دەسەڵاتی دادوەریی لەژێر پرسیاردا

عەتا کەریم
26.02.2020

كەیسی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵە حەوت ساڵەكەی هەولێر، وەك هەر تاوانێكی دیكەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا روودەدات، ئەم جۆرە رووداوانە لە كوردستان و هەروەها كۆمەڵگەكانی دەورووبەر و بگرە وڵاتانی خۆرئاوایش روودەدەن.

لاڤان لوقمان كە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا و 10 مانگ پێش ئێستا لەلایەن 5 تۆمەتبارەوە دەستدرێژیی دەكرێتەسەر، دواتریش بەجێ دەهێڵدرێت، ئەم كەیسە یەكێكە لە دەیان كەیسی هاوشێوە كە لە هەرێمدا هەن و كپ دەكرێن، بۆیە وەك رووداو لەهەمان جۆرە.

ئەوەی تاوانەكەی قێزەونتر كردو لە حاڵەتی رووداوەوە گواستییەوە بۆ حاڵەتێكی نائاسایی، ئەوەیە كە خودی دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستان، كێشەكەی خستەناو تەرازووی ناعەدالەتییەوە و كێشە و تاوانەكەی بەلای قوربانیدا نزمكردەوە و تای تاوانكارانی قورس كرد! جا بە نەزانیی بێت یاخود بە زانین.
لە حاڵەتی زانیندا ئەم لاسەنگییە لە دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ كەیسێكی ئەوەندە قێزەون كرابێت، ئەوا كارەساتە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی كە پشت لە یاساو عەدالەت و دەسەڵات و زۆڵم لێكراون دەكات و روو لە مۆڕەی حزب و دەسەڵاتدار و زاڵمان دەكات، بۆیە هەر بەپێی وردكردنەوە یاساییەكان بۆ هەر تاوانێك پۆلێندەكرێت كە تاوانبار و هاوكار و یارمەتیدەر و تەگبیرچیش، سزایان هەیە لە هەر تاوانێكی ئەنجامدراودا، ئەدی ئەگەر خودی دەسەڵاتی دادگا «تەگبیرچی» پەردەپۆشی كەیسێكی لەو جۆرە بێت، كێ لێی دەپێچێتەوە؟

لەحاڵەتی نەزانینیشدا ئەگەر كەیسی لاقەكردنی منداڵێكی حەوت ساڵان و بەگەلەكۆمەكێ و تەگبیر و پلانی پێشوەخت بووە و دەسەڵاتی دادوەرییش لەم هەرێمەدا سەری لێ دەرنەكات و مادەكەی بەسەر تۆمەتباران دا جێبەجێ نەكات، بەڕاستی كارەساتی گەورە لە دەسەڵاتی دادوەریماندا هەیە، بۆیە ئەگەر باوكی قوربانیی دەنگی كپكراوی لە ئاست ئەو تاوانەدا هەڵنەبڕییایە، ئەوا ئەم كەیسە لە بەرژەوەندیی تاوانكارانی پشتقایم و باوكی لاڤان-ی بێ پشت و زۆڵم لێكراو دەگوزەرا.

مامەڵەی یاسایی و ئەمنی لە كەیس و تۆمەتەكانی هەرێمدا، لە هەندێك كەیسدا لاسەنگیان تێدەكەوێت، لایەنی ئەمنی هەڵەكانی لەسەر قوربانی ساغ دەكاتەوە، ئەویش بەهێزی هاوئاهەنگیكار، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریش ئەو هەڵە و لاسەنگییانەی هەبووە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكەی خۆیدا بەسەریدا زاڵ دەكرێت، بۆیە لە ئەگەری هەر كەتنێكی لەجۆری كەیسی لاڤان و زۆری دیكەش، دەبێتە نیشانەی پرسیارێكی گەورە بۆسەر كۆی پرۆسەی دادەوەریی و ئەمنی لە پێشیانەوە و دواتریش بۆ دەسەڵاتدارێتی لە هەرێم، كە بە هەزار و یەك بەلاغ و بەیاننامە و ئیدانە، كەتنەكە راست نابێتە.

ئەم كەیسەی لاڤان و بەلاڕێدابردن و بەشداریكردنی دەسەڵاتی دادوەریی (بەزانین و نەزانینەوە)، لە هەر وڵاتێكی دیكە رووی بدایە، ئەوا لانیكەم كۆمەڵێك كاربەدەست و وەزیر پۆستەكانیان دەكردە قوربانی پاراستنی شكۆی ئەزموون و دەسەڵاتی یاسا و سەروەرێتیی یاسا، بەڵام لێرە نەك ئەو كارە ناكرێت، بەڵكو مافی قوربانییەكەش پێشێل دەكرێت.

ئەو چەكوشە تەختەیەی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ كەیسی لاڤان بەكارهێنرا، ناعەدالەتی و بێدادیی و سەروەریی یاسای كوتا، پێویستە دەسەڵاتی دادی هەرێم، دادگایی خۆی بكات.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations