با هەموان گوێڕایەڵی بەدلە پۆشە دەمامکدارەکان بین

د. ئیدریس کەریم
11.03.2020

دەخوازم هەمیشە گەشبین بن، تەندروست و لەش ساغ بن، گومانم نییە بە هەوڵی هەموان ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنین، بەڵام چۆن و بە چی؟

ئازیزان دەزانن کاتێک پێشمەرگەو سەربازەکان لە خاڵی پێشەوەی جەنگدابوون ئێمە لە ماڵەوە تادرەنگانێک بە دیار هەواڵ و یاری و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە قاچ لەسەر قاچ بووین، سەرقاڵی چەرەس خواردن و شەوچەرە بووین، سەرقاڵی لە قەڵاندۆشکانی منداڵەکانمان بووین، سەرقاڵی گاڵتەو گەپ و نوکتەو چات و ئاڵوگۆڕی مسج و قسەی خۆش بووین، بەڵام سەربازەکان یان لەشەڕدابوون یان ئێشگکرو نۆبەچی بوون بۆ ئاگاداربوون و زانینی جوڵەی دوژمن، ئەی کە بەیانی بە ئیسراحەت هەڵدەستاین ڕاستەوخۆ نێتەکەمان دەکردەوەو پەیام و مسجەکانمان دەخوێندەوە، لە پڕدا هەوڵی شەڕو هێرشێکی دوژمن و بەرەنگاری پێشمەرگەکانمان دەزانی چی ڕویدەدا؟ ئەفسوس بەرهەمی ئەو داستانەش خوێنی ....... شەهیدبوو، یاڵڵا پرسەکەی لەوکوێیە؟! عەسر دەچم... هەموو ئەمانە ئاسایی بوون و دوژمن ناسراو بوو، بەرگریکارش ناسراو.

ئازیزان ئێستا دەزانن کێ دوژمنە؟ کێ بەرگریکارو پێشمەرگەیە، دەزانن بەدلە سپی و سەوزو شینەکان خەویان نەماوە، دەزانن بەدلە پۆشەکان ئێستا لە شەڕێکدان مرۆڤایەتی ڕزگار بکەن،دەزانن ئێستا بەڕێوەبەرو وەزیرەکان دایکیان نانوێت، چونکە دەزانێت دەستکێش لەدەست نەکردن و دەمامک نەکردنیان بۆ ئەوەیە ئێمە خۆشییەکانی شەومان نەزڕێن، نەترسین، نەشڵەژێین، بەڵام ئەوان ڕاستەوخۆ لە پێشی جەبهەکەوەن و قەڵغان و سپەری ئێمەن، ئازیزان دەزانن ئێستا ئێمەی نەزان بە ژیانی ئەوان سەرقاڵی تێکدانی ژیانی ئەوان و خۆشمانین، ئەویش بەوەی بە گوێیان ناکەین، بەوەی کە شتەکەمان بە گاڵتەگرتووە، دەزانن ئەگەر بە قسەیان نەکەین چی دەبێت؟؟!!!! دەزانن ئەوە ئێمەی تاکین سەرقاڵی لەناوبردنی مرۆڤایەتی و سولالەی بەشەرین، سەرقاڵی لەناوبردنی منداڵە چاوگەشەکانمانین، سەرقاڵی خنکاندنی دایک وباوک و خوشک و براو ئازیزەکانمانین، ئازیزان ئەگەر ئەم بابەتە وەک خۆی و بە سەداسەدی وەرنەگرین و کەللەپوتانە بجوڵێینەوە چی ڕودەدات؟

دڵنیابن کۆشکەکان دادەڕمێنین، گەشتەکان نامێنن، شوێنەوارمان نادیار دەبێت، مێرگەکان گۆڕی گەورەدەبن، دۆڵەکان و ڕوبارەکان دەبن بە گۆمی مەنگی لاشەی بۆگەن و پڕدەبن، دەزانن هاوکێشەکە دەکرێت ئەنجامێکی ڕاست و دروست و پێچەوانەی ئەوانەی پێشووی هەبێت ئەویش بە گوێڕایەڵیکردنی وتەی بەدلە پۆشەکان، پێشمەرگەکانی ڕیزی پێشەوەی ئەم ئاڵنگارییە.

ئازیزان بۆ وابکەین، ئەمشەو بینیتان یارییەکانی یانە پاڵەوانەکان چەندە بێ تام بوو؟ ڤالەنسیا و اتلانتا ڕەنگی مردوو لەناوچەوانیاندا بوو؟ دەزانن بۆ ئەمشەویش گەلی ئیسپانی لە یاریگاو مەیداندا هاندەری دیگۆسمیۆنی و اتلتیکۆ مدرید نابن، پێدەچێت هەمان شت بۆ یۆرگن کلۆپ و سادیۆ مانی و محمدصلاحیش ڕاست دەربچێت و ڕووبدات، دەزانن ئێستا گەورەترین تاوان نەهێشتنی هایفایفی منداڵەکانە، کەوابو دوژمنەکە خۆمانین بۆ خۆمان و بۆ ماڵ و منداڵ و چواردەوریشمان،تەنانەت بۆ هاوکێشە گەورەکەش کە مرۆڤایەتییە، ئازیزان دەزانن ئێستا وڵاتمان تەنها خاوەنی چەند گەنجێکی خێر لە خۆنەدیوە لە جەبهەی ئەمامیدا، ئەوانیش چەند د.زانا و د.صباح و د.هادی و د.کامران و د.عوسمان و د.هێرش و د.ئازاد و د.محمد و دئاسۆ و  سامان بەرزنجییەک وچەندێکی تری کەمی وەک پەنجە دەست، دەزانن پێشمەرگەکانی خەتتی ئەمامی ئێمە تەواو خەریکە بەهۆی ئێمەوە هەر لەسەرەتاوە ماندوو و شەکەت دەبن، خەریکە بێهیوایان بکەین خەریکە ڕێگای ژیان و مان و نەمانیان لێ تێکبدەین، دە با وازیان لێبهێنین، لێیان گەڕێین، ئەوان ئێستا ژیانیان چوار بۆ پێنج کاتژمێریان بۆ خۆیانە، باقییەکەی تری بۆ ئێمەیە تاوەکو بگەینە مانگی ڕەمەزان تاوەکو بگەینە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، تاوەکو بگەینەوە وەرزێکی تری حەج و عەمرە، گەشت و سەیران، تاوەکو بگەینەوە نەسیمەکەی ساردی پاییز، تاوەکو بگەینەوە شەڕەتۆپەڵی کڵۆبەفرەکانی گۆیژەو ئەزمڕ و قەندیل و حاجی ئۆمەران و سۆران و دهۆک، تاوەکو جارێکی تر بزانین باپیرانمان چۆن پردی دەلالیان دروست کردوە، تاوەکو بزانین ئەنفال و کیمیاباران چۆن بەسەرماندا هاتووە، دەزانن ئێستاش دوای چل ساڵ لەناونانی من ئەو مامۆستا ئایینییەی ناوی منی نا ٳدریس کە دەمبینێت دەگری بۆ ..... کوڕی، لەبەرئەوەی لە هەمان موالیدی منی هەبوو بەڵام من مامو ئەویش ئەنفال!!! ئەگەر مانەوە نەبوایە ئەم کورتە چیرۆکەش نەدەبوو. 

ئازیزان دەزانن ئێستا بەدلەپۆشەکان شەکەتن بەڵام حەوانەوەیان پەیوەستە بە پەیوەستی ئێمەوە بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، ئازیزان دەزانن ئەمڕۆ پێویستمان بە ڕابەرێکی ڕۆحییە فتوایەک بدات هاوشێوەی فتواکەی مەلا ٳدریسی بەدلیسیی بۆ نەچونە دەرەوە لە ماڵەوە لە کاتی پێویستدا نەبێت، بۆ پێویستی نەبێت، ئازیزان دەزانن ئەگەر بە قدوەو پێشەنگی بەدلەپۆشەکان و دکتۆر ٲ. و ب.و ق. وڤ. و غ. و ع. و هـ . و ت. و ح.و خ. و ش.و س. و ی.و ل.و ن. و ج. و چ.و ز. و ر.و د.و وو . و ک. و گ.و ئـ. و پ.و ژ. و م. ڕازی ببین لەم قۆناغەدا ئەوا بەجوانترین شێوە وەکالەت و خەلافەتی یەزدانی میهرەبان دەبین و جێبەجێکاری ( قال تعالی: ٳني جاعل في الٲرض خلیفة) صدق الله العظیم دەبین

 لەم سەرزەوییەو نابینە هۆکاری سڕینەوە ولەناوبردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و نەسلی مرۆڤ لەم جەنگە سەختەدا بەڵکو هۆکاردەبین بۆ گواستنەوەی مرۆڤ لە قۆناغ و چاخێکەوە بۆ قۆناغ وچاخێکی تر، بۆیە وەک دەوترێت: ( يضحك كثيرا من يضحك أخيرا) ئەوەی بمێنێتەوە بۆ کۆتایی زۆرتر پێدەکەنێت.
دەزانن پێکەنین چییە؟ ئەو کات دەزانن چوکەرەکردنی گوڵ و دەمکردنەوەیەتی لەبەهارداو دەرچونیەتی لە سوڕی مت بوون.

کەوابوو لێرەوە دەبێت بزانین بەدلەپۆشەکان فریشتە ڕەحمەتییەکانی ئەم قۆناغ و سەردەمەن و دەبێت دوعای پاراستن و مانەوەیان بکەین، نەک ڕق و کینەی دوێنێ لە هەندێکیان ئەمڕۆ تەڕو وشک بسوتیێنێت، سەربەرزی بۆ بەدلە پۆشەکانی ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەوانەوەی ماندوێتی ببێت بە یاوەریان، مانەوە بۆ هەمومان بێت، سەرکەوتن دیاری دەستیان بێت بۆ هەموان.

*یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە

زیاتری نوسەر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations