هیوادارین گۆڕان كاروانەكە جێبهێلێت

سەرتیپ جەوهەر
10.05.2020

وابڕیارە ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی كێكی حوكمڕانیی كۆببنەوە. ئەم كۆبونەوەیە لەم تەوقیتە بۆ پەرتەوازەكردنی بەرەی دژە كۆبونەوەكەی چەند رۆژێك پێش ئێستای پەرلەمانە. سبەی پارتی لەگەڵ گۆڕان كۆدەبێتەوەو پارووی چەور دەخاتە بەردەم گۆڕان و هەرچۆنێك بێت رازیان بكەن، لەكاروانی نەیاران دایان ببڕن و بەتیكێك نانی زیادە بیانهێننە بەرەی خۆیان، ئەگەر ئەوە روبدات دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەت لەسلێمانی گۆڕان روبەرووی دۆخێكی نوێ‌ دەبێتەوەو هەموو هاوكێشەكە بەسەر گۆڕان قڵپ دەكرێتەوە، هاوكات بەردەوامبونی حكومەتی هەرێم یان لانیكەم ئەم كابینەیە زۆر ئەستەم دەبێت.

هەر رێككەوتنێكی پارتی لەگەڵ گۆڕان هیچ گۆڕانێك یان هێورییەك بۆ پرۆسەی سیاسی كوردستان دابین ناكات، ئەو یارییە بێئەنجام دەمێنێتەوە، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەرییان لەسەر هاوكێشەی سیاسی نییە، بەڵكو بەكاردەهێنرێن بۆ درێژەدان بە پەراوێزخستنی سلێمانی و زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی، ئەگینا بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی هیچ جموجۆڵێكی سیاسی ئەنجامی نابێت. 
ئەگەر گۆڕان ئەم كارە بكات، دەبێ‌ تابلۆیەكی رەش لەدەروازەی گردەكە هەڵواسن و بەرەنگی سپی لەسەری بنوسن (انا لله وانا الیه راجعون) ئەو چانسەش لەدەست دەدەن كە جارێكی دیكە یەكێتی لەگەڵیان كۆببنەوەو باسی زیندووكردنەوەی رێككەوتنیان لەگەڵ بكرێت، خۆ ئەگەر نەیەنە ژێر باری ئەو پارووە چەورەی پارتی دەیخاتە بەردەمیان ئەوە چانسێكی بەهێزیان دەبێت لەهەڵبژاردنی داهاتوو نوزەیەكیان تێدا بمێنێت و چەند كورسییەك بەدەست بێننەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations