كورد لەبەرداشی ئەمەریكاو توركیادا

لەتیف فاتیح فەرەج
02.05.2020


ئەمەریكا تا ئێستا وەك ئەوەی پرسێكی سیاسی هەبێت و پێویستی بە چارەسەر بێت سەیری كێشەی كورد ناكات ،كورد تا رادەی پیاو بوونی ئەمەریكا هەوڵیداوە لێی نزیك بێتەوە ، بەڵام هێشتا ئەمەریكا وەك شەڕكەرێك سەیری نەتەوەی كورد دەكات ، نەك وەك ئەوەی ئەم چل ملیۆن مرۆڤە پێویستیان بە فۆڕم و چوار چێوەیە ، ئەمەریكا لە نێوان كوردو توركیادا هەمیشە توركیا هەڵدەبژێرێت ، لە نێوان پەكەكەو ناسیونالیزمی دەوڵەتیی توركیادا ئەو پەكەكە دەخاتە لیستی تیرۆرەوەو هاوكاری سەربازی و لۆجستی توركیا دەكات بۆ كوشتنی كورد ، ئەوە ئەمەریكایە عەفرین ئەداتە دەست توركیاوە نەك سوریاو كەسی تر، ئەمەریكا هەمیشە لە نێوان دۆستایەتی كوردو بەرژەوەندی توركیادا ئەو دووەم هەڵدەبژێرێت ، ئەمە پێویستی بە هەڵوەستەو قسە لە سەر كردنی زۆرە ناكرێت لێگەڕێین ئەمەریكا هەر بەو خەیاڵەوە مرۆڤی كورد وەك تیرۆریست سەیر بكات و توركیاش بە دەوڵەتێكی دیموكراسی ، بۆ ئەمە رێگا زۆرە بۆ گۆڕینی ئەو دیدو بینینەی ئەمەریكا

هەر لۆبی كردن بەس نیە ، كێشەیەكی گەورە لەوەدا هەیە كە ئەمەریكا كورد بە یەكەوە نابینێت ، یانی بۆنمونە سبەی ئەگەر یاداشتێكی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی گەورە بە واژوی پارتی و پەكەكەشەوە بخرێتە بەردەست كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەمەریكی ، بڕوام وایە پرسەكە بە سودی كورد ئاوە ژو دەبێتەوە ، ئەمەریكا ئەمە نابینێ‌ ، دەنا ئەمەریكیەكان لە زۆر دانیشتنی كۆنگرێسا لە سەر پرسی كورد قسەو باسی زۆر باشیان كردووە ، كاتێ‌ ئەمەریكا دەبینێ‌ كورد یەك نین و پرش و بڵاون ، لە ناوخۆیاندا یەكتر بە خائین و تیرۆریست تۆمەتباردەكەن و بیرو ڕایان لە سەر یەكتر وەك بیرو ڕای دوژمنەلە سەر كورد ، ئیدی ئەویش ناچاردەبێت بە دووی یاری دیكەدا بگەڕێت .

ئەمەریكا سەرنج و تێبینی و رەخنەی لە كورد هەیە ، بە تایبەت كاتێ‌ بارزانی و تیمەكەی ریفراندۆمیان كردو گوێیان لە ئەمەریكا نەگرت ، ریفراندۆمەكەش جگە لە شكستێكی سیاسی هیچی تر نەبوو ، بەڵام هۆیەكی گرنگ بوو بۆ ئەوەی هەموو نەیارانی كورد یەكبخات ، ئێستا بەشێكی باشی تیمی ریفراندۆم یان هیچیان نیە بۆ وتن یان هەر دەمیانكردوە باسی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن بۆ دیزە بە دەرخۆنەی شكستەكەیان ، ریفراندۆم 50 ساڵ ئێمەی بردە دواوە ، ئەمەریكیەكان رون وڕەوان لەو كارە توڕەو نیگەران بوون ، لە راستیدا لەوەشدا هەقیان بوو ، دەركەوت ریفراندۆمەكە قسەی ڕووت و زیان زیاتر نەبوو .

توركیا كە سود مەندی یەكەمی دەرهێنان و فرۆشی نەوتی كوردستان و سەرانی ئەكەپە بە هاوكاری سەرانی كورد مافیای نەوتی كوردستانن ، لە ریفراندۆمەكەدا هیچ نەما بەمەسعود بارزانی و كوردی نەڵێن ، هەمان ئەو بارزانیەی لە ئامەد دەستی لە ناو دەستی ئەردۆغاندا بوو ، ئەو ئەردۆغانەی سەرۆقادر دەیووت توركیا رێگری لە بارزانی بكات دەبێتە سەت پارچەوە ، توركیا بۆ 50 ساڵ گرێبەستی كەوی كردنی كوردی واژوو كردووەو جگە لەوەش بە نیازە لە سێ‌ ساڵی داهاتوودا كەركوك و موسڵیش وەك عەفرین لێبكات بۆی بكرێ‌ ، عیراق و شیعەی عیراق لە دەسەڵاتا بەرانبەر توركیا بێ‌ هەڵوێست و لاوازن ، پارتی ناتوانێ‌ پشت بكاتە توركیاو گیرۆدەو گرێدراوی بووە ، یەكێتی سەرەڕای كۆنگرەو گۆڕانكاری هێشتا هەڵنەساوەتەوە ، گۆڕان داغانە ، پەكەكە لای دنیای ستەمكاری لە لیستی تیرۆردایەو شەڕی ناتۆو دارو بەردەدات و زیاتر لە دوو دەیەشە بیركەرەوەو رابەرەكەی لە زیندانی توركانە، لە دۆخی ئاوادا نەكۆكەرەوەی باش هەیە نەبارزانیش جێی متمانەی هەمووانە ببێتە كۆكەرەوەیەكی باش ، یەكێتی و پەكەكە ئەزمونی تاڵیان هەیە لەو بارەیەوە لە گەڵ بارزانی ، پەیامەكەی ئاپۆ و سڵاوەكەی هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێك لەم دۆخە دژوارەدا ، ئاخۆ بارزانی لەو پەیامە دەگات یان .

كوردستان بە گشتی لە بارو دۆخێكی مەترسیداردایە ، حكومەتی باشوری كوردستان ، لە پەل و پۆ كەوتووە و لە بەردەم شكستایە ،توركیا نەوتەكەشی دەبات و هەوڵدەدات شەڕی پەكەكەشی پێبكات و وەك بەردەست و نەیار سەیریشی دەكات، عیراق چی تر تاقەتی بێنەو بەرەی نەماوە لە گەڵیان و بە رێگەیەكی تر لاوازیان دەكات ، ئەمەریكا جگە كێشە زۆرەكانی خۆی لە گەڵ كۆڤید 19 ، چین ، روسیا ، ئیران ، خۆیشی لە قەیراندایە ، ئەوە جگە لەوەی دۆناڵد ترەمپ هەر گیز پیاوی ئومێدو پشت پێبەستن نیە نەك بۆ كورد بۆ زۆرێك لە ئەمەریكیەكانیش .

لەم بارو دۆخەدا تەنها پێكەوە بوون ، هاودەنگی و چارەسەری كێشەكانی ناوخۆو گێڕانەوەی ئەو هەموو پارە براوەیە كە لە200ەوە لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەدزرێت ، گەر ئەوانەی پارەكەیان دزیووە هۆكاری سەرەكی ئاشبەتاڵێكی تر دەبن ، نەك گەیشتن بە سەربەخۆیی .

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations