یەكێتی لە دوای كەرەنتین

رێبوار کەریم وەلی
13.04.2020


رەنگبێ ئێستا نێوانی پارتی و یەكێتی لە دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆ، لە خراپترین دۆخدا بێت. شەڕێكی سارد هەیە. خەڵك چاوەڕێیە كە دنیا گەرم داهات كۆرۆنا نەمێنێ، بەڵام كە گەرما كۆرۆنای برد، بە هەمان ئەندازەش ئەو شەڕە ساردە گەرمتر دەكات. یەكێتیش لە کەرەنتینی سیاسی دێتەدەر. ئاستی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی لە دوو حیزبی دەسەڵاتدار و شەریكەوە، دابەزیوە بۆ پەیوەندی شەخسی. یەكێتی كۆنگرەی كردووە، كەچی پارتی مەكتەبی سیاسی نەماوە! پێشان پارتی دەیگوت چاوەڕێی یەكێتین مەكتەبی سیاسی هەڵبژێرن، ئێستا بوونەتە جن و بسم اللە.
 
*
 
مانۆڕی سیاسیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی یەكێتی و كۆماری عێراق لە دیاریكردنی بەربژێرێكی تازە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەغدا، هەمووانی شۆك كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو دامەزراوەیەكی سەروو حیزبی، پەیوەندیی لەگەڵ هاوسەرۆكی یەكێتی، گۆڕان و حیزبەكانی دیكە كرد و پێش ئەوەی ماڵی شیعی یان سەرۆككۆمار(بەپێی دەستوور) هیچ بڕیارێكی راگەیێندراویان هەبێ، پشتیوانیی لە مستەفا كازمی كرد. سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تیرێك زیاتر لە نیشانێكی پێكا. هەولێر، بەغدا عەیار دەدات، سەرۆككۆمار موحتاجی پشتیوانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، تۆڵەی هەڵوێستی پێشوویانی بۆ هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە لە بابەتی حەمە تۆفیق عەللاوی، ئێران و ئەمریكای رازی كرد. ئەمە دیمەنی كوردستانێكی بەهێز بوو.
 
*
 
كەچی هەر لەو كاتەدا بوو كە لە بالیسان ئامبۆلانسەكان لە سنووری زۆنی سەوزەوە بۆ زۆنی زەرد، قونیان بە قوونی یەكەوە نابوو، ژنێكی دووگیانیان دەپەڕاندەوە. بە خەستەخانە راگەیشت، بەڵام منداڵەكەی مرد، چەند سەعاتێك لە حدوود ڤیزەیان پێنەدابوو!
 
*
 
هەر كەمێك ئەولاتر لە زینوی وەرتێ خەریكبوو پێشمەرگەی هاوبەش و ناهاوبەش میل لە یەكتری بێننەوە. خوا رەحمی كرد. دیسان سەرۆكی هەرێمی كوردستان فریا كەوت.
 
*
 
خەڵك هەناسەیەكی هاتەوە بەرێ، هەواڵی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی سۆشیالمیدیای تەنی. حكومەت ئاگای لێ نییە و لێكۆڵینەوە دەكات. مستەفایەكی دیكە!
 
*
 
ئەوانە هیچیان سودفە نین. زنجیرەیەك رووداون كە دەخوازێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەودوا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردن، دەست بەسەر ئەو وەزعەدا بگرێت. كورت و كرمانجی، یەكێتیی ئێستا ملكەچی ئەو پارتییەی ئێستا نابێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، هاندانی یەكێتییە بۆ دوو ئیدارەیی كە ئەوانیش لە خوایانە. ئەوەش بە حزووری گۆڕانی هاوپەیمانی پارتی دەكەن. ئیدارەی سەربەخۆ یەكەم مەتڵەبی یەكێتییە كە گۆڕانیش بەدوایان دەكەوێت.
 
*
 
هەنگاوی دووەم كشانەوەیە لە حكومەت و پەلكێشكردنی گۆڕانیش لەگەڵ خۆیاندا. ئەمە بلۆف نییە، ئەم سەركردایەتییە بۆ تەحەدداكردنی پارتی هاتووە، ئەگەر ئەوەی پێنەكرێت كەواتە مایە پووچە. بە پارتی دەڵێ:"پاڵ مەنێ خۆم دەڕۆم"!
 
*
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هێشتا دوو دۆسیەی هەستیاری كوردستان(دۆسیەی ئەمنی و پێشمەرگە)ی یەكلا نەكردووەتەوە. هەردووكیان بە قانوون لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدان. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی جێی متمانە و بڕیاری حیزبە كوردستانییەكان بێت، سەركردایەتی ئێستای یەكێتیش هەر وا لێیدەڕوانن، بەڵام گرنگە ئاسایش و پێشمەرگە نەك هەر یەكبگرنەوە، بگرە بكرێنە دوو دەزگای نیشتمانی كە بە دەر بن لە هەموو ململانێیەكی سیاسی. هاوكات پێویستە كە داواكاری گشتی و سیستەمی دادوەریش ببێتە ئەو دامەزراوەی كە بڕیارە كەس لە یاسا سەروەرتر نەبێ! رەنگبێ ئەوانە گەورەترین تەحەدداكانی بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن. ئەو كاتەیە كە سیاسەت لە كوردستان لە بەرگی ئەمنی دێتە دەر.
 
*
بۆ رێكخستنەوە و بە نیشتمانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان (لە ناو دوو كەوانەشدا دەزگای دادوەریی كوردستان) هەقە یەكێتی و پارتی تاقیبكرێنەوە. با سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بیانخاتە بەردەم ئەو بژاردەیەوە كە دەبێ وەك لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەو دوو دامەزراوەیە بە نیشتمانی بكرێن و سەر بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بن، دەزگای دادوەریش وەك یەكێك لە دەستەڵاتەكان بێت. سەربەخۆ نەك سەربە كەس و لایەنێك.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations