لەپشت ئیندپێندنتەوە

هونەر تۆفیق
22.02.2020

هەڵبژاردنی ئیندپێندنتی عەرەبی لەلایەن بارزانیەوە بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی ریفراندۆم مانادارە ۰ ماناکەشی لە سیڤی سەرنووسەرە سعودیەکەیەوە عەزوان ئەخزەریەوە دەردەکەوێت کە هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ بارزانیدا سازداوە۰

ئیندپێندنتی عەرەبی موڵکی سعودیەی عەرەبی یە و ماوەی ساڵێکە بە زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی بۆ خزمەتی سعودیە و پەیامە سیاسیەکانی دەستیپێکردووە، سەر بە کۆمپانیای راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ماڵی پادشایە۰

پرسیارەکانی عەزوان ماکیرانە و وەڵامەکانیش مەترسیدارن لە کەسی مەسعود بارزانیەوە ٫ چونکە ناکۆکیەکان لەم ساتە هەستیارەی ناوچەکەدا گەرمتر دەکاتەوە۰

ئەوەی مەبەستی عەزوان بوو ئەو گوتانە لە بارزانی وەربگرێت کە ئێران کەرکوکی داگیرکردووە و حەشدی شەعبی هێزێکی شیعی شەڕانگێزن دژ بەکورد و سونە، ئەگەر ئەوان و هێزێکی تری کوردی نەبوایە وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی ٫ ئەو لە ریفراندۆمەکەیدا سەرکەوتو دەبوو ۰ بارزانی بەخۆی لای عەزوانی سعودی باسی ناپاکی ئەمریکا دەکات لە بەرانبەریدا و دەڵێت پشتیان لێکردوم ٫ ستایشی وڵاتانی خلیج و سعودیەکەی عەزوانیش دەکات کە ئارامگیربوون لەئاست ریفراندۆمەکەیدا۰

ئەوەی لەپشت ئەم دەرکەوتنەی ئیندپێندنتی سعودیەوە دەبینرێت تارمایی ئاشوبێکی ترە هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی ئەردەن و ریازی ۲۰۱٤ ۰ ئەوەش ویستەکەی عەزوان بوو کە ئەو پەیامە بگەیەنێت۰

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations