عەبدولمەهدی لە (كر)ەكەی مام جەلالەوە بۆ بڕینی موچەی هەرێم

محەمەد رەئوف
26.04.2020


هاوینی 1980 عادل عەبدولمەهدی ئۆپۆزسیۆنی بەعس بوو، لە كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق ،  ماوەیەك لەگەڵ هاوڕێكانی لە بارەگای مام جەلال لە توژەڵە دەگیرسێتەوە، مام جەلال زۆر رێزیان لێدەگرێت و وا مامەڵەیان لەگەڵ دەكات كە هەست بە غەریبی نەكەن، پێیان دەڵێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەو پێشمەرگەكاندا جیانەبنەوە هەست بە جیاوازی نەكەن و نەشزانرێت كە ئێوە لێرەن نەوەكو بەعس دەستی پێتان بگات، پێویستە جلی كوردی لەبەر بكەن وەكو ئێمە، ئەوانیش زۆریان پێباش دەبێت، بۆیە نامەیەك دەنێرێت بۆ رەفیق پشدەری كە ئەوكات زەڵێ دەبێت و پێی دەڵێت پێنج (كر)ی باشمان بۆ بنێرەو باشترە هەریەكەی لە رەنگێك بێت (لە ناوچەی كۆیە بە قاتی شاڵ دەڵێن كر) كاتێك نامەكە دەگاتە دەست رەفیق پشتدەری، تێناگات مام جەلال مەبەستی چیە، یەكەمجارە وشەی (كر) دەبیستێ، نامەكە پیشانی چەند هاورێیەكی خوێندەواری دەدات، سەرو بۆری بۆ دوروست دەكەن، هەموویان پێیان وایە مام جەلال مەبەستی لە (كر) كەرە (گوێدرێژ)ە بەڵام تێناگەن بۆچی دەبێت كەرەكان رەنگیان جیاواز بێت، بۆیە لەو ناوچەیە دەگەڕێت پێنج نێرەكەری باش و رەنگی جیاواز پەیدا دەكات، بەیانیەك دەیبات لە نزیك بارەگای مام جەلال دەیانبەستێتەوە، مام جەلال لە زەڕەی كەرەكان بە ئاگا دێت و دێتە دەرەوەو دەپرسێت ئەوە چیە؟ دەڵێت مام جەلال ئەوە كەرەكانە، ئەڵێت كەری چی؟ ئەڵێت ئەی تۆ داوات نەكردبوو پێنچ كەری باشت بۆ پەیدا بكەین، ئەوە كەرەكانە، بۆ بەدڵت نیە؟
گوێدرێژەكانی رەفیق پشدەری  كاری خۆیان كردوو مام جەلال دابەشی سەر بارەگاكانی پێشمەرگەی كرد بۆ ئاوو دار هێنان، جلە كوردیەكانیشی بۆ عادل عەبدولمەهدی پەیداكرد، دوای 40 ساڵ لە بری چاوەڕەوانی ناردنی (كر) قاتی شاڵی كوردی، ئێستا ئەو (عادل عەبدولمەهدی) داوای ناردنی (250هەزار) نەوتی هەرێم دەكات.  
عادل عەبدولمەهدی لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا رایگەیاند دەستی خۆم دەبڕم بەڵام ئامادە نیم موچەی خەڵكی كوردستان ببڕم، پرسیارەكە ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی چۆن گەیشتە ئەو باوەڕەی كە دەست بۆ بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان بەرێت.
عەبدولمەهدی  لە نێوان فشاری شەقامی شیعەو بێ ئەمەكی كورددا، گیری خواردووە، شەقامێكی شیعە لە پشتیەوە فشاری لێدەكات چی دیكە موچەی هەرێم نەنێرێت لە كاتێكدا 15 مانگە موچەی ناردووەو هەرێم یەك لیتر نەوتی نەداوە بە سۆمۆ، لەبەرامبەریشدا كورد زۆر بێباكانە عەبدولمەهدی بەتەنها جێهێشت، سەرۆك كۆمار پشتی تێكردووەو هەرێمیش لەبری سوپاسكردنی لەپای 15 مانگ ناردنی موچە، بە دەرزەن پیرۆزباییان بۆ كازمی شوێنگرەوەی نارد، تاكە مەرجیشیان دانانەوەی فوئاد حسێنەو هیچی تر. 
عەبدولمەهدی لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بڕیاری خەرجكردنی موچەكەى هەرێم دەدات، بەڵام كورد بۆ هەتایە سەركردەو پشتیوانێكی دڵسۆزو سەرراستی وەك عەبدولمەهدی لەدەستدا كە یەكێك بوو لە بەرگریكارانی مافەكانی كورد لەبەغداد.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations