لە سەردەشت عوسمانەوە تا هێمن مامەند و سۆران عومەر

زانكۆ سەردار
06.05.2020


پاش تێپەڕینی دەساڵ بەسەر تیرۆرکرنی (سەردەشت عوسمان) لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، بە هەبوونی سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و سەدان ڕۆژنامەنوس و سەدان چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ تازە بەتازە نەک ئەوەی نەتوانراوە بکوژانی دەنگی ئازاد ئاشکرا بکرێن و ڕووی ڕاستەقینەیان نیشان بدرێت، هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی ئەو نوزەیەی کەماوە زیاتر و زیاتر دەبێت.

لێرەدا قسەی من لەسەر تیرۆر و هۆکار و شێوازی تیرۆر کردنی سەردەشتێکی خاوەن خەیاڵ نیە کاتێک تەنها دەیەوێت خەیاڵەکەی نیشانی هەموومان بدات و سەرئەنجام سەری پڕ لەخەیاڵی لەسەر دادەنێت، بەڵکو دەمەوێت لەم بۆنە غەمناگەوە قسە لەسەر ڕووی ئەو دەسەڵاتە بکەم کاتێک ناتوانێت حکومڕانیەکی باش پێشکەش بکات دێت و فەشەلی حکومڕانیەکەی بە شێوەی جۆراو جۆر دەشارێتەوە و هەر جارەی لە ڕێگەی سیناریۆیەکی ناشرینەوە دەیەوێ میللەت سەرقاڵ بکات، کاتێکیش تۆی هاوڵاتی دەتەوێت بێیتەدەنگ ئەو بە (هێمن مامەند) ئاماژەی هەوڵەکانی بێدەنگکردنت نیشان دەدات، ئاخر سێ جاری یەک لەدوای یەکی دەستگیر کردنی هێمن مامەندێکی ڕۆژنامەنوس لەلایەن دەسەڵاتێکی فاشیلەوە ئەگەر ئاماژەیەکی خراپی بێدەنگکردنی کۆی کۆمەڵگە نەبێت چییە؟ لەکاتێکدا هێمن قسەی لەسەر خرپی کۆی گشتی ژیانکردنی ئەم کۆمەڵگەیە کردوە؟

یاخود دەستبردن بۆ پێگەی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمانتار کە نوێنەرایەتی هەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمەیە، تەنها لەپێناو ئەوەی قسە لەسەر خراپی گوزەرانی خەڵک کردوە و ئاماژەیەکی ترسناک نەبێت بۆ بە کۆریای باکور کردنی ئەم هەرێمە چیدیکەیە؟

زۆربەمان ڕەنگە دەمێک بێت (سۆران عومەر) بناسین، من بە جیاوازی دنیا بینی و بیرکردنەوەمەوە بە یەکێک لە باشترین پەرلەمانتارە کانی دەبینم لە ماوەی دوو خولی پەرلەماندا کە هەمیشە خاوەنی دەنگ و ڕەنگ بووە، بۆیە پێم وایە دەستبردن بۆسۆران لەسەر قسەکردنەکانی دەستبردنە بۆ شکۆی میللەت پێش شکۆی سۆران و پەرلەمان.

بەداخەوە دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی سەردەشت عوسماندا لەبری ئەوەی بکوژان بەسزای خۆیان بگەن، ئێمە تازە دێین و قسە لەسەر خراپتر بوونی مەترسییەکانی بێدەنگکردن دەکەین و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نیشتیمانیش پێمان دەڵێت ئەوان جگە لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ بێدنگکردنی ڕۆژنامەنوسان، هەوڵی بێدەنگکردنی پەرلەمان و ئەندامەکانیشیان دەدەن و لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەی حیساب بێت بۆ کەسی ناکەن.

دروود بۆ ڕۆحی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویدات و عەبدولستار تاهیر شەریف و بکوژانی دەنگی ئازادیش بەر نەفرەت بکەون.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations