پارتی و ھیستریا لە مێژوو!

بەدران محێدین
06.03.2020

ھانا ئارێنت گەورە نووسەری یەھودی و لێکۆڵەر لە سیاسەت و فەلسەفەی سیاسی، لە کتێبی سیاسەت و فەلسەفە زۆر بە وردی تیشکی خستۆتە سەر ھزری سیاسی و مێژوو لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا و وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت: ھەموو ئەو سیاسیە فیوداڵانەی (دەربەگ) بە مێژوودا تێپەربوونە، ھەمیشە شەڕی ناشیرینکردنی دەستکەوتە باڵاکانی دژ بە بەرەکانیان کردووە، چونکە ھزر و ئایدیای فیوداڵ بە شێوەی خێڵەکی بەڕێوەچووە، ئەم جۆرە سیاسەتە زانستی نیە، ھیج کاتێکش ناتوانێت ببێتە خاوەنی دەستکەوتی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمانیی.

ھیستریای پارتی لە مێژوو کێشەی ئەو هێزە لەگەڵ رۆژەکانی ساڵ تەواو نابێت، یاسای مێژوو بەو شێوەیە ھەموو ساڵێک ئەم رۆژانە دووبارە دەبنەوە کە دەبن بە ڕابردوو، شۆرشی چەکدار و شۆرشی سیاسی ئەو ھێزەی ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە تەواوی لێی بێبەشە، بۆیە ھەمووکات ھەوڵی ناشیرینکردن و یاخود بە زۆرکردنی دەدات بۆ خۆی، لە ھەموو ئەو شۆرشانەی لە تەواوی دونیا ڕوویانداوە و دوای سەرکەوتنی بۆ گەلەکەی بووە بەسەروەری، وەلێ ھەمووکات ھەوڵی پاراستن و بەرزراگرتنی تەواوی سەرەوەریەکانی دەدرێت.


 لە سەرەتایی شۆرشی نوێ و تەواوی ئەو ھێزانەی بەشداربوون لەو شۆرشە تەنیا پارتی نەبێت بە ھۆی ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلولەوە بێ بەری بوو لێی و بە تەواوەتی دژایەتی دەکرد، ڕاپەڕین یەکەم ئەنجام و دەستکەوتی ئەو شۆرشە بوو، کە ئەمەش بەھۆی بەرخودان و گیان فیدایی ھەزاران پێشمەرگەی خۆنەوسیت ھاتە بەرھەم، ئەم دەستکەوتە بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی ھەموو ساڵێک دەبێت بە سەرئێشە، چونکە ئەوانە نەک لەگەڵی نەبوون بگرە دژەبەرە بوون، ئەوانەشیان بە شێت و کەم ئەقڵ دەزانی کە خەریکی ئەو پیلانە بوون دژی بەعسی فاشیست، بنەماڵەی بارزانی بۆ ناشیرینکردنی ئەم دەستکەوتە زۆر ھەوڵیاندا بەڵام بێ ئەنجام بوو.

 ھێنانی دەبابەی بەعسی فاشیست بۆ گەراجی ئەو پەرلەمانەی کە تەواوی کوردستان شانازی پێوە دەکرد یەکەم کاریان بوو، بەڵام دواتر دڵنیا بوونەوە کە ئەوەش بێ سوودە ئنجا کەوتە بەرنامەی تازە و گۆڕینی دەستەکەوتەکان بۆ خۆیان، بە پارەی دزراوی میللەت و دروستکردنی میدیای قەبە، ویستی نەوەی دوای ڕاپەرین تێبگەیەنێ کە راپەرین دەستکەوتی ئەوانە و ئەوان بەرنامەیان بۆ داناوە، بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەران مسعود بارزانی لە دیدارێک لەگەڵ پۆل پریمەری حاکمی مەدەنی عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، میوانداری پۆل پریمەر دەکات لە مەسیف سلاحەدین، باسی ڕووداوی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 دەکات و دەڵێت:


 لێرە لە شارۆچکەی کۆڕێ دەبابەکانی حکومەتی عێراقمان تێک شکاند، بەشێوەیەک باسی دەکات تەنیا خۆی یان ھەر بنەماڵە و حزبەکەی ئەو بوونە، لە کاتێک چەندین شاھێد حال ھەن کە پێشمەرگەکانی پارتی لەم شەڕە رایانکردووە و خودی بارزانی و چەند کەسێکی نزیکی خۆی لەگەڵی ماوەنەتەوە، دواتر بە سەکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حزبی سۆشیالیست و پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حزبی شوعی و بزوتنەوەی ئیسلامی تەواوی دەبابەکانی بەعسیان تێک شکاندووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ھێزەیە تاکو ئێستاش سیاسەت دەکات لەسەر ئەوەی چۆن دژ بە بەرەکانی بێت، واتە ھیچ کات بیر و بەرنامەی ئەو ھێزە لەسەر میتۆدی نوێ و داهێنان نیە، ئەم جۆرە سیاسەت کردنە ھیچ کاتێک چوونە پێشەوەی سیاسی و ئابووری و سەربازی بەخۆیەوە نابینێت، ئەنجامی ئەم سیاسەتە و باس کردنی بەو شێوەیە ناچێتە قالبی رق و قینە بەرامبەر ئەو ھێزە، بەڵکو راگەیاندنی ئابوریە سەربەخۆیەکە و داتەپینی بازاری ھەرێم ئەنجامی بوو، سیاسەتە دیپلۆماسیەکەی و چوونی خودی مەسعود بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا ھەموومان بینەری بووین و ئەنجامی ریفراندۆمەکەمان بینی، فەشەلی ئەو ژمارە زۆرە سەربازییە کە ھەیە و ھاتنی تیرۆرستانی داعش و خۆنەگرتنی چەند سەعاتێک لە ھەر دوو شارۆچکەی گوێر و مخموریشمان بینی، بۆیە ئەگەر بە وردی سەیری ئەم جۆرە سیاسەتە دەرەبەگیە بکەین ھیچ کاتێک نابێتە خاوەنی ھیج دەستکەوتێک، درێژەدان بەو جۆرە سیاسەتە و پێش نەگرتن بەو فرە کوێخاییە کارەساتی زۆر زیاتر بەڕۆکی ھەرێمی کوردستان دەگرێت و نەک چوونە پێشوەی بە خۆمان نابینین بگرە دەمانگەرێنێتەوە خاڵی سەرەتا وەک ئەوەی لە ریفراندۆم ڕوویدا، رەنگە ئەمەش بۆ ئەوە بێت خۆخۆیان خاوەنی ھیچ دەستکەوتێک نین و کار بکەن بۆ تێکدان و ناشرین کردنی دژبە بەرەکانیان، ئەو ھێزە یاخود راستر بڵێن ئەو بنەماڵەیە رەنگە ھەر بەو شێوەیەش سیاسەت بکەن کە خۆیان ئەوەیان نە شاردۆتەوە و بە ڕوون و ئاشکرا گووتوویانە ئەگەر ئێمە نەزانین پردێک دروست بکەین بەڵام دەزانین پردێک تێک بدەین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations