گەڕان بەدوای ئازادیدا!

دەوەن بەکر
17.02.2020


وێنە گەورەکەی ئازادی ئەوەیە حیزب بەردەوام لە ڕێگای میدیاوە وەک کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکرات پێشانی دەرەوەی دەدات. لە ڕێگەی ڤیستیڤاڵ و کۆبونەوە مودەکانی سەردەم. بەڵام ئەوە ئازادی نیە، جوانترە ناوی بنێین مهرەجان و شادبونی حیزبی. بەو شێوەیەش شتەکان لە نەبونی ئازادیدا، هەر چەند ئاوەدان و رێکوجوانبن پوچن، چونکە بژاردەی ئێمەنین. 

ئازادیش شتێکە دەبێت لە دەرەوەی حیزبدا بۆی بگەڕێن، تا نزیکتربینەوە لە حیزب دەچینە ناو فەزا گەورەکەی حیزب کەموکوڕی و ناشرینیەکان نابینین. بۆ ئەوەی بزانین ئازادیەکەمان بێخەوش و دروستە، دەبێت وەک هەڵواسینی تابلۆیەک لە دورەوە سەیر بکەین. بەو شێویەیەش دەبێ لەدوری حیزبەوە سەیری ئازادیەکەمان بکەین بزانین چۆنە.

لەو شوێنەی مافی هەڵبژاردنمان نیە زیاتر لە دووانەی حیزب، ئەوەی پێمانی دەبەخشن ماف نیە، خێری حیزبیە. خێریش دیارە بەبەزەیانەیە، لە سنوری لایەنگرانی حیزبدا تێپەڕ ناکا. ئەو بەزەییەی کە لە پاڵ خۆیدا ئازادی دەبات دەنگمان کپ دەکا. نە مافە نە خێر، بەڵکو بەکویلەکردنێکی ڕێکخراوە. ئێمە ناومان ناوە لایەنگری حیزبی.

بەو پێیەی ئازادی خۆی بژاردەی سێیەمە، پرۆژەیەکی هەلسەنگێندراوە نەک یەکێک لە دووانەیی. حیزبی کوردیش بەردەوام کار لەسەر دوالیزمی بژاردن دەکات. سەوز و زەرد، جاش و نیشتمانپەروەر، ریفراندۆمچی عێراقچی. ئازادیش دەبێت زیاتر لە چەند بژاردەیەک بێت، واتا ئێمە نەکەوینە ناو سنوری دیاریکردنی پێشنیارەکانی حیزب. لە کاتێکدا بژاردەی سێیەم وەک کفری حیزبی دەبینرێت. دەبێت توانای خوڵقاندنی جۆرێکی نوێمان هەبێت.ئازادی ئەوەیە هەموو دوانەکان و شتێکی تری خۆمانی بخەینە سەر، سەروتر لە حیزب و کۆمەڵگا. ناشبینە ئازادیخواز بەوەی ئێمە لە سەر بنەمای ڕقی حیزبی بژاردنی دوانەی حیزبێک ڕەتبکەینەوە، باوەش بە بژاردەیەکدا بدەین. چونکە ڕقیش وەک لایەنگری ترسناکە و ڕامان دەکێشێت. کاتێک ڕقی حیزبی ئاڕاستەمان دەکا بۆ لایەکی تر لە دەرئەمجامدا ئێمە هەر لە ڕێگەی حیزبەوە ئاڕاستە دەکرێین. خود سەنتەری بەلاوە دەنێین حیزب سەنتەری ئەو بۆشایەمان بۆ پڕدەکاتەوە. ڕاست و دروستیش ئەوەیە ئازادی ئاڕاستەمان بکات. کاتێکیش حیزب یان هەر چیەکی تر ئازادی ئاڕاستە دەکات ئیتر هەرچیەکبێ ئازادی نیە، شتێکە دەستی دووی حیزبە.

ئەو شتەی لە بازنە فراوانەکە خزمەتی گشتی دەکات. کاتێک بە فلتەری حیزبیدا تێپەڕدەبێت ماناکەی لەدەستدەدا. لە خزمەت چینێکدا بەکاردێت. بە چینێک کەڵەگایی بە زمانە حیزبیەکە دەست ڕۆیشتوانی حیزب، و بە چینی نەیاران سەرکوتکردن، بە ئەندامانی بێدەنگی دەبەخشێت. لەو نێوانەش ئەوەی کۆمەڵگای پێکهێناوە زۆرینە چینی دەست رۆیشتوانی حیزب و لایەنگرانی حیزبین. ڕونیشە لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە ئەوەی هەیە کۆمەڵگای مەدەنی ئازاد ماف و یەکسان و دادپەروەر نیە، بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەی حیزبیە. حیزبیترین دۆخی کۆمەڵایەتیش، کۆمەڵگای کوردیە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations