باڵندە ناشیرینەکانی سەرشان و ملی عیراق

لوقمان غەفوور
30.04.2020


باڵندە ناشیرنەکانی ئێران بەسەر شان و ملی عیراقەوە وەستاون و دەورەیان داوە. عیراقیەکانیش ئەم وڵاتە پڕ خێر و پڕ سامانەیان کردووە بە ھێلانەیەکی بۆگەنی ئەم باڵندە ناشرینانەی دوای ١٩٧٩.

کە مایک ئەچێتە بەردەمی عیراقییەکان کەسیان باسی باشی ئەم ھێلانە بۆگەنە ناکەن، تەنانەت ھەندێک جار داواش ئەکەن ئەم باڵندە ناشیرینانە لەسەر شانو ملی ئەم ھێڵانەیە شێواوە دوورخەنەوە. کە ڕۆژی ھەڵبژاردن و دەنگدانیش دێت. تێکڕا بە خۆیان و دسداشەیەکی چلکن و جوتێ شەحاتەی کۆنەوە دەستدەکەنەوە بە بنیاتنانەوەی ئەم ھێلانەیە کە ناوی عیراقە. تا بێچووی تەیرە ناشیرینەکانی تاران پشووی تیا بدەن یاخود ئەم تەیرا ناشیرینانە بەشان و ملییەوە بمێننەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە ھەمیشە ئەڵێم ئێران رزق نییە، خۆتان مەکەنە کەبشی فیدایی ئەم ڕژێمە، بەڵام کەڵکی نییە و سوودی نییە. لەو کاتەوە ھاوار ئەکەین خۆتان مەئاڵێنن لە چنگوپێی ئێرانچێتییەوە، بەڵام کەڵکی نییە.

بۆ ئەوەی بیر لەئایندەی خۆت بکەیتە، ھەر یەک ھەنگاو بیر لە مێژووی ھەندێ میللەتی دوای جەنگی دووەمی جیھانی بکەرەوە. ئەرێ بۆ بیرناکەنە، سەیرێکی قوبرس بۆ ناکەن  لە ١٩٧٤ ەوە بەشە تورکییەکەی وێران و برسی و بەشە ئەوروپییەکەی خۆشگوزەران. ساڵی ٢٠٠٨ ئەڵمانیا دەرگای خەزێنەکەی بۆ قوبرسی- یۆنانی، خستنە سەر پشت، تا ببن بە خاوەنی ھەموو خۆشگوزەرانییەک. باشە لە خۆتان نەپرسی بۆ ئەڵمانیا ئەمەی کرد؟ 

بڕۆ بۆ پێشتر لە دیوارە شەقوشڕەکەی بەرلین بڕوانە و لەبەرەی خۆرھەڵات- ی یەکێتی سۆڤیەت و بەرەی خۆرئاوای ئەمریکا بڕوانە. سەیرێکی گەشەی ھەرێمی باڤاری بکە و سەیرێکی ئابوری داتەپیوی ھەرێمی سەکسۆنیا-ی بەر لە ١٩٩٠ بکە. ئەی بۆ ئاوڕێک لە کۆریای باکور نەدەینەوە. چ جەھەنەمێکی بۆ خەڵکەکەی داخستووە و لە چ بەرەیەکی شکستخورادوودا ماوەتەوە و کۆریای باشور- یش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندندایە. 
 
کەواتە تا ئەم ھێلانەیە بۆگەن بێت و ئەم تەیرە ناشیرینانە بە سەر شانوملییەوە بن، عیراق نابێت بە عیراقێک کە ئینسانەکانی پشووی تیا بدەن. بۆئەوەی ئێمەی کوردیش نەبین بە بەشێک لەم عیراقە شانومل شکاوە ئەبێت لە ئێران و عێراق دوورکەوینەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations