قەلەم مۆتەکەی دەسەڵات!

بەدران محێدین
07.04.2020


بۆچی تەنها جارێک ناتوانن سەردەمیی بن، حوکمڕانی و ترس ڵە قەڵەم چۆن دەکرێ؟! کاتێک ئێوە سوپایەک لە (جاش قەڵەمتان) ھەیە، بۆ ھانا بۆ چەک و کەلەپچە دەبەن،؟! تاکەی دەتانەوێت بە درێژەدان بەو سیایەتە بەردەوام بن؟! تاکەی بەھیوای کپکردنی دەنگی هەق کارئەکەن؟! نان و ژیان و ئازادیتان لێ بردووین، دەتانەوێت قەڵەمەکانیشمان ببەن؟! تاکەی ئەم زەبر و ھێز و کارە قێزەوەنانەتان بەردەوام دەبێت؟! ھەڵکوتانە سەرمان لە نیوەی شەو بەعس ئاسا; نیشاندانی ڕووی راستەقینەی خۆتانە، درێژەدان بەو مافیاگەریە، ئەنجامی باشی نابێت. ئێمە بڕیاری بەردەوامبوونی شەڕی ماف و ئازادیمان داوە، ئێوەش بەردەوام بن لە هەوڵتان بۆ بێدەنگ کردنمان، بەڵام دڵنیابن نە بێ ھیوا دەبین نە ماندوو. ئێمە دوو رێگامان لەبەردەمە، ئازادی و ئازادی، مۆتەکەی ئێوە لەم ئازادیە ئێمەین، بووین بە دێوێک شەوانە لە خەو راتان دەچەڵکێنێت، رێگریتان لەو ئازادیەی ئێمە سەرکەوتووتان ناکات، بگرە بە ئەنجام دەبن بە پەند بۆ مێژوو وەک صەدام و هاوشێوەکانی.

شەھید سەردەشت عوسمان وتەنی:
 نە باکمان بە مردنە و نە بە ئازاردان، لە چاوەڕوانی مردنداین تا بە دیداری بکوژەکانمان بگەین، دوعاش دەکەین مردنێکی تراژیدیامان پێ ببەخشن شایستەی ژیانە تراژیدیاکەمان بێت، ئێوە چارەگە سەدەیەک بوون بە بار بەسەر ئێمەوە، ئەوەی سەرتان بۆ نەلەقێنێت بە دوژمنی دەزانن، ئەوەی بە ڕوتان بووەستێتەوە و بڵێت؛ نەخێر، ئێوە ھەوڵی لەناو بردنی دەدەن، ئێوە فێری ژیانی فیرعەونی بوونە و ناتانەوێت کەسێک بە ڕوتان ھاوار بکات و بڵێت: کوا مافمان و کوا ژیانمان؟!

 دەتانەوێت میللەت تەواو مەڕ ئاسا بێ دەنگ بێت لە ئاست ئەو ھەموو نا یەکسانی و نادادپەروەرییە.
 دڵنیابن نە ژیانی فیرعەونی و نە حوکمڕانی بەو شێوەیە ناتوانن بەردەوامبن.

فەلسەفەی حکومداری ئەوە نیە بە قات و ڕیباتی مارکەوە لەبەر دەم کامێراکان لەنجە بکەن و بە جیھانی دەرەوە بڵێن ئێمەش بوونمان ھەیە، فەلسەفەی حکومڕانی کردارە کردار، ئێوە بە رووکەش و قسەی بریقەدار ھیج کێشەتان نیە، بەڵام لە راستیدا ئێوە سوکایەتی بە ھەموو کایەکانی حکومڕانی دەکەن، ئێوە ھەموو یاساکان شەرمەزار دەکەن و ھەرچی بێ رێزی ھەیە بەرامبەر بە یاسا دەکەن، ئەگەر ئێمە داوای ئازاد و مافمان بکەین بە یاسا و پیاوەکانتان کە ناوتان ناوە دادوەر ئەوە ھەوڵی بێ دەنگ کردنمان دەدەن، بەڵام ئەوەی بە رۆژی ڕوناک رۆژنامەنووس دەکوژێت لە ھەڕەمی دەسەڵاتە، ئەوەی رۆژانە نیشتیمان دەفرۆشێت و ئەتکی دەکات ناوی سەرۆکە، ئەوەی لەسەر فول لایتێک گەنجێکت خێر لە خۆ نەدیوو دەخاتە ژێر سەیارەکەی پیاوی خۆتانە و یاسایی بۆ درێژ و کورت دەکەنەوە، ئەوەی مامۆستایە بەر شەق دەدەن کە داوای لەتێک نان دەکات، ریشی ئەو پیاوە ئاینیە دەسوتێنن کە حەق بێژە، ئەو مامۆستا ئاینیە خەڵتانی خوێن دەکەن کە باسی کارە قێزەونەکانتان دەکات، ئێوە رۆژانە ناشیرین و ناشیرین و ناشیرینتر دەبن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations