سەرۆکی حکومەت دەیەوێت لە بە پێیەکان دەستپێبکات

ئیبراهیم شێخ وەسانی
06.05.2020


(گاڵتەجاریەکەی هەڵگرتنی پارێزبەندی)



                                   (١)


کوری سەرباز هەورامی بەرپرسی نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لەساڵی ٢٠٠٧ بە ئۆتۆمۆبێل لەخێزانی پارێزەرێکی شاری هەولێر بەناوی (رێبوار خۆشناو)دەدا و دەیکوژێ، راشناوەستێ، دەڕوا.


                                  (٢)

سەرباز هەورامی دەچێتە ماڵی قوربانیەکە و، دان بەتاوانی کورەکەی دەنێت((کاتێک دەچێت کە کورەکەی رەوانەی دەرەوەی وەڵات کردووە)).

                                (٣)


هاوسەری قوربانیەکە لەدادگا سکاڵا تۆمار دەکات، دادگا رێکارەکانی دەست پێدەکات، بەهۆی نادیاری شوێنی تاوانبار، بەسێ پێڕاگەیاندنی یەک لەدوای یەک، کە دادگا  بۆ سەرباز هەورامی دەنێرێت بۆ ئەوەی وەک شاهێد ئامادەبێت، بەڵام ئامادە نابێت(( بەپێی یاسا ئەوکات و ئێستاش سەرباز هەورامی هیچ پارێزبەندیەکی نەبووە و، نیە)).
  

                                 (٤)


بۆیە دادوەر پێڕاگەیاندنی جەختکردنەوەی بۆ  دەنێرێت، کە ئەگەر تا پازدە رۆژ ئامادەنەبێت، ئەوا دادگا بریاری غیابی لەدژی تاوانبار دەردەکات ((بەڵام بەتەداخولی حزبی و حکومی داواکە دادەخرێت و غەرق دەکرێت)).


                                 (٥)


بەقسەی پارێزەر رێبوار خۆشناو مەسرور بارزانی ئەوکات ئاگاداری ئەم کێشەیە بووە و، پشتگیری ئەوی کردووە((ئێستا کورەکەی سەرباز هەورامی بەئارەزووی خۆی و بە ئازادی دەسوڕێتەوە))



                               (٦)


ئەگەر پارێزەرێک کە لەپایتەخت دەژێ و، تاڕادەیەک لە سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای ئاژانسی پاراستن و سەرۆکی ئێستای حکومەت نزیک بووە، کە توانیویەتی کەیسەکە بباتە لای ئەو، نەتوانێ بەرگری لەخۆی بکات و، تاوانبار بباتە بەردەم دادگا، دەبێت هاوڵاتیەکی ئاسایی کە لەدێیەکی دوورە دەست دژێ، بۆ سەندنەوەی ماف رێگەی بکەوێتە دادگا رەوشی چۆن بێت لەم هەرێمە .

                                  (٧)

 بەڕاست، کەس باوەر بەمە دەکات، کەسانێک هیچ پارێزبەندیەکیان نیە، تاوانیان کردووە، تۆمەتبارن بەگەندەڵی و، داویان لەسەرە، بەئازادی دەسوڕێنەوە و، ناچنە بەردەم دادگا، کەچی حکومەت لەرێگەی یاساوە دەیەوێت پارێزبەندی لەسەر هەندێک پەرلەمانتار هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی بەقۆلبەستراوی راکێشی بەردەم دادگا بکرێن.
 

                                 (٨)

بەڵام با زۆر ساویلکە نەبین
زوو بڕیار بدەین
دەگێرنەوە 
ئەوکاتەی هاتووچۆ بە دەوار بووە
لەو خۆشناوەتیەی خۆمان
کاروانچیەک یەک هەمبانە مێوژ بەدیاری بۆ ماڵی خانەوخۆیەکی لەو دەشتی هەولێرە دەبا
مێوژەکە ئەوەندە کۆنە پڕە لە قالۆچە
کابرای دەشتەکی مێوژی نەبینیوە
  کەدەبینێ بەشێک لەمێوژەکان دەڕۆن
بەمنداڵەکانی یێژێ
پەلەبکەن بەپێیەکان  بخۆن
بێ پێیەکان هی خۆمانن، ناڕۆن
((کەس لە دڵی کەس نیە، رەنگە سەرۆکی حکومەت بیەوێ یاسا سەروەر بکا، بەڵام یەکەمجار لە بەپێیەکان دەستپێدەکات)).

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations