دروست بوونی دۆڵێکی نوێ چارەسەرە؟

بەختیار مەحمود
08.05.2020

ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات بە ناوی زۆرینەو کەمینەوە ، لە ڕاستیدا دەر ئەنجامی بەشداری نەکردنی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکان  و باوەڕ نەبوون بەو حزبانەی کە  ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پشک پشکێنەی حزبین و  قەیران بە قەیرانێکی دیکە دەسپێرن  شکست بۆ شکستێکی گەورەتر دەگوازنەوە.

بێگومان بەشداری نەکردنی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ هۆکار گەلێک ،کە بە درێژای تەمەنی سیاسی کوردستان بوونیان هەبووە ، قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و  بێ متمانەیی دەنگدەران ساڵ دوای ساڵ  ڕوو لە  هەڵکشانە،بە جۆرێک نزیکەی(3500,000) سێ ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە ، لەو  ژمارەیە ،تەنها(1500,000) یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بەشداری دەنگدانی کردووە ، کەواتە  زۆرینەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کە ڕێژەی لە(%60) بەرەو سەرە  بەشداری دەنگدانیان نەکردووە ،  ژمارەی  ئەو  کورسیانەی کە  بەشداری دەنگدانیان نەکردووە  زۆر  زیاترە  لە  ژمارەی ئەو  کورسیانەی کە  ئێستا  لە  پەرلەمانی کوردستانن.

ڕێژەی  ئەو  دەنگانەی کە بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە نزیکەی (2000000) دوو ملیۆن  دەنگە،  لە وڵاتە  دیموکراسێکانی جیهاندا گرەوی  کورسی دەسەڵات و دەست و دەستکردنی  لەسەر  ژمارەی ئەو  دەنگانەیە کە  خۆڵە مێشین و  بۆ هیچ  لایەنێک  یەکلانەبوونەوە ، لە کوردستان ئەو  دەنگانە لە بێ  ئومێدیدا  دەژین و  بە دوا  دەلتانێکدان تا دوبارە ڕەو ڕەوەی  ژیانیان بۆ  بگەڕێتەوە ، لەو ژمارەیە بەشێکیان  باوەڕیان بە سیستەمی هەڵبژاردن نیە و بەشداری لەو پرۆسەیە  ناکەن.

ڕۆڵی دەسەڵات و معارەزە لەکوردستان

هەر چۆن  لە سی ساڵەی حکوم ڕانی کوردی  هەر دوو حزبی دەسەڵات شکستیان هێنا ، ئەواش حزبەکانی معارەزە لە کوردستانی  توشی شکست و پاشەکشەی سیاسی بوون ، هۆکار ئەو  پاشەکشە سیاسییەش لە ئەستۆی خۆیانە ، کە نەیانتوانی لە دەرەوە دەسەڵاتی  جوت حزبی  درێژە بە کاری سیاسی بدەن و  تێکەڵی بەرەیەک نەبن کە  نموزەجی حکومڕانیان بە  کاروانی  شکست دوای شکست  تێپەڕیوە.

چارەسەری بنەڕەتی چییە؟
چارەسەری بنەڕەتی بۆ  دۆخی کوردستان  دوبارە  بنیاد نانەوەی  ژێرخانی سیاسی و  حکومڕانیە ، بە  ڕوئیا و دونیا بینی نوێوە ،  پێویستە بەرەیەکی نوێی سیاسی لە دایک بێت ، ئەو بەرەیە خاوەندرێتی  ئەو  دەنگە  ناڕەزایانە  لە ئەستۆ بگرێ کە ئێستا  لە دەرەوەی حزبەکانی کوردستان  دەژین ،بە  پەیمان و  بەڵێنی  نوێوە‌  ، مەهام و ئامانجی دروست بونەکەی ڕوون بێت کە  ڕابەرایەتی  بەرەیەکی  نوێی سیاسی دەکات ، وەک  بلۆکێکی نوێ  لە  دایک بێت ، بەرامبەر  ئەو  بلۆکە حزبییەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان هەیە و  شکستی هێناوە ، لە  دایک بوونی  ئەو  بەرەیە  دەبێت  پێش  هەر شتێک  متمانە بگڕێتەوە  بۆ  شەقام ، ئەو  سەکۆیە ، پێویستە  سکۆی میلەت بێت  ، لە دایک بوونی ئەو بەرەیە  دەبێت  لە  دۆڵێکی  جیاوازتر لە دۆڵی  حزبەکانی  ئێستا  بژی ،  کۆتای بەو چاو شارکێ و  شەریکایەتیە  سیاسیە حزبی و شەخسییە  بهێنێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations