دەستنوێژی هەموومان بەتاڵە‌

ئیبراهیم شێخ وەسانی
12.04.2020


 (١)

مستەفا سەلیمی كۆنە پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان لە زیندانی سەقز، لە زیندان هەڵهات، دوای دەستگیركردنەوەی لەسێدارەدرا.
                                  
(٢)
ئاسایشی یەكێتی تۆمەتبارە‌ بەڕادەستكردنەوەی سەلیمی (دەگوترێ خۆی گەیاندۆتە باشووری كوردستان، لە سنووری پێنجوێن، لەلایەن ئاسایشەوە رادەستی ئێران كراوەتەوە).

(٣)
 
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی مستەفا سەلیمی پێكدەهێنێت( لیژنە پێكهێنان بۆ ئەو جۆرە رووداوانە لەلایەن حكومەتی كوردی، واتە دیزە بەدەرخۆنە كردن)

(٤)

مخابن نەشمانتوانی قەسەیەكی روون لەهەردوو لەتەكەی دیموكرات وەربگرین، كۆمەڵێك لێدوانی پێچەوانەیاندا(سوپاسی هەركەسێك دەكەم حیزبێكم لە جیهاندا بۆ بدۆزێتەوه،‌ بەقەد دوو لەتەكەی دیموكرات بێئیڕادە و شەرمن بێت لەدەربڕینی هەڵوێست).

(٥)

لەفەیسبوك شەڕ گەرمە‌، ئێمەی باشوری بووینەتە دووبەرە ( بوو بەشەڕی كۆنەقینی جەلالی و مەلایی لەیەكتر، زۆركەس كە لەسەرەتا هاوسۆزیان بۆ سەلیمی دەبڕیبوو، پاشگەزبوونەوەو، هەندێكشیان پۆستەكانیان رەشكردەوە‌‌).
رۆژهەلاتیەكانیش هاوهەڵوێست نیین ‌(بەشێكیان دەڵێن سەلیمی لەسەر دزی و سەرانە وەرگرتن گیراوه،‌ زیندانی سیاسی نیە).
                                             

(٦)

‏‎ئەو رووداوە نوكتەیەكی مەلا نەسرەدینی رۆمی بەبیرهێنامەوە، كەیەكێك لە منداڵەكانی كاتێك لەماڵەوە خەریكی نوێژی جەماعی دەبن، دەنگێكی لێوەدێ و دەستنوێژی دەشكێ، دەبێتە دەمەقاڵی لەنێوان دوو منداڵەكه،‌ هەریەكەیان ئەویدیكە بەدەستنوێژ شكان تۆمەتبار دەكات، مەلا سەیرێكی مەلاژن دەكات یێژێ تازە دەستنوێژی هەموومان بەتالبوو، تاكار بەوە نەگەیشتووە تڕەكە لەسەر من و تۆ‌ حیساب بكەن‌، واباشە بەجەماعی بچین دەستنوێژێك
 هەڵگرینەوە ........

(٧)

ئەگەر لەسەر ئەو رووداوە هەموو شتێك بڵێم، ئەو وتارە زۆر درێژ  دەبێت، سەلیمی لەسێدارە درا، دۆسیەكەشی رەنگە بۆ هەتاهەتایە ببێتە‌ مێژوێكی ناڕوون، چونكە حیزبی سیاسی كوردی و سیاسیەكانمان جورئەتی داننان بەخیانەتكاری و تۆماركردنی راستیە‌‌كانیان نیه،‌‌ حیزبێكی چەكداری باشور نەبووە و نیە، كوردانی رۆژهەڵات بۆ رژێمی ئێران نەكوژێ، بەڵام هەموویان حاشای لێدەكەن، راستیە‌ تاڵەكە كە زۆرێك حەز بەگوتنی ناكەن، ئەوەیە كە جاشایەتی و خیانەتكاری پیشەی زۆربەی حیزبی كوردی یان روونتر بڵێم تاكی كوردە، مێژوومان رەشه، بۆیەكتری زۆر ئازاین و، لەبەرامبەر دوژمن بچوك، بۆیە هیچكات‌ ئەوڕۆمان باشترنیە لەدوێنێ، رۆمی گوتەنی دەستنوێژی هەموومان بەتالبووه،‌ واباشە بەجەماعی بچین دەستنوێژێك
 هەڵگرینەوە ........

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations