هەتا مام مابوو

سەرتیپ جەوهەر
01.03.2020

تا نەچوومە بەغدا رۆڵ و پێگەو گرنگی مامجەلال-م وەكوخۆی نەدەزانی، تا ئەو رووداوانەى دوایی نەهاتنە پێشێ رۆڵی مام لەبەرگریكردن لەكوردو ماف و بەركەوتەكانی بەتەواوی دەرنەكەوتن. ئەى ئەگەر عیراقییەكان بدوێنی لەئێمە بەپەرۆشترن بۆ بونی مامجەلالێكی دیكە.

سیاسەتكردن لێدوانی ئاگرین و منجڕیی نییە، هەڵچون و سوێندخواردن و كاردانەوە نییە، یان رەش و یان سپی نییە، بەڵكو هونەری بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە بەپێى توانا. دەتوانم بڵێم مامجەلال لەپێناسەى سیاسەت زۆرباش تێگەیشتبوو، لەوە واوەتر زۆرباش سیاسەتی لەهەڵسوكەوتیدا جێدەكردەوە.

لەبەغدا هەركەست دەدواند، دیوێكی سیاسەت و هەڵسوكەوتی مامجەلالی كە ئێمە بەوشێوەیە لێى تێنەگەیشتبووین. سوننەكانت دەدواند، دەیانگوت مامجەلال قەلغانی ئێمە بوو لەبەرامبەر شیعە. شیعەت دەدواند دەیانگوت مامجەلال كلیلی ئاشتی و سەقامگیریی بوو لەعیراق! دەردی كوردیش دیارە، لەدواى نەخۆشكەوتن و دوركەوتنەوەى ئەو چ بارودۆخێك رووبەرووی كورد بویەوە.

سەدام دڕندەیەكی زۆر كەم وێنەبوو لەمێژووی مرۆڤایەتی، ئەو تاوانانەى بەرامبەر كورد كردی، لەمێژووی مرۆڤایەتی وێنەى نەبوو كەچی مامجەلال ئیمزای لەسێدارەدانەكەى نەكرد! زۆركەس رەخنەیان دەگرت، بەڵام لەلێكەوتەو دەرهاویشتەكانی ئەو بڕیارە نەدەگەیشتن. ئەگەر سەدام بەئیمزای مامجەلال لەسێدارەدرابا، بەدڵنیاییەوە زۆرینەى سوننە زیاتر دەبوونە دوژمنی كوردو كاردانەوەیان زۆر زیاتر دەبوو، خۆ ئەگەر ئەو ئیمزایەى كردبا كوردانی بەغدا روبەرووی رەشەكوژییەكی گەورە دەبوونەوە، لەوە واوەتر مامجەلال سەرنجی دونیاى راكێشابوو كە ئەو پیاوێكی لێبوردەو مەدەنییەو بڕوای بەمافی مرۆڤ هەیە! لەبەرامبەر ئەو ئیمزانەكردنە، سوننەكان تێگەیشتنیان بەرامبەر كورد زۆر گۆڕا، هاوكات ئەو وڵاتانەى كە پشتیوانیی سوننەیان دەكرد تێگەیشتنیان بەرامبەر كورد زۆر گۆڕا، ئەمە لەكاتێكدا مامجەلال دڵنیابوو شیعە سەدام لەسێدارە دەدەن تەنانەت لارینەبوونی خۆیشی بۆ لەسێدارەدانەكە پێشاندابوو، بۆیە جێگرانی خۆی سەرپشك كرد بۆ ئیمزای لەسێدارەدانی.

لە 2012 هەرایەكی گەورە لەسەر نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق هەبوو، هەرچۆنێك بێت رێگریی لەلێسەندنەوەى متمانە لەمالكی كرد، مامجەلال لەوە تێگەیشتبوو بەدیلی مالكی زۆر خراپترە، بەڵام سەربارى رێگرتنەكەى نەیهێشت هیچ كام لە نەیارانی مانەوەى سەرۆك وەزیران لێى زویربن.

لە ساڵی 2010 چەند لێپرسراوێكی كوردستان لەنێوانیاندا یەكێك لەلێپرسراوە باڵاكانی یەكێتیش لە لێدوانێكیدا بەمانشێت بڵاوببۆوە، وتبوی باشترین بارودۆخە بۆ دروستبونی دەوڵەتی كوردی، مامجەلال ئەو مانشێتەى بینبوو، لەبەغدا هاتەوەو لەكۆبونەوەى مەكتەبی سیاسی رووی لەو لێپرسراوە باڵایەی یەكێتی كرد وتبووی ئەرێ‌ ئەو مەسەلەی دەوڵەتی كوردییە كە ئێوە باسی دەكەن شتێكتان كردووە من ئاگام لێنەبێت؟ پەیوەندیتان بەكەسێك كردووە من ئاگام لێنەبێت و ئێوە ئاگاتان لێبێت؟ مامجەلال دەڵێت ئێوە لەخۆتانەوە بۆ لێدوانی ئاوها دەدەن؟ دوایی ئەوەی بەدەستمان هێناوە هەمووی لەدەستدەدەین، وتبووی برادەرینە گوێبگرن، ئەگەر بەوقسانەی ئێوە هەموویمان لەدەست نەدا، ئەوە مامجەلال هیچ نازانێت!

ئەو قسەیەى مام تەواو راست دەرچوو، لەئەیلولی 2017 گروپێك لەناوخۆی یەكێتی پاڵپشتی پرۆژەى ریفراندۆمێكی پێنەگەیشتویانكردو سەرەنجام جگە لە لەدەستدانی دۆستانمان و یەكخستنی دوژمنان، ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بە كەركوكیشەوە لەرووی سەربازییەوە لەدەستماندا.

لەدواى نەخۆشكەوتنی مامجەلال و دوركەوتنەوەى لەبڕیارى سیاسی عیراق و كوردستان، لاسەنگییەكی زۆر گەورە لەرۆڵ و پێگەى كورد لەعیراق دروستبوو. بەرلەهەموو شتێك جاران بەبێ كورد هیچ بڕیارێك لەپەرلەمانی عیراق دەرنەدەچوو، مومكین نەبوو بەبێ كورد هیچ بكرێت، بۆیە دەوترا كورد بڕیاربەدەستی راستەقینەى عیراقە، ئەوەى پێى دەوترا سازانی نیشتیمانیی (توافق) هیچ لایەك پشتگوێى نەدەخست، لەگەڵ كورددا بنەمای زۆرینەو كەمینە رەچاو نەدەكرا، بەڵكو كورد وەك شەریكی هەقیقی لەحوكمڕانی تەماشا دەكرا! كەچی لەدواى دوركەوتنەوەى مام لەبەغدا هەموو بڕیارەكانی پەرلەمانی عیراق لەسەربنەماى زۆرینە تێپەڕێنراوەو ئەو تەوافوقەى پێشتر هەبوو نەما.

مام لەبەغدا لەباتی خەڵكی كوردستان گفتوگۆی دەكردو لەباتی خەڵكی كوردستانیش بڕیارى دەدا، هەتا ئەو مابووبۆ كورد لە 17ی بودجەى مسۆگەربوو، كەچی ئێستا كراوەتە لە 12 و جێبەجێناكرێت.


copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations