لە كۆرۆنا مەترسیدارترمان هەیە

عەتا کەریم
18.02.2020

ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كۆماری میللیی چینەوە دەركەوتووە، بەڵام جیهانی خستۆتە ئامادەباشییەوە و دیوە ترسناك و ترساندنەكەی زاڵتركراوە، لەكاتێكدا ئەگەر بەراوردی قوربانیانی كۆرۆنا بكرێت بە خودی توانای زانستی پزیشكی و قەبارەی مرۆیی چین و هەروەها خێرایی لە بەرەنگاربوونەوە و بەرپێگرتنی، ئەوا قەبارەكە بچووك دەكاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە راگەیەندراوەكانی تەندروستی ئەو وڵاتە تائێستا (910) كەس بە كۆرۆنا مردوون و 36 هەزار و 722 كەس تووشبون و 2 هەزار و 922 كەسیش چارەسەركراون. ئەم قەبارەیە بۆ دەوڵەتێكە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 1ملیار و 400 ملیۆن كەسە!، وەك توانای بەرەنگاریش، هەموو هەوڵێكی پزیشكیی لەگەڕدایە هەم بۆ دۆزینەوەی دژەكۆرۆنا، هەمیش گەورەترین نەخۆشخانەی 1000 قەرەوێڵەیی لە كەمتر لە 10 رۆژدا تەواوكراوە، كە ئەمە تەنیا بەچین خۆی دەكرێت.

خۆپاراستن گرنگە، بەڵام نەك بەو شێوەیەی قەبارەی ترساندنەكەی گەورە بكرێت، كورد لە هەرێم لە نموونەی ترسێندراوەكەیە، هێشتا دۆخی خۆی لە چین شپرزەتر نیشان دەدات، هۆكارەكەش لەوەوە سەرچاوە دەكرێت كە ئاستی كۆنترۆڵكردن و قەبارەی خەمخۆریی ئاستە تەندروستی و حومكڕانییەكەمان، لە كۆرۆناكە مەترسیدار ترە، چونكە كارەساتی زۆر لەوە گەورەتر لەدەوروبەرمان و لە هەناوی كوردەواریدا روودەدەن كە بێباكی و خەمساردیی لە ئاست چارەسەریاندا مەترسییەكی گەورەترە، كە هەندێكیان ئەم نموونە و قەبارەیەن.

*تەنیا لە 4 ساڵی رابردوو ( 2015- 2019) لە هەرێمەوە زیاتر لە (562293) هاونیشتمانی لە دۆخی خراپی هەرێم سەری خۆیان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵگرتووە و 413 كەسیان گیانیان سپاردووە، كە كەمێك لە ژمارەی قوربانییەكانی كۆرۆنای چین كەمترە!

*103 هەزار كەمئەندام لە هەرێم هەن و ژیان و گوزرەرانیان بەجۆرێكە كەمترین مووچەیان بە پەڵپ و بیانووەوە دەدرێتێ.

*زیاتر لە 14 ترلیۆنی مووچەخۆرانی ئەم هەرێمە لای حكومەتە و توانای دانەوەشی نییە!

*هەرێمێك خاوەنی 58 بلۆكی نەوتی بێت و هێشتا توانای دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییەكانی نییە و بەبێ سووتەمەنی سەرمای زستان بەڕێ دەكەن.

*دانیشتووانی هەرێم 5 ملیۆن و 700 هەزارە، بەڵام ملیۆنێك و 607 هەزار ئۆتۆمبێلی هەیە، كە زۆربەیان بە شەقامی ساڵی 50 كاندا دەئاژون.

*تەنیا لەساڵی 2019دا 1712 كەس بەتۆمەتی تلیاك و مادەی هۆشبەر دەستگیركراون!

*40 %ی خانەنشینی سەربازی لە حكومەت دا نا یاسایین و لە 129 لیوا 25 %ی نایاسایین.

*16 هەزاز خاوەن پێگەی نایاسایی لە حكومەتدا هەن.

*50 هەزار فرەمووچە لە حكومەتدا هەن و بایۆمەتریی ئاشكرایكرد.

*لە 33 مانگی رابردووی ئەم هەرێمەدا 11 هەزار و 921 رووداوی هاتوچۆ هەبووە، كە بەهۆیەوە 18 هەزار و 634 بوونەتە قوربانی و 1772كەسیان گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان بەهۆكاری خراپیی رێگاوبانەكانی هەرێمەوەیە.

*لەساڵی پاردا 7381پرۆسەی هاوسەرگیریی هەڵوەشاوەتەوە.

*بەپێی خەمڵاندنی تەندروستی لە هەرێم ساڵانە 8500كەس تووشی شێرپەنجە دەبن!

ئەم ژمارە و داتایانەی لە هەرێمدا و رۆژانە لە دەوروبەرمان روودەدەن، نموونەیەكی بچووكن لەو كارەساتە گەورانەی كوردەواریی كەچی هێشتا ناترسین، بەڵام بە كۆرۆناكەی چین ترسێندراوین.

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ لە كۆرۆنا مەترسیدارترمان هەیە 11/02/2020 ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كۆماری میللیی چینەوە دەركەوتووە، بەڵام جیهانی خستۆتە ئامادەباشییەوە و دیوە ترسناك و ...

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations