ئەی ئیمیرالی!

ماجد خەلیل
17.02.2020

دەزانی دەستی رەشی مێژوو، بەتەوقی بەرد بە بەردی بەندیخانەکەتەوە بۆتە دیزاینی دڕندەیی مرۆڤ؟

ئای ئیمیرالی، بەچ زمانێکی زیندان لەگەڵ ئازادیدا دەدوێی؟ بەچ ویژدانێکی وردوخاش لەگەڵ بوێری و بەرائەتدا دێیتەگۆ؟

وا بیست و دوو ساڵە دوورگەیەکی دوور دووری کەلتوری کەلەپچە و کوێربوونەوە ئاڵاوەتە ئاوەدانی و عەقڵی ئازادو ئازا.

بیست و دوو ساڵە پیاوێک، لەبەرگی پیاودا نا، لە بەرگی مرۆڤێکی سەلاردا، لەبەرگی کچ و کێودا، لەبەرگی گەنج و گیرفانی بەتاڵی کرێکاردا، لە بەرگی ژن و ژانی کیشوەرێکدا، لەبەرگی زاڕۆ و زەمی مێژوودا.

تاوێک لێرە بوو، لەم بەندیخانە بندەست و چوار چەپاوەی کوردستاندا.

ئەو زۆرترین كاریگه‌ریی و كاری له‌سه‌ر رایه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و رابوونی هزری مرۆڤی كورد كرد.

قوڵتڕ له‌ قه‌یرانی زاراوه‌و زمان، كه‌ڵچه‌رو كۆسپه‌كانی كورد و مەودای مەزھەب و مەژگی ئایین ده‌یڕوانی، ته‌نێ تیۆره‌كانی مانیفێستەکەی نه‌بوو، كه‌ له‌هه‌ناوی هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و کەلتورییەکەی كوردا مێژووی له‌ سفره‌وه‌ نوسییه‌وه‌.

ئەو جیاواز بوو، جیا لە نیپۆتیزم و نیوە شۆڕشەکانی تر، جیا لە جیناتی خیانەت و خەباتی هەرەس، جیا لە ئەزمونی پاشاگەردانی و تارنانی ئەلفوبێی کوردەواری،ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ورۆ ده‌بینرێت، پراكتیكی پێناوێکی پرشنگدارە، تیۆری تێڕامانێکی سیاسیی دەگمەن و دەستورسازە‌.

ئیدی ناكرێت بڵێین مێژوو له‌ سفره‌وه‌ نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌، چوون ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گوزه‌رێ، به‌كه‌سی دی نه‌گوزەراوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations