ئاخ باوكایەتی

زانا عەبدولرەحمان
21.02.2020

باوكی ئازیز خەم لە چی ئەخۆیت , تۆ پاڵەوانی ئەم سەردەمی حكومرانیەی , ئەم میلەتە هەموو دەستدرێژی كراوەتەسەر ،هەموومان ئەتكراوین لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە.

ماڵ و بازار و كۆڵان و زانكۆ و دائیرە و هەموو سێکتەرە گرنگەکان هەموو دەستدرێژیان كراوەتە سەر،تەنانەت مزگەوت كە ماڵی خودایە،دەستدرێژی كراوەتە سەر ئەی نەتبینی پیرە پیاوێكی خواناسی نەجیبیان چۆن خەڵتانی خۆێنی خۆی كرد لە ناو حەرەمی مزگەوت،ئەی ریشی مەلایان نەسوتاند لە ماڵی خودا
لێرە یەك شوێنی ئەمین نەماوە،مرۆڤ تیایدا هەوای ئاسودەی هەڵمژێت،ئێمە هەموومان ئەتكراوین.

بەڵام تۆ پیاو و ئازا و پاڵەوانی،كە توانیوتە دەنگە کپ کردوەکەی ناخت هەڵبری و لە جیات هەموومان هاوار بکەیت.

ئێمە هەموومان سەرمان كزكردوە و ترسنۆكین.

بۆیە تۆ جێگەی بەزەیی و شەرم نیت،بەڵکو ئەم كۆمەڵگایە جێگەی بەزەییە و شورەییەکی گەورەیە.

تۆ ئەزانیت خوداش رەحمی بۆ گەلی ترسنۆك و بێ هەڵوێست نیە؟

دڵنیابە خەڵك بەدرۆ لەگەل تۆن،بەڵام خودا بەراستی پشتی تۆیە،رۆژێك دێ ئەم دەسەڵات و کۆمەڵگایە و ئەوان باجی ئەمە تاوانە گەورەیە ئەدەن.
بۆیە پشتی كچەكەت مەكەرە كامێرەكان،شەقێك لە مافی مرۆڤ هەڵدە وبا سنگی کچە نەشمیلەکەت لە ئێمەبێت، بۆ ئەوەی پێمان بڵێت كە ئێمە چەند بێغیرەتین چەند ترسنۆك و بێ شەرمین.

كە هەمووشتێك قبوڵ ئەكەین لە پێناو سەلامەتی و ژێردەستەیی.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations