حوكمڕانی تۆقێنەر

سەرتیپ جەوهەر
23.02.2020

لەهاوینی 2017 لەلایەن دەرباری لێپرسراوێكی باڵای حزب، هێزێكی چەكدار (وەك مولازم موحسین) هەڵیانكوتایە سەر ماڵم برایەكیان رفاندم، چوومە بنكە پۆلیس بۆ تۆماری سكاڵا، ئەفسەری بنكەكە وتی كاكە توشی كێشەمان مەكە، من ناتوانم ئەو سكاڵایەت لێوەرگرم، بڕۆ بەخۆت تۆڵەی خۆت بكەوە، پۆلیس چارەی تۆی پێناكرێت!!

ئاسایشی هەولێر دوو ئەندامی یەكێتی دەڕفێنێت و بەبەرچاوی هەموو دونیا لەسەر شاشەی تەلفزیۆن بەڕێوبەرەكەی دەڵێت ئێمە كادرێكمان لەسلێمانی دەستگیركراوە تا ئازاد نەكرێت ئەوانەی هەولێر ئازاد ناكرێن!!

سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر لەسەر رووداوێك كە پێدەچێت حزب تەكلیفی لێكردبێت هەڕەشە لە دادوەرێكی دادگای كەتنی هەولێر دەكات بۆئەوەی تۆمەتبارێك بە ناقانونی ئازاد بكات! رۆژی دواتریش كاتێك دادوەرەكە دەیەوێت لەسەر ئەو هەڕەشانە لەدادگا سكاڵا تۆماربكات، كەچی دادگا سكاڵاكەی لێ وەرناگرێت!!

لەوە خراپتر، دادوەرێك ماوەی تەوقیفی تۆمەتبارێك درێژ دەكاتەوەو نوسراو بۆ بەندیخانە دەكات، كەچی ئاسایشی گشتیی ئازادی كردووەو لەوڵامدا دەڵێت بێتاوان دەرچوو!! بەبێ‌ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ دادگاو دادوەر بكات.

تۆمەتبارانی دەستدرێژی كردنە سەر كچێكی حەوت ساڵان ئازاد دەكرێن (گوایە) چونكە خزمی لێپرسراوێكن، دوای چەند رۆژێك لەژێر گوشاری شەقام و توڕەیی خەڵك لەتۆڕی كۆمەڵایەتی دەستگیر دەكرێنەوە! باشە ئەگەر بەپێی قانون تۆمەتبارەكان شایەنی ئازادكردن نەبوون بۆچی ئازادكران؟ ئەی ئەگەر شایەنی ئازادكردن بوون بۆچی دەستگیركرانەوە؟

ئەوانەی سەرەوە بەشێكن لەوێنەی بچوككراوەی حوكمڕانیی كوردستان! كە هاوڵاتیانی تێیدا كەرامەتیان پارێزراو و ژیانیان ئەمین نییە، بگرە هەندێكجار دوای بێڕێزیی زۆر و ستەملێكردن هەوڵی ئەتككردنیشیان دەدرێت.

بەكورتی، خەریكە دامەزراوەكانی دەوڵەت نەك هیچ قیمەتێكیان نامێنێت، بەڵكو بونەتە مەقاشی دامەزراوەیەكی زۆر گەورەتری سەركوتكردن و ترس و تۆقاندن! تەماشاكەن دامەزراوەی ئاسایش كە لەبنەڕەتدا مەبەست لێی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و نەهێشتنی تیرۆرو تاوانە، كەچی ئاسایشەكەی ئێمە بۆتە دامەزراوەیەكی پڕ نهێنی و تۆقێنەری هاوڵاتیان، بۆتە دامەزراوەیەك بۆ رفاندن و بەبارمتەگرتن و كوشتنی هاوڵاتیان لەژێر ئەشكەنجەو ئازار! لەوە خراپتر بۆتە دامەزراوەیەكی حزبیی و ستراتیژییەتی پاراستنی حزبە نەك خەڵك!

تەماشاكەن، لە وڵاتان دامەزراوەی دادوەریی دامەزراوەی گرەنتیكردنی مافی هاوڵاتیان و هێنانەدی دادپەروەرییەو دادوەرانیش دوورن لەهەموو كاریگەریی ململانێیەكی سیاسی، كەچی لە هەولێر بەشێك لە دادوەران بەرۆژی روناك بەچەپڵەرێزانەوە بەشداریی لەكەمپینی حزبدا دەكەن و هەلهەلە بۆ سەركەوتنی حزب لێدەدەن! بەشێكن لە دامەزراوەی ترساندن و هەڕەشەكردن!

دامەزراوەی پۆلیس هیچ پێناسەیەك نایگرێتەوە، ئەوەتا لەبری ئەوەی ئەو دامەزراوەیە ببێتە هۆكاری سەقامگیریی و دابینكردنی ئاسایشی كۆمەڵگا، وەك ئۆرگانێكی حزبیی كاردەكات لەدەرەوەی قانون و پرەنسیپەكانی پاراستنی ژیان و كەرامەتی مرۆڤ هەڵسوكەوت دەكات. لەدوای هەموو تاوانێك كە كۆمەڵگا لێی دێتە وڵام و دەبێتە باسی رۆژ، سیناریۆیەكی لاوازو دوور لەهەموو مەنتقێك دەهێننە گۆڕێ و دواتر لێی پەشیمان دەبنەوە! سیناریۆیەك هەندێجار شەرمەزاریی نەبێت هیچی تری بەدواوە نییە، بەڵام عەرەب وتەنی "المفلس فی القافلە امین".

گومان خستنە سەر هەموو رووداوێكی ئەم كۆمەڵگایە، پەیوەندی بەرووداوەكە یان بكەرانییەوە نییە، بەڵكو دامەزراوەكانی دەوڵەت یان حوكمڕانیی هیچ متمانەیەكیان لای خەڵك نەماوە، تەواوی دامەزراوەكان بوونەتە بەشێك لە پێویستییەكانی حزب تەنها لۆگۆو رەنگی كەمێك جیاوازە! بۆیە بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بەباوكی ئەو كچە 8 ساڵیە حزبیانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەك دەكات كە وەكخۆی دەڵێت ستەمی لێكراوە.

ئەوەی روودەدات تەنها لایەنێكی سیاسی دیاریكراو لێی بەرپرس نییە، بەڵكو هەموو گروپ و لایەنە سیاسییەكان لێی بەرپرسن. ئەو لایەنانەی بەشێك نین لەرووداوەكە بەقەد لێپرسراوانی هەولێر بەرپرسێتیان لەئەستۆیە، بەرپرسێتی رێگریكردن لەم دۆخەو قەبوڵكردنی بەردەوامبونی ئەم دۆخە، نەك تەنها بەیاننامە دەركردن و بەكاڵاكردنی رووداوێك لەپێناو خواست و موزایەدەی سیاسیی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations