داعشەكان كارەبای بەردەوام و ئاویان لە نەبڕان بووە

سەرتیپ جەوهەر
10.03.2020

- هێزه‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌ڵگه‌نامه‌ی زۆریان ده‌ستكه‌وتوه‌و ره‌نگه‌ نهێنی نوێیان بۆ ئاشكرا ببێت
دوو سه‌ربازی ئه‌مریكا كوژراوه‌و سێی دیكه‌ برینداربوون

هێزێكی ئه‌مریكا له‌ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌ت له‌ شاخی قه‌ره‌چوخ خوار هه‌ولێر له‌روبه‌رووبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆرستان روبه‌رووی دۆخێكی ناهه‌موار ده‌بنه‌وه‌و په‌نا بۆ هێزی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ سلێمانی ده‌به‌ن، له‌كاتێكدا ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌هێزێكی پارتییه‌وه‌ دووربوون له‌ده‌شتی كه‌ندێناوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری شاخی قه‌ره‌چوخ.

به‌ره‌به‌یانی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو له‌شاخی قه‌ره‌چوخ (40 كیلۆمه‌تر باشوری هه‌ولێر) بۆ له‌ناوبردنی ژماره‌یه‌كی تیرۆرخوازی داعش كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بوون، دوای زیاتر له‌ 10 سه‌عات روبه‌رووبونه‌وه‌ دوو سه‌ربازیان برینداربوون و له‌نێو روبه‌رووبونه‌وه‌ی هه‌ردوولادا به‌جێمان.

تا ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مریكا نه‌یانتوانی ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئه‌و هێزه‌ كۆماندۆیه‌ی ئه‌مریكا له‌شاخی قه‌ره‌چووخ روبه‌رووی گرفتی گه‌وره‌ بونه‌وه‌و هانایان بۆ هێزی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان له‌سلێمانی برد، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانیی به‌په‌له‌ به‌ره‌و سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن له‌ كه‌ركوك به‌ڕێكه‌وتن و له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی ئه‌مریكاوه‌ چه‌ند تیمێكیان گه‌یه‌نرانه‌ شاخی قه‌ره‌چوخ بۆ هاوكاریی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مریكاو ده‌ربازكردنیان له‌و گرفته‌ی تێیكه‌وتبوون.

به‌پێی زانیارییه‌كان ئۆپرسیۆنی ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی ناته‌واو بووه‌و ژورب چالاكییه‌كانیان پێیانوابووه‌ ژماره‌ی داعشه‌كان له‌نێوان 20 بۆ 25 چه‌كدار ده‌بێت، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ زیاتر 200 چه‌كدار بووه‌و جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌وێ بینراوه‌ گومانی زۆری بۆ دروستكردوون كه‌ بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی تیرۆرستانی داعش و مانه‌وه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌ به‌بێ هاوكاریی بێت.

زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی له‌وێ دزه‌یان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر حه‌شارگه‌ی گه‌وره‌و كون و تۆنێلی جیاواز له‌ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌و پێده‌چێت زۆر زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ی پێشبینی ده‌كرێت تیرۆرستانی داعشی لێبێت، هه‌روه‌ك پێده‌چێت كاره‌بای به‌رده‌وام و ئاوی خواردنه‌وه‌یان له‌نه‌بڕان بێت، به‌تایبه‌ت له‌شاخێكی وه‌كو قه‌ره‌چووخ كه‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌ی لێ نییه‌و زۆربه‌ی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری چۆڵكراوه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌مریكیه‌كان گومان ده‌كه‌ن له‌ناوچه‌كه‌وه‌ هاوكاری تیرۆرستان بكرێت كه‌ لایه‌كی هێزه‌كانی عیراقه‌و لایه‌كیشی هێزی پێشمه‌رگه‌.

شاخی قه‌ره‌چوخ ده‌كه‌وێته‌ خوار هه‌ولێر به‌ 45 كیلۆمه‌ترێك و درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌ترێك ده‌بێت و بەرزیەكەی 865 مەتر، له‌دوای روداوه‌كانی ریفراندۆم شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ شارۆچكه‌ی مه‌خموره‌وه‌ به‌بێ روبه‌رووبوونه‌وه‌ چۆڵكرا، ئێستا دیوی باشوری شاخه‌كه‌ كه‌ قه‌زای مه‌خموری لێیه‌ كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ عیراقییه‌كان و داگیركرا، دیوی باكوری شاره‌كه‌ش ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌.

به‌شێك له‌ شاخه‌كه‌ واته‌ رۆژهه‌ڵاتی شاخه‌كه‌ هێزێكی 300 چه‌كداریی هه‌په‌گه‌ی لێیه‌ كه‌ پارێزگاریی له‌كه‌مپی مه‌خموری ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ری رۆژئاواشی تیرۆرستانی داعش خۆیان لێ حه‌شارداوه‌و كردویانه‌ به‌مۆڵگه‌ی خۆیان. ماوه‌ ماوه‌ ئه‌و تیرۆرستانه‌ له‌وێوه‌ هێرش و په‌لاماری ناوچه‌كه‌ ده‌ده‌ن.
مانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش به‌و ژماره‌ زۆره‌و ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ له‌شاخێكی وه‌ك قه‌ره‌چوخ كه‌ ئاو و خۆراك و داروبارو رێگاو بانی لێ نییه‌ بۆته‌ جێی گومانی ئه‌مریكیه‌كان، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ی ئێستایان خاڵی وه‌رچه‌رخانی تێگه‌یشتنیان بێت له‌باره‌ی شێوه‌ی ژیان و مانه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش له‌شاخه‌كه‌، هه‌روه‌ك له‌وانه‌یه‌ شێوه‌ی روبه‌رووبونه‌وه‌یان بگۆڕن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌رده‌ستن له‌ روبه‌رووبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌مریكیه‌كان دوو سه‌ربازی ئه‌مریكا ژیانی له‌ده‌ستداوه‌و سێی دیكه‌ برینداربوون كه‌ یه‌كێكیان كه‌مئه‌ندام بووه‌، ئه‌گه‌ر هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی فریایان نه‌كه‌وتایه‌ ئه‌وا برینداره‌كانیش ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ست تیرۆرستان.

دووان له‌ برینداره‌كانی هێزه‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌هۆی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی تیرۆرستێكه‌وه‌ بووه‌ له‌ده‌رگای تۆنیلێك كه‌ تیرۆرستانی داعش له‌ناوچه‌كه‌ دروستیان كردووه‌. به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا ژمارەیەكی زۆر كە مەزندە دەكرێت زیاتر بێت لە 20 تیرۆرستی داعش كوژراوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵگه‌نامه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كه‌ی ئه‌مریكاو دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان، به‌ڵگه‌نامه‌كان زانیاریی نوێ ده‌خه‌نه‌روو كه‌ ره‌نگه‌ نهێنی زۆر گرنگ له‌باره‌ی ژماره‌ی تیرۆرستان و سه‌رچاوه‌ی هاوكارییان ئاشكرابكات.

هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سلێمانی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند كه‌ هێزه‌كه‌ی یه‌كێتی هیچ زیانێكیان نه‌بووه‌و ئه‌م به‌یانیه‌ له‌ڕێی كۆپته‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكیه‌كان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن له‌ كه‌ركوك، به‌ڵام ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌و تیرۆرسته‌كان شوێنه‌كانی خۆیان گۆڕیوه‌.

له‌هاوینی 2014 كاتێك مه‌خمور له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی ناوچه‌كه‌ چۆڵكرا، دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان به‌فریای ئه‌و ناچه‌یه‌ هات و له‌ده‌ست تیرۆرستانی داعش رزگاریان كرد، له‌دوای رووداوه‌كانی ریفراندۆم شاره‌كه‌ به‌بێ هیچ روبه‌روبونه‌وه‌یه‌ك راده‌ستی هێزه‌ عیراقییه‌كان كرا.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations