١٧ی شوباتێکی دیکەی چارەنوسساز

كەمال چۆمانی
17.02.2020

تێڕوانینی خەڵک بۆ گۆڕانکاریی، یان خەونی خەڵک بۆ گۆڕانکاریی نەگۆڕاوە، ئەوەی گۆڕاوە تێڕوانینی خەڵکە بۆ کردار بۆ گۆڕانکاریی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانە. دوای ١٧ی شوباتی ٢٠١١، دەتوانین بڵێین زۆربەی هێز و گروپ و ئەکتەرەکان بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە هەرێمی کوردستان، یان تەسلیمی ئیرادەی دو هێزی دڵڕەقی گەندەڵ بون و بونە بەشێک لە سیستەمی چەتەگەرایی نەوت و حوکمڕانیی گەندەڵ، یان نەیانتوانی جۆری ناڕەزایەتیی و خەباتی مەدەنیی بگوازنەوە قۆناغێکی تر. ئەمە خەڵکی بێهیوا کرد نەک دڵڕەقیی دەستەڵاتدارێتیی دو حیزب کە لەڕێی میلیشیا حیزبییەکانیانەوە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان کرد.

خەڵک دەیزانی و دەشزانێت دەستەڵاتی میلیشیایی واز لە دەستەڵات ناهێنێت چونکە بێ دەستەڵات، کە زامنی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهاتە لە هەرێمی کوردستان، نە یەکێتیی و نە پارتیی ناتوانن هیچ کاتێک ببنە جێی متمانەی خەڵک. بۆ ئەوەش دەیانزانی و ئێستاش دەزانن ئەو دو هێزە چی دڵڕەقیی و توندوتیژیی هەیە بەکاریدێنن بۆ مانەوە، چونکە ئەوەی ئەوان دەهێڵێتەوە نە حوکمڕانییەکەیانە، نە ئایدیۆلۆژیاکەیان، نە مێژو و نە جەماوەرەکەیان. مانەوەی ئەوان پەیوەستە بەو سیستەمە چەتەگەرایییە دارایییە و میلیشیایییە حیزبیی و بنەماڵەیییە.

بۆیە، نە ناڕەزایەتییەکان کۆتایییان هاتوە، و نە کۆتاییشیان دێت. ئەوەی کۆتایی هاتوە، تەنها تێڕوانینی خەڵکە بۆ متمانەوە بەخشین بەو ئەکتەر و هێز و گروپانەی کە بڕیار بو نەبنە بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانیی یەکێتیی و پارتیی و بڕیار بو لە بەرەی خەڵک بمێننەوە.

بۆ بێدەنگیی خەڵک زۆر هۆکاری ناوخۆیی، عێڕاقیی، هەرێمیی و ناودەوڵەتییش هەن، بەڵام هیچیان -لای کەم بۆ من- هێندەی بێهیوابونی خەڵک لەوانەی کە بڕیار بو لەگەڵ خەڵک بن کاریگەر نەبوە.

بۆ جاری داهاتو کە خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی گەشەدەکاتەوە، پێویستە لە خۆپیشاندەرانی عێڕاق فێرببین کە تەنانەت موقتەدا سەدڕیش نەیتوانی کۆنترۆڵیان بکات. ئەگەر بەربەستی بەردەمی ئێستای دروستبونەوەی ناڕەزایەتییەکان نەبونی سەرکردایەتیی بێت، ئەوا لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و تا ٢٠١٨ش هەبونی سەرکردایەتییەکی بێشومار و فرە-بەرژەوەندیی جیاواز بو. دەستەڵاتدارێتیی یەکێتیی و پارتیی و بەشدارپێکراوەکان ناتوانێت چاکسازیی بکات، بۆیە؛ ناڕەزایەتییەکان دروستدەبنەوە، بەڵام ئەمجارە کە دروستببنەوە چارەنوسساز دەبن. ناڕەزایەتیی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان کەمتر رێ بەوانە دەدات کە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکاتە پلیکانەیەک بۆ بەدەستهێنانی پارچەیەک لە کێکەکە.

زۆر هەڵەن ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن حوکمڕانیی سێ دەیە لە گەندەڵیی و خراپبەکارهێنانی دەستەڵات بۆ ئەبەد لەڕێی بێدەنگکردن لەڕێی توندوتیژیی و کڕینەوە بەردەوامیی پێبدەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations