نامەیەك بۆ ژنانی بەشداربووی سەركردایەتی‌و بەڕێوەبردنی یەكێتی....

تاڤگە محەمەد
25.02.2020

پاش سڵاوو ڕێزم بۆ هەمووتان بێ جیاوازی بیرورا كەسەر بە چ كوتلەیەك یان  باڵێك یان لایەنگری كام باڵادەستی یەكێتیت..!                                                 
وەكو ژنێك، كادیرێكی دڵسۆزی یەكێتی، وەك هاوڕێیەكی ئێوەش چەند پرسیارێكتان ئاراستە دەكەم. هیوادارم پاش خوێندنەوەی، وەك ژنێك‌و پاڵپشت بەو دروشمە خەیاڵیەی كە دەوترێ ( ژنان نیوەی كۆمەڵن) وەڵامی ویژدانی خۆت بدەیتەوە !! 

-پاش چەندین ساڵ‌و مانگ‌و رۆژ چاوەروانی كادیران ودڵسۆزانی یەكێتی بە نێرو مێیەوە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم سەرەنجام بەسەركەوتوویی‌و بە ڕێكەوتن‌و بێ ئەو گیروگرفتانەی هەموان لێی دەترساین كۆنگرە كرا، لەگەڵ ئەوەی رەخنەم زۆرە لەسەر بەشداربوان‌و هەڵبژێردراوانی كۆنگرە ئەمە بابەتێكی جیایەو لێرەدا باسی لێوە ناكەم، بەڵام دەپرسم:- 

- ئایا تۆی ژنی هەڵبژێردراوی كۆنگرە تاچەند لەپێگەی خۆت ڕازیت لەناو دانیشتن‌و كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئایا رۆڵی تۆ وەك ژنێكی سەركردە جددیە؟ یان شكڵیە؟ یان پشكی كەسێكیت‌و بۆ پركردنەوەی كورسیەك دانراوی؟   

- چۆن وەك ژنێك ڕازی بویت بەو سیستمی هاوسەرۆكیەی ئێستا یەكێتی پەیرەوی دەكا لە كاتێكا پێناسەی ئەو سیستمە واتا یەكسانی جێندەری (یەكسانی نێرو مێ)، واتە بەشداری هاوبەشی ژن‌و پیاو پێكەوە لەسەرجەم ئۆرگانەكاندا !   

- تۆ وەك ژنێك لەناو حیزنێكی سۆشیال دیموكرات‌و حیزبێك كەیەكێك لەپەیرەوو پرۆگرامەكانی مافە بنەڕەتیەكانی مرۆڤ‌و یەكسانی‌و ئازادی رادەربڕینە‌و دروشمی كۆنگرەی چوارەمیش (نوێبونەوەی یەكێتی) بوو، پرسیارت لە خۆت كرد بۆ وەك ژنێك نەبویتە یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی؟ بێگومان دەنگت لێوە نەهاتووەو بگرە پیرۆزبایی گەرمیشت كردووە‌و دڵنیام لە دڵی خۆشتا وتوتە شوكور بۆ خوا ئەمەش تەواو بو بێئەوەی زیان بە كورسیەكەی من بكەوێ!!

- پرسیارت لە خۆت كرد بڵێی ئایا تاچەند من شایستەی ئەو پۆست‌و پێگەیەم؟ ئایا دەتوانم لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتە مێژووییە گەورەیە بم كەسەركردایەتی حیزبێكی گەورەی تەمەن (45) ساڵ بگرمە ئەستۆ؟ حیزبێك كە دامەزرێنەرەكانی (مام جلال‌و نەوشیروان مستەفاو فواد مەعصو م‌و عومەر شێخ موس وكمال فوادو عادل مورادو عبدالرزاق فەیلی ) بوون؟ دواتریش چەندین سەركردەی تریش هاتنە مەیدان‌و بە خوێنی سەدان‌و هەزاران ڕۆڵەی شەهیدی ئەم خاك‌و نیشتمانە هاتۆتە بەرهەم‌و خەباتی كردووە؟

- پرسیار لە خۆت بكە بۆ یەك جاریش بێت ئەگەر لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتە گەورەیە نیت‌و دەتەوێ وەك ژنێك ئیزافەیەك بكەی لەو حیزبەدا‌و پێت ناكرێ !؟‌و خاوەنی هیچ بڕیارێك نیت‌و نابیت !؟ پێشنیارت بۆ ئەكەم بە ڕێزو كەرامەتی خۆتەوە بكشێرەوەو لانی كەم جێی بهێڵە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەزمونیان هەیە تەنانەت ئەگەر پیاویش بێت ؟ 

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations