لەرزوتای خۆپیشاندان

ئیبراهیم شێخ وەسانی
16.05.2020

(ئەم کوردە بەدەلی زۆریدا بۆ ئەوەی ئازادبێت)


                                 (١)

 گرتە ڤیدیۆکەی مامۆستا بەدەل بەرواریم تەماشاکرد، تەنانەت بەیەک وشەش هێرش ناکاتە سەر دەستەڵات و، هیچ کەسێک، تەنها داوای خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە بۆ پێدانی موچەو، پاشەکەوتی موچە لەشاری دهۆک دەکات.
((حەقە بپرسین، بەدەل بەرواری و کۆمەڵێک مامۆستای دیکە بۆچی گیراون؟!))

                                (٢)

کێن ئەوانەی ئەوڕۆ لەکوردستان دەگیرێن؟

گەندەڵکاران؟
ئەوانەی بازرگانیان لەگەڵ داعش کرد؟
بەشداربوان لەتاوانی ئەنفال و کیمیاباران؟
چەتە؟ 
دز؟
((ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی کە پێویستە لە ژوورەوەبن، بۆچی لەدەرەوەن و ئازادن، بەڵام ئەوانەی داوای موچە و ماف دەکەن یان لەسەر جیاوازیی بیروڕا و پۆستێکی فەیسبوک دەگیرێن و، لەزیندانن))


                                 (٣)

پرسیارێکی جدی لەپارتی دیموکراتی کوردستان.

* بۆچی لە خۆپیشاندان دەترسن؟
(( هەولێریانی گوتەنی خۆمان لەخوانەکەین، بەشێوەیەکی گشتی حیزبی کوردی دژی خۆپیشاندانە، چونکە بەخۆپیشاندان ئەمنی حیزبیان دەکەوێتە خەتەر و، توشی ژانەسەر دەبن، بەڵام ئەوەی پارتی لەرزوتاشی لەگەڵە))


                                 (٤)

پارتی دەبێت ئەوە بزانێ کە فەرمانبەر سەرچاوەی بژێوی ژیانی موچەیەو، موچەکەشی لای حکومەتە، كه‌وایە مشورێک لەقوتی خەلک بخۆن و، موچە و مافەکانیان بۆ بگەڕێنەوە...
دەبێت
بەدەلەکانیش ئازادکەن.
خۆپیشاندان ئازادکەن.
گوتنی وشە ئازادکەن....
لەبیرتان کردووە
ئەم کوردە بەدەلی زۆریدا بۆ ئەوەی ئازادبێت
 ((لێگه‌ڕێن هاوڵاتیان بەخۆپیشاندان داوای مافەکانیان بکەن، ئه‌مه‌ باشترین  بژاردە و هه‌له‌ بۆ ئێوەش، چونکە کۆلەگەی سەرەکی بەهێزی و مانەوەی دەوڵەت و دەستەڵاتەکان، خۆپیشاندان و ئازادیە))

                                 (٥)
دەنا بەدەردی کوری شەداد دەچن...
دەڵێن عەنتەری کوڕی شەداد لەپێش گایەک سڵی کردوەو، هەڵات، پرسیان چۆن دەبێت عەنتەر بترسێت لەگا، گوتی ئەوە ئێوە دەزانن من عەنتەرم، بەڵام خۆ گاکە نازانێ.
پێشینان گوتوویانە "برسیەتی رێیەکی لەهاریە"
خەلک لەوەزیاتر برسی بێت و ئازادی لێزەوت بکرێت، عەنتەر ناناسێت.  

* بۆ ئەوانەی نایزانن، وشەی (بەدەل) بە کرمانجی، واتای قوربانی دەگەینێت..

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations