زۆنی سیخۆڕیی!

بەدران محێدین
27.03.2020


گەورە نووسەری عێراقی کەنعان مەکییە دەڵێت: بەعسیەکان دوای کودەتاکەی سەر حکومەتی عەبدولکەریم قاسم و سەرەتای دەسەڵاتیان لە عێراق بە شێوەیەکی زۆر ورد کاریان لەسەر ترس و تۆقاندنی خەڵک دەکرد، ھەمیشە لە ھەوڵی ترس و دڵەراوکێی خەڵک بوون، ئەمەشیان تەنیا بۆ توندکردنی جڵەوی دەسەڵاتی خۆیان بوو، لە شەقامی عێراقی و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، بەعسیەکان لەسەر دوو کەس سێ سیخوڕیان ھەبوو، ئەمەش وای کردبوو تەواوی پارێزگاکان کۆنترۆڵ بکەن، بە ھەموو جۆرێک کاریان لەسەر چاودێریکردنی خەڵک بوو؛ بگرە متمانەیان بە خودی ئەندامە کاراکانی خۆشیان نەبوو، ھەموو ئەندامێک سیخوڕبوو بەسەر ئەندامێکی تری حزبی بەعس.

لەدوای ٣١ی ئابەوە، پارتی لەو دەڤەرە و بە تایبەت ھەولێر بە ھەمان شێوەی حزبی بەعس دەیەوێت سنگی دەسەڵاتی خۆی دابکوتێت، لە ھەموو گەڕەکێک و کۆڵانێک کار لەسەر ئەوانە دەکات کە پارتی نین، کاری سیخوڕیی پارتی لەژێر ناوی ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەندە بچووک بۆتەوە چاودێری مێوان و جۆری خواردنی ئەوانەش دەکەن کە پارتی نین، ناونیشانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەو بودجە زەبەلاحەی ھەیەتی تا نووسینی ئەم وتارەش نەیاتوانیوە سودێکی نیشتیمانیان ھەبێت، ئەنجومەنی ئاسایشەکەی پارتی ھەرچی ئاسایشی ووڵاتان ھەیە ناشرینی کردووە.

خوالێخۆشبوو جەوھەر نامیق وتەنی؛ حەق وایە ھەرچی حکومەتی دونیا ھەیە سکاڵا لەسەر حکومەتی ھەرێم تۆمار بکات چونکە حەیایی حکومەتی ھەموو دونیای بردووە، حکوم کردن لە ژێر ئەو سیاسەتە رەنگە بۆ کاتێکی دیاریکراو بتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام ھیچ دڵنیابوونێکی دوورمەودا نیە، لەگەڵ ھەر گۆڕانکاریەکی ناوچەیی و ئیقلیمی تەواوی حکومەتەکە بەرەو شکست دەچێت، حکومەتەکەی مەسرور بارزانیش زۆر بێباکانە بەردەوامە لەسەر سیخوڕیکردن، ھەموو ئەندام و کادیری حزبەکانی تر رۆژانە راپۆرت و نووسراویان لەسەر دەنووسرێت، بۆ بەردەوامبوونی ئەم سیخوڕییەش پارەیەکی خەیاڵیی تەرخان دەکەن کە قووت و مافی تاک بە تاکی ئەو میللەتە بێ مووچە و بێ پارەیەیە. ئێمە خۆزگەمان دەخواست تەنیا بۆ جارێکیش بێت بتوانن ئەمن و ئاسایش بۆ پارێزبەندی خەڵک بێت بەڵام بەداخەوە ئەوە تەنها خواستە.

 بەردەوامیدان بەو سیاسەتە سیخوڕیە تا نیوەی رێگاکەشیان نابات، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر کاری رۆژانەمان و پابەندی بەھا نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان، با ئەوانیش بەردەوام بن لەسەر سیخوڕییان.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations