کۆرۆنا لە چین کەوتووەو کوننەکەی لە ئێران و سعودیە دڕاوە!

ماجد خەلیل
12.03.2020


سێرچی سەرچاوەگەلێکی باوەڕپێکراوی بواری تەندروستیم کرد، کەم تازۆر تاومدایە تەواوی کەناڵە نێوخۆییەکانی لای خۆیشمان، ئەوە ئەوانەی دەوروخولی خۆمان، بەتایبەت ئێران هەر مەپرسە، سوئالیشم لە چەند پزیشکێکی پسپۆڕکرد، راشکاوانە پێتانبڵێم، ڕاژەندنی ئەم مەشکەی کۆرۆنایە، کەرێیەکی وەهای تێدایە کە پیاوترین پرسیار هەڵدەخلیسکێنێ و وەڵامەکەی بە تونی بابادا دەبا.
هێشتا ڤاکسینی دژە ڤایرۆس نەدۆزراوەتەوە، کەچی وەختەبڵێم تەواوی توشبووان چاکدەبنەوە، ئەی چۆن چاکدەبنەوە؟ ئەمە یەک.
دووەم: یەک کەسی چارەکراو نیشان نادرێ، تاوەکو بڵێ میکانیزمی چاکبوونەوەکەم واو وا بوو.
سێهەم: کەسێک نەهێنرا بڵێ: من قۆناغبەندی نەخۆشییەکەم وابوو، ئازارەکەم بەوجۆرە بوو.

سەرەڕای ئەم پرسیارە، زانیارییەکان لەسەر ڤایرۆسەکە پرشوبڵاو و تێکگیراون، پسپۆڕەکان چارەی یەکتر دەدەنەدوواوە، پێناسەیەکی دروستی ڤایرۆسەکە نەکراوە، نیشانەکانی نەخۆش جیاوازن، رینوماییەکان تیۆرین و تێروپڕنین.
یەکێ دەڵێ دەمامک بکەن، خۆی نەیکردووە.
یەکێک دەڵێ دەمامک مەکەن، خۆی کردوویەتی.
یەکێک دەڵێ پلەی گەرمی بەرزبێتەوە نامێنێ، یەکێک دەڵێ پلەی گەرمی بەرز بەهاری کابرایە.
جگە لەوەو جیا لەمە، دەوترێت لە چیندا کۆنتڕۆڵکرا، کەچی هێشتا دەرمانەکە نەدۆزراوەتەوەو سی هەزار توشبوو ماون. لەتورکیادا کە سەرەڕێی سێ کیشوەرە بڵاونەبووەتەوە، کەچی لە سەنیگالدا کە نازانن نەخشەی چین لە کوێیە تۆمارکراوە، لە روسیادا کەمترینە کە لەگەڵ چین چیخێکیان نێوانە، بەڵام هەردوو پێی ئیاڵیای کردووەتە لنگە کڵاشێ. لە سویدا کە دەڵێی لە دیتۆڵ هەڵکێشراوە هەیە، کەچی لە ئەڤغانستان نییە کە مێزەرەی دانەبەدانەیان لەگەڵ کۆرۆنا لێت تێکەڵ دەبن. رێنوماییەکان کلاسیکین، دەستبشۆ قسەی سەدەیەک پێش ئێستای رێکخراوە تەندروستییەکانی جیهانە. ناڵێم ئەم هاتوهاوارە دەستێکی لەپشتە، چون نەزان و زانا وادەڵێ، ناشڵێم جەنگی بایلۆجیە، چون کەس نازانێ ڤایرۆسەکە چیە تا ناوی بنێ، ناشڵێم پەتایەکی جیهانییە، چون جاران لە دێیەکی کوردستاندا بە پەتا سێ هەزار کەس دەمردن، ناشڵێم ئەوەیە کە میدیا فەرمییەکانی تەندروستی دەیڵێن، چون تا ئێستا هیچیان نەوتووە کە شایانی وتن بێ.
لە هەمووی خۆشتر، یەکتر تۆمەتبارکردنی ئێران و سعودییەیە، کۆرۆنا لە چین کەوتووەو کوننەکەی لە سعودیەو ئێران دڕاوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations