موفلیسی‌ له‌ وتاره‌كه‌ی‌ مه‌سروردا

ئەحمەد میرە
22.05.2020

مه‌سرور بارزانی‌ وه‌ك هه‌میشه‌ وتارێكی‌ ئێجگار خراپیدا، پێش ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ خراپی‌ ناوه‌رۆكی‌ وتاره‌كه‌ی‌ بكه‌م، سه‌ركۆنه‌ی‌ ئه‌و راوێژكاره‌ بێ‌ ئه‌زموون و گه‌مژانه‌ ئه‌كه‌م كه‌ ئامۆژگاریان كردووه‌ رۆژێك پێش جه‌ژن، وتارێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ لاواز و پڕكوڕوزانه‌وه‌ بدات!

هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت وتاری‌ ئه‌م جۆره‌ كاته‌نه‌ ده‌بێت وتاری‌ مژده‌ به‌خشین بێت و كۆمه‌ڵێك بڕیار و راسپارده‌ی‌ تێدابێت بۆ خه‌ڵك و مووچه‌خۆران، واتا لانی‌ كه‌م ده‌كرا جه‌خت بكاته‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستكاری‌ نه‌كردنی‌ مووچه‌ و تێپه‌راندنی‌ قه‌یرانه‌كه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیاوه‌ ئه‌زموونی‌ (خوتبه‌)دانی‌ نییه‌ و ته‌نها له‌ ژووره‌ ئه‌منییه‌كاندا قسه‌ی‌ بۆ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی‌ كردووه‌، نازانێت له‌ رۆژانی‌ جه‌ژندا ده‌بێت چۆن قسه‌ بكات و به‌ڵێنی‌ چی‌ بدات؟ به‌ كورتی‌ ناوه‌رۆكی‌ وتاره‌كه‌ی‌ مه‌سرور له‌ چه‌ند خاڵێكدا كورت ده‌كه‌مه‌وه‌:

1-جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ برینی‌ مووچه‌ و دانانی‌ مووچه‌خۆران به‌ به‌ڵای‌ گه‌شه‌نه‌كردنی‌ باری‌ ئابوری‌ هه‌رێم، به‌ بۆچوونی‌ به‌نده‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی‌ كوردستان خۆی‌ ئاماده‌ بكات بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ خراپه‌ی‌ كابینه‌كه‌ی‌ مه‌سرور و هه‌ر تیمێكی‌ حكومی‌ (یه‌كێتی‌ – گۆران) پشتیوانی‌ لێبكات، ده‌بێت وه‌ك هاوبه‌شی‌ سزادانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان سه‌یر بكرێت.

2- به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ، هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر كابینه‌كانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌، به‌ گه‌نده‌ڵ‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ به‌ هه‌ده‌ردانی‌ داهاتی‌ هه‌رێم تاوانباری‌ كرد.


3-به‌ روونی‌ ددانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم شكستخواردو بووه‌ و بۆته‌ مایه‌ی‌ نه‌گبه‌تی‌ بۆ كوردستان.

4- وه‌ستانه‌وه‌ دژی‌ لامه‌ركه‌زییه‌تی‌ كارگێری‌ و دارایی‌ پارێزگاكان، وه‌ستانه‌وه‌یه‌ دژی‌ خواستی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ نوێی‌ یه‌كێتی، به‌م پێوانه‌یه‌ بێت كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان (یه‌كێتی‌-پارتی‌) دوا ده‌كه‌وێت و ناكۆكییه‌كان درێژه‌ ده‌كێشن.

5-به‌ئاشكرا جه‌نابی‌ مه‌سرور بارزانی‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردییه‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ باوه‌شی‌ به‌غداد، واته‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌ ئه‌جێندای‌ ئه‌م حكومه‌ته‌دا ده‌وڵه‌تی‌ كوردیی‌ له‌ گه‌ڵ‌ به‌غدادی‌ دراوسێ‌ بوونی‌ نییه‌.

به‌ كورتی‌ وتاره‌كه‌ی‌ پڕ بوو له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی‌ سیاسی‌ و كارگێری‌ و دارایی‌ و یاسایی‌ و ته‌نها له‌ كاتێكی‌ ناوه‌ختدا، مژده‌ی‌ ده‌ستكاریكردن و برینی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمیدا.

ده‌پرسم ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ڵگری‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ سه‌ركرده‌ بێت و رۆژێك له‌ رۆژان له‌ دیوه‌خانی‌ سیاسه‌تدا ژیابێت چۆن رێگه‌ به‌ خۆی‌ ده‌دات له‌ جیاتی‌ پێدانی‌ جه‌ژنانه‌ و مژده‌ی‌ خۆش، به‌م زمانه‌ كوردییه‌ ناڕێكه‌ وه‌ك ئامۆزا دژه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت، بڵێت هه‌رێم موفلیسه‌!.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations