌ له‌سه‌ری ده‌ڕۆن ،  له‌و شكسته‌ ده‌رونی و فێڵه‌ ده‌روونیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ، كه‌ پێی ده‌وترێ ( دانه‌پاڵ – projection) ئه‌م دانه‌پاڵه‌ كاتێ رووده‌دات كه‌ مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئازار و دڵه‌وڕاوكێ و ره‌خنه‌ رزگاری ببێت، له‌رێگه‌ی ئه‌م میكانیزمه‌وه‌ ره‌فتاره‌ شكستخواردووه‌كانی خۆی ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌و ده‌یانلكێنێت به‌ كه‌سانی تره‌وه‌و ئه‌وان تاوانبار ده‌كات !!. ده‌رونزانان پێیان وایه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌وه‌ مرۆڤ والێ ده‌كات كه‌ به‌رچاوی خۆی نه‌بینێ و ئاگاداری هه‌ڵسو كه‌وت و ئاكاری خۆی نه‌بێت . هه‌ر له‌ ڕێی ئه‌م ئاوه‌ژوو كردنه‌وه‌وه‌ مرۆڤ توشی زۆر نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بێت ، وه‌ك ( غیره‌كردن، هه‌ست به‌ زوڵمكردن و حه‌زو ئاره‌زوی ده‌ستدرێژی و پێشێلكردن) .


كاتی خۆيشي هه‌ریه‌ك له‌ بیرمه‌ندان ( جان جاك رۆسۆ) و( تۆماس هۆبز) و ( جۆن لۆك )  تیۆری ( گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی )یان راگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هاوڵاتی دیاری ده‌كات . به‌پێی ئه‌م گریبه‌سته‌ ئه‌رك و مافه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هاوڵاتی و په‌یوه‌ندیه‌كانیان دیاری ده‌كرێت .


خۆ ئه‌گه‌ر به‌ شه‌رعی ئاسمانیش بێت، به‌رێزان مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی نه‌ك نه‌یان توانیوه‌ له‌ ئاست به‌ڵێنه‌كانی خۆیاندا بن و ساده‌ترین مافی هاوڵاتی ( كه‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌یه‌) دابینی بكه‌ن، به‌ڵكو به‌هۆی نه‌بوونی ستراتیژیه‌تی روون و پلانی تۆكمه‌ و غیابی ته‌كنۆكراتی له‌ ئایدۆلۆژیای ناوبراوان، ئه‌مه ‌وای كردووه‌، رۆژ له‌دوای رۆژ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم قوڵتر بببنه‌وه‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ راست ده‌ربچێت كه‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی قه‌یرانه‌كان ده‌ژین نه‌ك له‌ ناو قه‌یراندا بین !!.


  ئێمه‌ كارمان به‌سه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ( فیفتی فیفتی ) و( به‌شبه‌شێنه‌ی سیاسی) سودمه‌ند بوون، به‌ڵام ئێستا له‌ منالێكی ژیكه‌له‌ی به‌ر ده‌رگا و ماڵ، هه‌تا ده‌گاته‌ پیره‌ژنێكی سه‌ربه‌رماڵ له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و كاك قوباد و كاك مه‌سرور، كۆده‌نگیه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر شكستی كابینه‌كه‌یان و چه‌قبه‌ستوویی ئیداره‌كه‌یان، به‌ شێوه‌یه‌ك نازانرێت له‌ كوێوه‌ پینه‌ بكرێت و به‌ر به‌و ئیفلاس و هه‌ره‌سه‌ ئیداری وسیاسیه‌ بگیرێت !! ته‌نانه‌ت ئه‌م براده‌رانه‌ وا لێیان تێكچووه‌ ئه‌وه‌تا رێگری ده‌كه‌ن له‌ هه‌ر هه‌و‌ڵێكی ئاوه‌دانی ، وه‌ك بینیمان له‌ هه‌ندێ له‌ شاره‌كان رێیان نه‌ده‌دا ( نه‌وه‌ی نوێ) هه‌ندێ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزرای ئه‌نجام بدات . یان ئه‌وه‌تا ده‌بینین به‌نیازن كاری رێكخراوه‌ خێرخوازیه‌كان سنوردار بكه‌ن و بیانخه‌نه‌ ژێر كۆنترؤلی خۆیان . 


ئێمه‌ومانان نامانه‌وێ و باوه‌ڕمان به‌ ( شه‌خسه‌نه‌كردنی ) بابه‌ته‌كان نیه‌، رقمان له‌ مه‌سرور بارزانی و قوباد تاله‌بانی نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناویان مه‌سرور و قوباده‌، به‌ڵكو سه‌ره‌ڕمی تیری ره‌خنه‌مان ئاراسته‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ شكسخواردووه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم به‌ره‌و تونێلێكی تاریك و داخراو ده‌بات له‌ سایه‌ی حوكمڕانی ئه‌م دوو گه‌نجه‌دا، هاوڵاتیانی هه‌رێم شانازییان ده‌كرد كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌یان و جێگره‌كه‌ی نموونه‌ی (ئیمانۆیل ماكرۆن )ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و (جاستن ترۆدۆ) سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا بوونایه‌ له‌ غه‌مخۆری و حكومه‌تداریدا !! .


بۆیه‌ له‌ ده‌سته‌وسانی و لاوازی وه‌ها حكومه‌تدارییه‌ك مافی هاوڵاتیانه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن و ئێمه‌ش له‌م نوسینه‌دا وه‌ك ( ئه‌زعه‌فولئیمان) مافی خۆمانه‌ بپرسین :


ئه‌رێ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ( بارزانی ) و ( تاڵه‌بانی) ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ ؟! .   

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations