حكومه‌ت له‌باره‌ى ده‌ستكاریكردنى موچه‌ دوا قسه‌ى خۆى ده‌كات

سەرتیپ قەشقەیی
14.05.2020

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، سه‌رۆكى حكومه‌ت‌ دۆخى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان روونكردۆته‌وه‌ و باسیله‌وه‌كردوه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موو جیهان به‌هۆى قه‌یرانى كۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، رووبه‌رووى كێشه‌ى دارایى و ئابوورى بۆته‌وه‌‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ودوا خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانیش له‌ حكومه‌ت بگه‌ن، كه‌ هه‌رێم له‌ دۆخێكى ئابوورى و دارایى خراپ دایه‌، گرینگه‌ له‌مه‌ودوا تێگه‌یشتن له‌ لایه‌ن موچه‌خورانه‌وه‌ هه‌بێت بۆ بارودۆخه‌كه‌ و تێبگه‌یه‌نرێن، كه‌ حكومه‌ت ناتوانێت له‌ ئێستادا موچه‌ وه‌كو رابردوو دابه‌ش بكات.


هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌كرده‌، ناكرێت فه‌رمانبه‌ر له‌ دۆخێكى واخراپدا قبوڵى ئه‌وه‌ نه‌كات موچه‌كه‌ى ده‌ستكاری نه‌كرێت.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت داواى ده‌ستكاریكردنى سیسته‌مى موچه‌ى كردوه‌ و زۆربه‌ى وه‌زیره‌كانیش هه‌مان بۆچوونیان هه‌بووه‌، كه‌ ناكرێت دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، پێویسته‌ به‌په‌له‌ میكانیزمێك بۆ ده‌ستكاریكردنى سیسته‌مى موچه‌ بدۆزرێته‌وه‌.


هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ند پێشنیازێك خراوه‌ته‌ ڕوو له‌وانه‌ :
* بڕینى ده‌رماڵه‌ى نا جێگیره‌كان.
* په‌له‌كردن له‌ یاسایى چاكسازى راسته‌وخۆ دواى جه‌ژن ( له‌ماوه‌ى سێ رۆژى رابردووش كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراو له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێوه‌چووه‌)
* چاوه‌ڕێكردن تاوه‌كو بزانن به‌غدا چۆن ده‌ستكارى سیسته‌مى موچه‌ ده‌كات، ئه‌وكات ئه‌وانیش هه‌مان میكانیزم بگرنه‌ به‌ر.
ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ رێگایه‌كى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ و ده‌ستكاریكردنى موچه ‌و جێبه‌جێكردنى یاسایى چاكسازى كردۆته‌وه‌ كارێكى حه‌تمى، نایه‌وێ چیتر له‌ ترسى خه‌ڵك پلانه‌كانى دوابخات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations