لەهەولێر كوردانی باكور رادەستی توركیا دەكرێن

سەرتیپ جەوهەر
11.04.2020

- بەشێك لەوانەی دەستگیركراون یان بۆ رۆژئاوای كوردستان یان بۆ سلێمانی رادەگوێزرێن

هەوڵدانی میتی توركیا بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی لەقوڵایی خاكی كوردستان، تەنها چالاكییەكی ئەو دەزگایە نەبوو، لەباشوری كوردستان ویستبێتی جێبەجێی بكات، بەڵكو درێژكراوەو لێكەوتەی ئەجێندایەكی زۆر فراوانتری رژێمی توركیایە لەباشوری كوردستان.

جموجۆڵی رژێمی توركیا لەباشوری كوردستان لەماوەی 25 ساڵی رابردوو بەردەوام بەشێوەیەكی بەرفراوان بونی هەبووە، بەڵام لەدوای هاتنی داعش و دواتر ئینقیلابەكەی 2016 ئەوەندەی دیكە زیاتر بووە، چونكە لەچوارچێوەی قانونی باری نائاسایی رێوشوێنی توندو نامرۆڤانە بەرامبەر نەیارانیان جێبەجێدەكەن و بەشێك لەو رێوشوێنانە گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان، تەنانەت بنكەو بارەگاكانیان زیاتركرد، بەپێی زانیارییەكانی لە میدیاكانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، ئێستا بنكەكانی میت و جەندرمەی تورك 18 بنكەیەو هەمویان لە سنوری هەولێرو دهۆكن.

هەڵسوكەوتی كونسڵخانەی توركیا لە هەرێمی كوردستان، لەهەڵسوكەوتی كونسڵخانەیەكی ئاسایی ناچێت، بەڵكو ناڕاستەوخۆ لەدەزگایەكی ئەمنیی دەچێت دژ بەكوردانی باكور، هەندێجار جموجۆڵی دەزگا ئەمنییەكانی توركیا لە كوردستان دەگاتە ئاستی كاری تیرۆریی، باشترین بەڵگە، هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی ئەمنی بوو لە سنوری سلێمانی (دوكان)، كە پێدەچێت پلانی تیرۆركردنی كەسێكی باڵای پەكەكە بوبێت.

ئەوەی گرنگە خستنەرووی چەند زانیارییەكی نوێیە لە باشوری كوردستان، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، كونسڵخانەی توركیا لەهەولێر، داوای لەسەر دەیان كوردی لەدادگاكانی هەولێر تۆماركردووە بەتۆمەتی تاوان (جینائی)، واتە ئەوكەسانە تاوانیان كردووە، لەكاتێكدا ئەوانەی داوایان لەسەر تۆماركراوە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و نا مرۆیی رژێمی توركیا بەرەو باشور رایانكردووەو لەباشور نیشتەجێبون، لەكاتێكدا زۆربەی ئەوانەی داوایان لەسەر تۆماركراوە، رێكخستنی هەدەپ یان پەكەكە بوون و لەترسی راوەدونانی دامودەزگا ئەمنییەكانی توركیا رایانكردووە لەباشوری كوردستان نیشتەجێن، هەروەها لەوە خراپتر بەشێك لەوانە لەزیندانەكانی هەولێرن، كونسڵخانەی توركیا داوا دەكات رادەستی رژێمی وڵاتەكەی بكرێتەوە.

ئەو رێوشوێنە ئەمنییەی كونسڵخانەی توركیا لەباشوری كوردستان دەیگرێتەبەر، جێی دڵەڕاوكێیە بۆ كوردانی باكور! ئێستا هەر كوردێكی باكوری كوردستان سەردانی كونسڵخانە بكات و مامەڵەی نوێكردنەوەی رەگەزنامە یان دەركردنی پاسپۆرت یان هەر مامەڵەیەكی قانونیی تایبەتیی هەبێت، داوای پشتگیریی موختاری گەڕەكی لێدەكەن. مەبەست لەم رێوشوێنە زانینی شوێنی هەموو كوردێكی باكورە لەباشوری كوردستان، لەكاتێكدا كونسڵخانە بەپێی قانون بەهیچ شێوەیەك مافی داواكردنی نوسراوی موختاری گەڕەكی لەهیچ كەسێك نییە، ئەم داوایە بەشێكە لەڕێوشوێنی ئەمنی بەرامبەر كوردانی باكورو زانینی شوێنی نیشتەجێبونیانە لە باشوری كوردستان.

یەكێكی دیكە لەو رێوشوێنە ئەمنیانەی گرتویانەتەبەر، هەر هاوڵاتییەكی باكوری كوردستان ئەگەر داوای نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكەی بكات لە كونسڵخانە، دوای لێكۆڵینەوە ئەگەر گومانیان لێكرد ئەوا پاسپۆرتێكی پێدەدەن ماوەی كاركردپێكردنی یەك هەفتەبێت و تەنها بۆ گەڕانەوە بۆ توركیا بەكاربێت، ئەمەش بۆئەوەیە ئەوكەسە بگەڕێتەوە باكوری كوردستان و لەوێ‌ دەستگیری بكەن.

ئەو هەیمەنەو بونەی توركیا بەسەر باشوری كوردستان، لەوە زیاترە كە ئێمە دەیبینین و هەستی پێدەكەین، دەتوانین بڵێین رۆچۆتە ناو بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان.

باشترین بەڵگە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو دەیان هاوڵاتی باكوری كوردستان لە شاری هەولێرو دهۆك، بەگومانی پەیوەندی سیاسی و هەندێجار یان هۆكاری نادیار، بۆ رۆژئاوای كوردستان یان سلێمانی راگوێزراون، ئەوانەی راگوێزراون زۆربەیان یان بەهۆی كاری سیاسی و لەترسی رژێمی توركیا هاتونەتە باشوری كوردستان و لێرە نیشتەجێبون. ئەوەی زۆر جێی داخە ژمارەیەكی زۆریان دوای ئەوەی دەدۆزرێنەوە لەلایەن دامودەزگا سیخوڕییەكانی توركیا كونسڵخانەی توركیا لەڕێی دادگاكانی هەولێرەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكات و دەستگیردەكرێن و پاشان تەسلیم بەتوركیا دەكرێنەوە.

كەنعان دەمیر یەكێكە كە لەهەولێر راگوێزرابوو، وەك خۆی ووتی لە 2011 وە لەهەولێر نیشتەجێ بوو، چێشتخانەیەكی لەسەر رێی كەسنەزان دانابوو، لەلایەن ئاسایشی پارتی بۆ چەند رۆژێك دەستبەسەر دەكرێت و دواتر دەیبەنە سەر سنور بەرامبەر باكورو رۆژئاوای كوردستان، لەوێ‌ هەموو دیكۆمێنت شەخسییەكانی لێ دەستێنن و پێی دەڵێن باكور (توركیا) یان رۆژئاوای كوردستان هەڵدەبژێری، ئەویش دەڵێیت رۆژئاوای كوردستان! ئیدی بەزۆر كەنعان رەوانەی رۆژئاوای كوردستانی دەكەن! ئێستا كەنعان لە قامیشلۆ دەژیت و لەبارودۆخێكی زۆر خراپدایە، قسەم لەگەڵ كرد، ووتی بەداخەوە ئێمە لەترسی فاشیزمی تورك لەباكور رامانكرد، كەچی لەباشور روبەرووی چی بوین؟! پێی وابو دەركردنی ئەو پەیوەندی بەگوشارەكانی رژێمی توركیاوە هەیە لەسەر كوردانی باكور، بەتایبەت ئەندامانی هەدەپ، ووتی كارتی مانەوەو پاسپۆرت و پارەو هەرچی دیكۆمێنت هەیە لێیان وەرگرتین و بەجلی بەرمانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستانیان كردین!

بوهار یەكێكی دیكەیە لەوانەی ماوەیەكی درێژ لەهەولێر نیشتەجێ بوو هەر لەگەڵ كەنعان بۆ رۆژئاوای كوردستان راگوێزران، هاوڕێی كەنعان بوو، ئەویش دەستگیردەكرێت و بەرەو رۆژئاوای كوردستان رادەگوێزرێت، ئێستا لە لەرۆژئاوای كوردستان نیشتەجێیەو لەبارێكی خراپدا دەژیت، ئەوان دەیانووت تەنها ئەوان نین بەزۆر لە هەولێرو دهۆك راگوێزرابن، بەڵكو خەڵكێكی زۆر لەلایەن ئاسایشی هەولێرو دهۆكەوە راگوێزراون.

یەكێكی دیكە بەناوی (م، سانسار) خاوەنی سێ‌ منداڵ بوو، ماوەیەكی درێژبوو بوو لەباشور بوو، ژنەكەی خەڵكی باشوری كوردستان بوو، ئەندامی پارتی گەلانی هەدەپ بوو، لە ناوەڕاستی 2016 لەلایەن ئاسایشی زاخۆ، بەزۆر رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرابوو، ژن و منداڵەكەیشی لەزاخۆ مابونەوەو نەیاندەتوانی بچنە رۆژئاواو لەبارێكی دەرونی زۆر خراپ و ناسەقامگیربوون.

(م. ز)، كوردێكی دیكەی باكور بوو، قسەم لەگەڵ كرد ووتی ئێمە لە سەنتەری شاری هەولێر لەنزیك بازاڕی نیشتیمان كارماندەكرد، ئەندامی هدەپ-ین، رۆژێك ئاسایش هات و بەبێ‌ لێپێچینەوەو بەبێ‌ ئەوەی بزانین هۆكارەكەی چییە، من و هاوڕێیەكمیان بەناوی (ع، م) راپێچاو لە دێگەڵە ئازادیان كردین و ووتیان بڕۆن لە سلێمانی بژیین. ئێستا من و ئەو هاوڕێیەم لە سلێمانی دەژین و لەبارودۆخێكی زۆر خراپداین، چونكە كارمان لەدەستداو پارەیەكی ئەوتۆشمان نەبوو تا بتوانین بكەوینەوە سەرپێ‌.

لێرە من پرسیارێك دەكەم، بۆ لەدێگەلە ئازادی دەكەن؟ بۆ ئەودیوی دێگەڵە ووڵاتێكی دیكەیە؟ ئەمە یەكەمجار نییە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر خەڵك دەبەنە دێگەڵەو لەوێ‌ بەزۆر رەوانەی سلێمانیان دەكەن، وەك ئەوەی سلێمانی ووڵاتێكی دیكە بێت و هەولێریش ووڵاتێكی دیكە بێت! لەگەڵ ئەوەی دێگەڵە نیشانەی دوو ئیدارەیی بووە لەكوردستان، هاوكات ئەو سنورەیە كە كوردانی باكوری لێ‌ دەربەدەر دەكرێت و بەدڵنیاییەوە دێگەڵە ناونیشانی چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە بۆ نەوەكانی داهاتوومان.

ئەمانەی سەرەوە بەشێكن لە راستییەكان، بەدڵنیاییەوە چیرۆكی زیاترو زۆر بەئازارتر هەیە، بەتایبەت رژێمی توركیا هەوڵدەدات لەڕێی پۆلیسی ئینتەرپول بەتۆمەتی جینایەتكردن و تاوان كوردانی باكور لە هەولێر دەستگیربكات، ئەو تۆمەتانەی دەخرێتە پاڵ ئەوانەی ئەندامی هادەپ یان ئەندامی پەكەكە بوون و ئێستا لەباشوری كوردستان نیشتەجێن، لەلایەن داواكاری گشتیی لەتوركیا تۆماركراوە كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەمیت و دامودەزگا سیخوڕییەكانی توركیاوە هەیە!

ئەوانەی لێرەن گرفتی سیاسییان هەیەو رژێمی توركیا دەیەوێت بەتۆمەتی تاوان و جینایەتكردن سكاڵایان لەدژدا تۆماردەكات و لەڕێی بڕیاری دادگاكانی هەولێر دەیانباتەوەو لەوێ‌ زیندانیان دەكات.

مەتین بایدار كە كوردی باكورەو لەیەكێك یانەكانی شاری مێرسین لەگەڵ گۆرانیبێژێكی تورك دەبێتە دەمەقاڵێی لەسەر ستران و گۆرانی كوردی و گاڵتەپێكردنی لەلایەن گۆرانیبێژە توركەكەوە، لەلایەن مەتینەوە پەلاماردەدرێت و چەند فیشەكێكی لێدەدات.

مەتین رادەكاتە شاری هەولێرو لە 2ی حوزەیرانی 2017 دەستگیردەكرێت و پاشان لەلایەن دادگای هەولێر بڕیاری رادەستكردنەوەی توركیا دەدرێت. بەپێی سایتی حوڕییەتی توركیا لەئۆپراسیۆنێكی هاوبەش دەستگیركراوەو لەساڵی 2018 رادەستی توركیا كراوەتەوە.

كونسڵخانەی توركیا لەهەولێر لەڕێی پارێزەرێكەوە بەناوی (شاد جەودەت عەلی ئاغا) كاروبارەكانیان بەڕێدەكەن و ئەو پارێزەرە وەكیلی كونسڵخانەی توركیایە لە سكاڵاو داواكانی دادگاكانی هەولێر.

شاهیمەردان ساری یەكێكی دیكەیە لەدژەكانی ئەردۆغان و بەرلەچەند ساڵێك روو لەباشوری كوردستان دەكات و لەتوركیا تۆمەتبار كرابوو لەلایەن دادگاكانی ئەو وڵاتە. ماوەیەك لەهەولێر دەمێنێتەوەو دواتر لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەكانی هەولێر دەستگیردەكرێت و دواتر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستی توركیا دەكرێت. لەتوركیا تۆمەتی تیرۆری خرابویە پاڵ و حوكمی 12 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو هەروەك رۆژنامەی سۆزجوو باسی دەكات و دەڵێت لەڕێی فرۆكەخانەی ئەتاتورك لە شوباتی 2018 رادەستی توركیا كراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان چەندین ساڵە كونسڵخانەی توركیا بەشێوەیەكی نهێنی بەدوای ئەوكەسانەیە كە خۆیان دەیانەوێ‌ دەستگیریان بكەن، بەتایبەت ئەوانەی لەتوركیا بەهۆی كاری سیاسییەوە رایانكردووەو لەوێ‌ تۆمەتی جینائیان بۆ دروستكراوەو كونسڵخانەی توركیا لەڕێی دادگاكانی هەولێرەوە ئەو كەسانەوە دەستگیردەكات كە خۆیان مەبەستیانە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations