كه‌ره‌نتینه‌ چییه‌ ؟

ٍشاسوار هەرشەمی
26.02.2020

هەر ئێستا چەند هەزار کەسێک لە کوردستان، بە ناوی کەرەنتێن، لە چەند هوتێل و هۆل و لۆکالێک، بەبێ هۆکارەکانی دابڕاندنیان، ڕاگیراون. بێگومان دیاردەکە، دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەر ئاستی دنیا بە فراوانی بڵاو بۆتەوە. لە چین شاری گەورەی چەند ملیۆنی خراونەتە ناو سیستەمی کەرەنتێنەوە. بە چەندان شێوەی دیش دیاردەکە دەبینین، وەک هێشتنەوەی کەسانی گومان لێکراو بە هەڵگری ڤایروس لە ناو کەشتی و بنکەکانی پێشوازی سەر سنور و بەندەرگاکانی جیهان.

کەرەنتێن، هەروەها بە شێوە لە عارەبیی وەرگیراوەکەی قەرەنتیینە. قەرەنتین. له‌ زمانی ئینگلیزیی quarantine، کوه‌ره‌نتاین وه‌رگیراوه‌ به‌ هه‌مان واتا. بریتیە لە سیستەمێکی خۆ پاراستنی تەندروستی.

ناوەرۆکی سیستەمەکە ئەمە بووە، کە نەخۆش دەبا بۆ ماوەی چل ڕۆژ، لە شوێنێکی دابڕاو ڕابگیرێت، بۆ ئەوەی کەسانی دی توش نەکات و نەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی درمی. ئەم سیستەمی دابڕاندنە، یان کەرەنتێن، بۆ یەکەمین جار لە شاری ڤینیسیای ئیتالیا (ئەو کاتەی کە ناوەندی میرنشینێکی سەربەخۆ بووە) پیادە کراوە.
ناوەکە دواتر لە ڕێگای زمانی فەرەنسییەوە بڵاوبۆتەوە، بە شێوەی quarantaine، کوارەنتەین. بنەڕەتی وشەکە لە لاتینییەوە ھاتووە بە شێوەی quadraginta، کوادراگینتە بە واتای چل. لە سیستەمی خۆ پاراستنی تەندروستی ھاوچەرخیشدا، سود لە ناوەکە و ھەمان ڕه‌وشی زووتر پێڕەو کراو وەرده‌گیرێت، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. کەرەنتێن ئەمڕۆ لە بواری ڤێترینێری پیادە دەکرێت. لە کاتی ھێنانی ھەر گیانلەبەرێک (گیانەوەر. پەلەوەر. زیندەوەر) لە ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێک، بۆ ناو سنور، دەبێ گیانلەبەرەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژان، لە کەرەنتێن بپارێزرێت، تا کاربەدەستان دڵنیا بن لەوەی، کە گیانلەبەرەکە بە ھیچ نەخۆشیەکی ترسناک ئاڵودە نەبووە.

Schaswar Harshami

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations