‎دەزگای خێرخوازی بارزانی چی دەكات؟

ئاران غەفوور
10.04.2020

‎دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە ڕاستەوخۆ خاوەنداریەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مەسرور بارزانی، نزیكەی ٦٠٠ كارمەندی دامەزراوی هەیە و ١٢ كامپی پەنابەرانیش بەڕێوە دەبات، لە زۆنی زەرددا زۆرینەی چالاكی و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانی قۆرخكردوە و تەنها دەبێت لەژێر ناوی ئەو دەزگایە چالاكی و هاوكارییەكان بكرێت، مشتێك لە خەرمانی ئەم دەزگایە باس دەكەم.

‎باج و سەرانە، بەناوی بەخشینەوە...
‎داهاتی ئەم دەزگایە تا ئەوپەڕی جێگومان و شایەنی قسە لەسەركردن و لێكۆڵینەوەیە، بەگشتی ئەم دەزگایە پشت بە چەند سەرچاوەیەكی داهات دەبەستێت
‎*بانكەكان
‎لە سنوری زۆنی زەرددا هەر سەرمایەدارێكی نزیك لە پارتی پارەكانی لە بانكەكانی هەولێر و بانكی كوردستان دابنێت، ناچاركراون بەوەی بەشێك لەو پارەیە ببەخشن بە دەزگاكە، تاكو دواتر لەژێر ناوی دەزگاكەدا ئەم پارانە بەكار بهێنن، دەیان سەرمایەداری شاری هەولێر و زۆنی زەرد جگە لە سەرانە و باج ئەم پارەیە وەك هیچ شتێكی تر سەیر ناكەن.

‎*هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان


‎تەواوی ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەی پێشكەشی كوردستان دەكرێت، لەڕێی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ حاڵەتە لەناكاوەكان و پەرەپێدانی دیموكراسییەت و پەروەردەی و كۆمەڵگەی مەدەنی، سەرجەمیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و حوكمەتی هەرێمەوە دەدرێت بەم دەزگایە، زۆرینەی ئەو خۆبەخشانەی لە كامپەكان دەوام دەكەن كە لەژێر دەستی ئەم دەزگایەن موچەیان لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەدرێت، بەڵگە بۆ ئەمەش نوسراوی فەرمی وەزیری ناوخۆیە لە ڕۆژی ٢٧/٢/٢٠١٧ كە داوا لەUNHCR  ‎ دەكات گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، پێشكەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی بكات و ئەو دەزگایە گرێبەستەكە بەڕێوە ببات، كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی ڕێنماییەكانی خودی وەزیری ناوخۆیە.

‎دەزگاییەك تەنها بۆ لۆگۆ!

‎زۆرینەی ئەو هاوكارییانەی لەلایەن ئەم دەزگایەوە پێشكەش دەكرێت سەرجەمی پێداویستیەكانیان لە كۆگاكانی حوكمەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەهێندرێن، یاخود وەك ئاماژەم پێدا لەلایەن سەرمایەدار و خێرخوازەكان، یان لەلایەن ڕێكخراوەنێودەوڵەتییەكانەوە دابین دەكرێن، ئەم دەزگایە تەنها لۆگۆی خۆی لێدەدات و بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی هاوكارییەكان تەنها بۆ لایەنگرەكانی پارتی دیموكراتە.

‎دەزگایەك بۆ ساغكردنەوەی خۆراكی ماوەبەسەرچو و بڵاوكردنەوەی ژەهر!

‎ئەم دەزگایە بریكاری سەرەكی كۆكردنەوەی خۆراكی ماوەبەسەرچووە، ژەهریش بە منەتەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكات، بۆ ئەمە دوو ڕوداو باس دەكەم
‎یەكەم: لەكۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٦ و سەرەتای ٢٠١٧ دا كوردستان لەناو قەیرانێكی قوڵی ئابوری و سیاسیدا بوو لەسەر دەستی خاوەنی ئەم دەزگایە و بەرپرسە حزبییە قۆرغكارەكانی، خوێندكارەكانی بەشەناوخۆییەكانی زانكۆ بارودۆخێكی خراپیان هەبوو، ئێمە سەرقاڵی كۆكردنەوەی هاوكاری بوین بۆ ئەو خوێندكارانە لە لایەن بەرپرسێكی پارتییەوە ئاگادار كراینەوە كە خۆراك بۆ هەزار خوێندكار دابەش دەكرێت، بەرپرسێكی پارتی بە تەلەفون قسەی لەگەڵ خۆم كرد كە ڕێگری نەكرێن لە  شاری سلێمانیدا، ئێمە هیچ كێشەمان نەبوو كێ هاوكاری ئەنێرێت، كاتێك خۆراكەكان گەیشتە سلێمانی و هاوڕێیەكی خۆمان تەماشای ماوەی بەسەرچونەكەی كرد و بینی تەواوی خۆراكەكان ماوەكەی بەسەرچوبو و بۆ بەكارهێنان مەترسیدار بوو، دوای ئەمە خۆراكەكانیان بۆ گێڕدرایەوە و بەرپرسانی زانكۆش ئاگاداركرانەوە.

‎دووەم: هاوڕێیەك ڕۆژێك بە ڕێكەوت لە فڕۆكەیەكدا كەسێكی عەرەب لەتەنیشتی دادەنیشێت و گفتۆكانیان دەگاتە سەر باسی ئەم دەزگایە، من تەواوی گفتوگۆكە وەك خۆی دادەنێم:

‎ماوەیەک لەمەوبەر لە فڕۆكەیەكی ئیماراتدا بووم، بەرەو ولاتێکی ئەوروپی دەڕوێشتم، کابرایەکی عەرەب لە تەنیشتم بوو، کە گوتم من کوردم، ئیتر کەوتینە قسە کردن، ئەویش یەکسەر کەوتە باسی ماڵی بارزانی و دەسەلاتی کوردی لە هەولێر..

‎دوای کەمێک گوتی من لەو دەزگایە کار دەکەم، کە خێری وڵاتانی خلیج کۆ دەکاتەوە و دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان!

‎وتم: بۆستە تۆ سەعاتێکە باسی دەسەڵاتی کوردی و نەوت فرۆشتن و غاز فرۆشتنم بۆ دەکەیت، ئێستا چۆن ئێوە خێر بە کورد دەکەن؟

‎گوتی: حبیبی، تۆ باش لە شتەکان نەگەیشتویت!

‎گوتم: فەرمو تێم بگەیەنە، قسەکانت بکە.

‎گوتی: ئەو دەزگا ئیماراتییە، خواردنێک کە خەریکە بەسەر دەچێت لە مەخزەنەکان، ناتوانن ساغی بکەنەوە ئەوانە دەینێرنە کوردستان، پێشتر بۆ ئەفەریقا و وڵاتانی هەژار و برسیان دەنارد، ئیستا لە ژیر ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەینێرن و ئەو دەزگایەش بڵاوی دەکەنەوە بەسەر خەڵکدا، بەڵام ئەو شتومەکانە هیچ پەیوەندی نییە نە بە ماڵی بارزانی و بە حکومەتی کوردییەوە،  ئەوە سوال و یارمەتی خەلیجە لەگەڵ ئەو شتانەی کە کۆن دەبن و ماوەیان بەسەر چووە، یان خەریکە بەسەر دەچێت و دەینێرنە کوردستان،  ماڵی بارزانیش هەر دەمێکە لە ژێر ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا بڵاوی دەکەنەوە.

‎منیش پرسیم: باشە لە پای چی ئێوە ئەو کارە دەکەن بۆ یارمەتییەکە نانێرن بۆ سۆماڵ یان یەمەن یان سودان کە وڵاتانی برسین؟

‎گوتی: پرسیارێکی جوانت کرد... ئێمە ئەو شتومەکانە وەکو خێر دەنێرین و ماڵی بارزانی وەریدەگرن، لەبەرامبەردا سەد هێندەمان بۆ دەگەڕێتەوە، هەر پڕۆژەیەک هەبێت لە کوردستان و ئێمە بمانەوێت بیکەن بێ ڕکابەر دەتوانین بە دەستی بهێنین و بنەماڵەی بارزانی، وەكو ئەو ناوی دەهێنان، بە (عائلة بارزانی و اولادە) یارمەتی بەدەستهێنانی ئەو پرۆژانەمان دەدەن و پارەیەکەی خەیاڵی قازانج دەکەین.

‎کەواتە ئێمە ئەرزاقی کۆن دەکەینە خێر و لە بەرامبەردا سەد هێندەی نرخی ئەرزاقەکان پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە..

‎كۆتایی

‎ئەمەی نوسراوە بەشێكی كەم لە كار و كردەوەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بوو، چەندین نهێنی دیكەش هەیە بەڵام لەبەر كەمی دەرفەت درێژەی پێنەدراوە لە داهاتودا ئەوانی دیكەش بە قۆناغ ئاشكرا دەكەین و قسەی لەبارەوە دەكەین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations