شانۆ و فاشیزم، نامەیەك بۆ حكومەت لەبارەی "هونەری گەل"ـەوە

رێبوار سیوەیلی
25.02.2020

1. شانۆ هەمیشە هونەرێكی ئازاد بووە. چونكە شانۆ هونەری گەلە. ئەمە ئەو وتەیە بوو كە یۆنانییەكان شانازییان پێوە دەكرد و سۆفۆكلیس و یۆربیدس جوانترین شانۆ سەرەتاییەكانی مرۆڤایەتییان نووسی.. شانۆ هونەری گەلە، مانای چییە؟ مانای ئەوەیە كە گەل لەسەرووی هەمووشتێكەوەیە و هونەرێكی تایبەت بەخۆی هەیە كە نومایشی دەكات. هونەرێك، كە نومایش دەكرێت یا ئەوەتا تراژیدیە و ڕابردووی گەل دەهێنێتەوە پێشچاو، یان ئەوەتا كۆمیدییە و گەل دەهێنێتە پێكەنین بەو شتانەی كە پێكەنینهێنەرن. هەرچەندە كۆمیدیش ڕووخسارێكی دیكەی تراژیدیا و كۆمیدیایە و ئەم هونەرە گریان و پێكەنین لێكتر جیا ناكاتەوە: ئێمە جار هەیە دەگرین لە خۆشییان و جاریش هەیە پێدەكەنین لە ئازاردا.

2. لە هەر وڵاتێكدا شانۆ قەدەغە كرا، بزانە فاشیزم بەڕێوەیە بەڵام جەستە لە مەترسییدایە. چونكە فاشیزم هیچ نییە جگە لە قەمتەرخستنە دەمی گەل بۆ ئەوەی بە زەوقی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتی باو هاوار بكات و بداتە قاقا.. خۆ ئەگەر ئەم سنوورداركردن و سانسۆركردنە بەناوی پیرۆزییەكانەوە بوو. چ پیرۆزییەك لەناو كۆمەڵگەدا ماوە؟! ئەمڕۆ جەستە لە هەموو شتێك پیرۆزترە، كە ئەوەتا نیوەی ڕاستی كە هەڵگری مرۆڤایەتی ئێمەیە دەمامكپۆشكراوە و نیوە ئاژەڵییەكەشی دەبێت ئازادبێت. هیچ كەس و لایەنێكیش نییە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، جەستە لە ئازادیی بستێنێتەوە، یان ئازادیی لە جەستە زەوت بكات.. هیچ ئایدیۆلۆژیا و ئایینێك مافی ئەوەیان نییە سنوور بۆ ئازادییەكانی جەستە دابنێن، چونكە جیهان بۆخۆی جەستەیەكی خوڵقێنراوەو جێنەخشی خودایەكی داهێنەرە. ئەو كەس و لایەنەی سنوور بۆ جەستە دادەنێن، نە خودا دەناسێن و نە ڕێزی دەگرن و نە دەشزانن ئەوەی خودا دروستیكردووە، خاوەن جەستەیە. بەهەشتیش جەستەی هەیە و كاتێك جەستەیبوونی بەهەشت ڕەتدەكەینەوە جەهەندەم دەخوڵقێنین، كە تیایدا جەستە دەتوێنرێتەوە، دەسووتێنرێت و لە ناودەبرێت و سەرلەنوێ زیندوو دەكرێتەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە لەناو ببرێتەوە. بۆیە بەهەشت خەونی بەردەوامی جەستەیەو جەهەننەم كۆتاییهێنانە بە جەستە.

3. ئەوەی كە خەڵقەندە بریتییە لە جەستەیەكی بینراو، نیشانەی بوونی دروستكەرەكەیەتی. مرۆڤ بەجەستەی خۆیەوە دەچێتە حزووری خوداو نوێژی بۆ دەكات. هونەری شانۆش هونەرێكی جەستەییە و لە شانۆی پانتۆمیمدا تەنیا جەستەیەكی مودریك و زانا و زیندوو قسە دەكات بەبێ ئەوەی دەنگ و وشەكان بەكار بهێنیت.. شانۆ بە دەنگهێنانی جەستەیە ئەوكاتەی وشەكان لە گوزارشكردن دەوەستن. ئیماندار بەبێدەنگی و لە دڵی خۆیدا لەگەڵ خودا دەئاخڤێت.. بۆیە ئەوەی بیەوێت شانۆ بوەستێنیت، نە خودا دەناسێت، نە ڕێزی جەستەیەكی لایە كە گوزارش دەكات. ئەو كاتەش كە جەستەو زمانەكەی قەدەخە دەكرێت، فاشیزم قسەی خۆی دەكات و ڕێك جەهەندەمێك لەسەر عەرد بۆ دروستكراوەكانی خودا دەخوڵقێنین..

4. بۆچی دەبێت مرۆڤ بە ناوی ئایینەوە وێنەیەكی ناشیرینمان لەسەر خودا پێشكەش بكات، كاتێك خودا بۆخۆی تەحەموولی ئیبلیسی كرد ڕەخنەی لێبگرێت و لە فەرمانی بچێتە دەرەوە؟ ئایا ئەوە فاشیزم نییە تۆ بتەوێت لە خودا خوداتر بیت و سزای مرۆڤ بدەیت لەبەر ئەوەی نومایشێكی كردووە بە دڵی تۆ نییە!.

5. پێویستە حكومەتی هەرێم بوێر بێت و ئەم سزایە لەسەر مرۆڤی ئەم وڵاتە هەڵگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئازادیی بژی و جەستەی خۆی نومایش بكات. پێویست ناكات ئێمە حكومەتمان لەناو حكومەت هەبێت. ئەگەر سنوورێك بۆ ئەم فەرمانە ئیلاهییانەی مرۆڤ بە ناوی خودا و ئایینەوە دانەنرێت، دۆزەخ لەبەرچاوی خۆمان دێتە سەر زەوی. بەڵام دۆزەخێك كەس بە ڕووخساری خۆیەوە ناخرێتە ناوی چونكە دەبێت لە ترسی ڤایرۆسكە بە ماسكەوە بچێت! ئەوسا قسەكردن لەسەر بەهەشت هیچ مانای نامێنیت و مژدە و سزا تیكەڵ بەیەكتر دەبن. نامەوێت دەمپیسیی هەندێك مەلا لەسەر ئەو دینە حساب بكەم كە پڕە لە خوداناسی و خۆشەویستی. نامەوێت هیچ مرۆڤێك لەم كۆمەڵگەیەدا بەناوی ئایینەوە ببێتە هەڕەشە بەسەر مرۆڤەكانیترەوە. بۆیە ئەم هەموو نەفرەتە لەمرۆڤ و شانۆ و هونەر بەناوی خودا و پیرۆزییەكانییەوە، ڕەتدەكەمەوە. دین ڕێگای خودایە بۆ ئەوەی مرۆڤ بێهنێتە سەر ڕێچكەی خۆی، نەك ئامرازی مرۆڤ بێت بۆ ئەوەی خودا بهێنیتە ئاستی نزمی بیركردنەوەی خۆی.. نامەوێت حكومەتی هەرێم بە هیچ پاساوێك ئەم سوكایەتییە میزاجییەی هەندێك مەلا، وەك ناڕەزایەتیی گەل، بەهەند بگرێت. پێوستە بگوترێت كە لێرەدا بوەستن چونكە ئێوە خودا نین. ڤایرۆسەكە خەریكە ڕووخساری مرۆڤانەمان داپۆشێت، دین بۆ ئەوە هاتووە ڕووخسارمان پارێزراو بێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی پەسڵانێ بە ڕووسوورییەوە بچینەوە بەر دیوانی خودا..

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations