زیندانی‌ و كۆرۆنا

ئەحمەد میرە
22.03.2020

یه‌كه‌م به‌ریه‌كه‌كه‌وتن له‌ گه‌ڵ‌ دیارده‌ ناخۆشه‌كاندا، ئێجگار گران و قورسه‌، به‌ڵام مرۆڤ چۆن سود له‌ كرده‌ی‌ (له‌ بیرچوونه‌وه‌) ده‌بینێت بۆ له‌ بیركردنی‌ ناخۆشییه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ڕاهاتن له‌ گه‌ڵ‌ دۆخه‌ ناخۆشه‌كاندا یه‌كێكه‌ له‌ سروشته‌ باشه‌كانی‌ مرۆڤ.

یه‌كه‌م جار كه‌ له‌ ده‌رگای‌ زیندان ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌یت كۆتایی‌ دونیایه‌، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ دۆخی‌ ژیانت به‌ پێی‌ بارودۆخی‌ زیندانه‌كه‌ت ده‌گونجێنی‌، چه‌ند جارێك به‌ هۆی‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ده‌رگاكانی‌ زیندانم بۆ كراونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زیندانی‌ تاكه‌ كه‌سیشم بینیوه‌، زیندان وه‌ك (ماغوت) ده‌ڵێت به‌ ژماره‌ی‌ كاتژمێر و رۆژ و هه‌فته‌ و مانگ و ساڵه‌كان ناپێورێت، به‌ڵكو زیندان شكاندنی‌ روحی‌ مرۆڤه‌، به‌ڵام دواجار زیندان قوتابخانه‌یه‌كی‌ سه‌یره‌ ده‌توانیت فێر بیت ئه‌گه‌ر كتێبه‌كانیش نه‌بن، جیهان و ژیان بیخوێنیته‌وه‌، زۆرێك له‌ نوسه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ دونیا، زیندان فێری‌ كردن جوانتر بنوسن و گه‌وره‌تر بن، چونكه‌ هه‌میشه‌ ته‌نهایی‌ چێژی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و به‌های‌ مرۆڤ له‌ ژیاندا. نه‌ك زیندان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ مرۆڤ ده‌خه‌نه‌ دۆخی‌ ته‌نهاییه‌وه‌ بۆ مرۆڤ گرنگن، به‌شی‌ زۆری‌ زانا گه‌وره‌كانی‌ ئیسلام ده‌ڵێن زۆربه‌ی‌ كتێبه‌ گه‌وره‌كانیان له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا نوسیوه‌ له‌ كاتی‌ خۆدورگرتن له‌ خه‌ڵكی‌.

دۆخی‌ كه‌ره‌نتینه‌ (هه‌ڵاوگیر)ی‌ سه‌ڕه‌رای‌ مه‌ترسییه‌كان ده‌بێت فێرمان بكات كه‌ ژیان زۆر شتی‌ ناخۆش و پڕ ئازاری‌ تێدایه‌، پێویسته‌ له‌ گه‌ڵیاندا رابێین و بوارێكی‌ باش بۆ سه‌ر له‌نوێ‌ خۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ خۆمان.

دوای‌ ته‌واو بوونی‌ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌لێك نوسه‌ر دێن پێمان ده‌ڵێن: ژیان له‌ سه‌رده‌می‌ كۆرۆنادا، یان خۆشه‌ویستی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ كۆرۆنادا، یان سه‌هۆڵه‌كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ كۆرۆنادا ...هتد

ده‌با تۆ یه‌كێك بیت له‌ وانه‌ی‌ بنووسیت من له‌ سه‌رده‌می‌ كۆرنادا ...

گه‌نجه‌كانی‌ ئێمه‌ زیندانیان نه‌بینیوه‌، ته‌نانه‌ت ژیانی‌ سه‌ربازیشیان نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌م دۆخه‌ بقۆزینه‌وه‌ تا به‌ جۆرێكی‌ دی‌ دوای‌ ئه‌م قۆناغه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ‌ ژیاندا بكه‌ین، كه‌واته‌ هه‌وڵی‌ خۆراهاتن له‌ گه‌ڵ‌ بارودۆخه‌كه‌ بده‌ین و ناڕه‌حه‌تیه‌ ده‌رونییه‌كانتان به‌شته‌ به‌سوده‌كان تێپه‌ڕێنن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations