ئافرەتان کاڵا نین ..

دێرین عزەدین
15.02.2020


 (ئێمە کاڵا نین بازرگانیمان پێوە بکرێت، ئامێرنین چێژمان لێوەربگرن، کۆیلەو خزمەتگوزار نین کڕین و فرۆشمان پێوە بکەن)
بەڵکو ئێمەی ژن خولقێنەری ژیانین ھاو شانی پیاوانین.
مێژووی نوێی گەلەکەمان ژنانی وەکو سومبلی بەرخودان و وەستانەوەو گیان بازی پیشانداین لەئاست دڕندەیی سەرمایەداری و شەڕی ناوچەگەری و چەتەگەرایی لەڕێی وەستانەوە بەڕووی دڕندەترین گروپ و مرۆڤ کوژی وەکو (داعش ) ئەو داستان و نەبەردیانەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان تۆماریان کرد لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەو ڕاستیەی پیشان بەھەمووان دایەوە تەنانەت وڵاتانی زلھێزیش کە ژن پێناسەی ھەڵەی بۆ کراوە بەدرێژایی مێژوو بۆیە جوانکردنی ژیان لەلایەن ژنانی ڕۆژئاواوە
 بەجیھان پیشان درا.
لەھەرێمی کوردستانیش ژنان لەدۆخێکی زۆر خراپدان، چونکە بەردەوام پێگەی پاشکۆبوونی بۆ دیاری کراوە، ھەروەک لەکایە سیاسیەکاندا بۆ کاری سیاسی پیاوان بەکاردەھێنرێن و ھەموو لایەنێکی سیاسی چەند کورسیێکی لەمەکتەب سیاسیەکەیدا داناوە تایبەت بەژنان وەکو چاکەکاری و خێرپێکردن.
ھەرگیز سەرکەوتنی ئافرەت لەکەم کردنەوەی نرخی پیاو نیە ،بەڵکو بە پێچەوانەوەگەشەی ژنان دەبێتە ھۆی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی وکومەڵگا،بۆیە پێویستە خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشانی ئافرەتان ھاوشانی یەکدی بن .
ھەمووان دەڵێین ژن نیوەی کۆمەڵەو نیوەکەی تریشی پەروەردە کردووە، بەڵام  تەنانەت مافی بڕیاردانیشیان لێ سەنراوەتەوە بەھۆکاری ئەوەی کەتەنھا (ژنن)، ئەمەش تەنھا سەپاندنی ئارەزوی پیاوانە کەھەمان ئاستی مرۆڤ بوون دەیانگرێتەوە.
ژن لەزاکیرەی وڵاتانی ئیسلامیدا مەودای ئازادیەکەی زۆر بچوکە ئەمە لەدەرەوەی یاساوە 
بۆیە یاساش بە ئیسفادەکردن لەم زاکیرەیە دێت ئازادی زیاتر لێ ئەسەنرێتەوە، خۆ ئەگەر یاسا لەکوردستاندا کەمێک فراوانتر بکرێت ئەوا بەدلنیایەوە دیسانەوە زاکیرەی کۆمەلایەتی بەغەدری ئەزانێت و لە دەرفەتە جیاوازەکاندا ئەیقۆزێتەوە تا بیگەرێنێتەوە بۆ دۆخەکەی خۆی ھەر وەک ئەو زەبرە کۆمەلایەتیانەی لەژن ئەدرێن لەنێو کۆمەڵگادا لەژێر ناوی شەرەفی خێزان و عەشیرەتدا تەنانەت تا ئەندام پەرلەمانەکانیش ئەروات و گرتەی شەرەفی ئەبێتە ھەرەشەیەکی کۆمەلایەتی و ئەگەرێنرێتەوە بۆ سنورە کۆمەلایەتیەکان ھەرچەن بەیاساش مافی خۆی بێت بەڵام ھەر ئافرەت بەتاوان بار ئەزانن ..
‎لە کۆمەڵگای کوردیدا (شەرەف ، ناموس ، ئەخلاق ) ڕیشەیەکیان هەیە هەموو تەرکیزیان لەسەر جەستە هەڵسوکەوتی ژنە ، لەم ڕوانگەیەوە جەستەی هیچ ژنێک بەتەنها موڵکی خۆی نییە بەڵکو موڵکی خێزان و بنەماڵەو عەشرەتە ، هەر (لادانێکی ژنەکە ) لە عورف و ئاینی باو دەبێتە پەڵەیەکی ناشرین بە نێوبانگی دەوروبەرەکەیەوە ! 
‎بەڵام بۆ خەڵکێک کە بڕوای بە ئازادی تاک هەبێت خۆی بە کەسێکی ئازادیخواز دەبینێت ( جا دیندارە یان بێدینە یان فێمێنیست یاخود ڕۆشنبیر ) ئەم چەمکانە یان هیچ مانایەکیان نییە یاخود ماناکانیان پەیوەندیان بە بابەتی جەستەوە نییە ، خەڵکێک بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە بڕوایان بە ئازادی تاک هەیەو کەس شەرەفی کەس نییە، بەڵام کاتێک قسەکە دێتە سەر خۆیان بەوە دیفاع لەخۆیان دەکەن کە خەڵکێکی داوێن پاک و بەئەخلاق و بەشەرەفن ! بەدەگمەن پیاوی بە حساب ڕۆشنبیر هەیە لەوە نەترسێت  کە تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دروست بکرێت یان پەیوەندییە سۆزداریەکانی ئاشکرا بکرێت لە کاتێکدا خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات ئەم شتانە ئازادی تاکن و بانگەشەیان بۆ دەکات !
ژنانی چه‌وساوه‌ی ناو ماڵ و شوێنكاره‌كان، پێویسته ده‌ست له‌ ناو ده‌ست ‌ خه‌باتێكی سه‌راپاگیر دژ به‌م بیرکردنەوانە بگۆرن . 
ژنان و پیاوان هه‌ردوو به‌ به‌رده‌وامی كراون به‌ قوربانی "شه‌ره‌ف" هه‌ر له‌ شه‌ره‌فی زه‌وییه‌وه‌ بیگرە تا دەگات بە شه‌ره‌فی ژن و پاره‌ و نیشتیمان و هتد...
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەرکات ئێمەی ژن لە سەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی قسەیەکمان کرد لە لایەن زۆرینەیەکی کۆمەڵگاوە ڕوبەڕومان ئەبێتەوە.
دیارە هەرگیز پرسیار لە سەر براو کوڕەکانمان ناکەن کە ئەگەر خۆیان واتەنی "شتیکیان" کرد بەڵام هەمیشە پرسیارەکە لە سەر "خوشک و ژن و دایک و کچەکەتە".
تەنانەت ئەو کاتانەش کە پێشیان وایە تۆ هەڵەت کردوەو قسەی نەشیاوت بەرانبەر دیدی ئەوان یان ویستی ئەوان کردوە دێن
"دایک و  ژن وخوشکت" ئەدەنە بەر جنێو بەڵام  هەرگیز جنێو بە براکەتو کوڕەکەت نادەن!
ئەوەی زۆر سەیرە ئەوان لە سەر ئەوە لێت تووڕە ئەبن کە تۆ بە مەترسی دائەنێن بۆ سەر ئەخلاقی کۆمەڵگا کەچی خۆیان تاکە چەکی دەستیان بۆ ڕوبەڕونەوە جنێو دانە بە خوشک و دایک و مێینەکانی خێزانەکەت.
کارەسات ئەوەیە زۆرینەی زۆری ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان جنێو ئەدەن گەنجن و خوێندەوارن.
دیاردەی جنێو دان لە ناو کوردا لە ئامرازی خۆ بەتاڵ کردنەوەی ڕقێکەوە بوە بە وێردی سەر زمانی ڕۆژانەی نیوەی زیاتری کۆمەڵگا.
هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگا سبەینان لە ماڵ دەرچوو لانی کەم یان بڕێک جنێو ئەدا یان بڕێک جنێوی پێ ئەدرێ.
ئاشکراشە هەموو جنێوەکان بۆ  ژنەکانن.
لە ترافیکا کەسێک هۆڕن لێ ئەداو ئیزعاجت ئەکا تۆ جنێو بە دایک و خوشک و ژنەکەی ئەدەیت و ئەو کاتەش تۆ ئەو ئیزعاج ئەکەیت یان  ئەدەیت بە ناو ئاوێکاو ئەو پیس ئەکەیت هەمان شێوە.
ئێمەی کورد تەنانەت جنێو بەو گۆرانی بێژەش ئەدەین کە حەزمان لە دەنگی نیەو بەو گۆرانی بێژەشی ئەدەین کە حەزمان لە دەنگیەتی!.
ئەمە ئەو زوڵم و زۆرداری و بەکەم سێرکردنی ئافرەتانایە کە لەکۆمەڵگای ئێمەدا ڕووئەدەن .
کوردستان ھەرگیز نابێتە ژن سالاری چونکە گشتمان دەزانین پیاو دەسەڵاتی زاڵە، لە وڵاتانی ئەوروپاش کوشتن نیە لەسەر ئەو شتانە لەوێ کە کەسێ خیانەتی کرد شتێکی وایکرد تەڵاق دەدرێ وەک ئێرە نابردرێتە چۆڵیەک و قوربانی فیشەکێک بکرێ ! 
 کوشتن لەسەر شەرەف بەس لێرە هەیە
‏لەگەڵ ئەوەی هیچ تاوانێک شایانی کوشتن نیە
بەڵام ھەیە پیاوە خێزاندارە و منداڵی ھەیە بەڵام خیانەتی جەستەی و رۆحی ئەکات و ئەگەر ئاشکراش بوو ژن ئەبێت لەبەر کەس و کار و منداڵەکانی لێ ی خۆش ببێت و ئەمەش وا ئەکات پیاو بەردەوام بێت لەسەر خیانەت کردن.
لە کوردستان خیانەت بۆ پیاوان رێگەپێدراوە و زۆر بە ئاشکرا ئەکرێت 
بەڵام پیاوێک نابینرێت لەسەر خیانەت کوژرابێت .
بە شێوەیەکی بەرچاو تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەکار ئەھێنن بۆ قسەکردن و نزیک بونەوە لە ئافرەت و دەربرنی سۆز و وشەی عاتیفە ، راکێشانی سەرنجی ئافرەتان بۆ لای خۆیان ئەمەش وا ئەکات ئافرەت وەکو کاڵایەک ببینێرت و بەکار بھێرنێت بۆ خۆ خاڵی کردنەوە و یاری کردن بە ھەست و شعوری ئافرەت . 
ئافرەت ھەرخزمەت کار نییە ئافرەت بۆ پڕکردنەوەی ئارەزووەکانی خۆت نییە،ئافرەت مرۆڤی دەرەجەی دوو نییە ،ئافرەت بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان نییە.
ئافرەت دایکێکی مێھرەبانە، خوشکێکی گەورەیە  کەسێکە بەمانا خۆشەویستی ئەبەخشێت بەژیان .
ھەرکات رێزگرتن لەئافرەت کرابە کلتور ئەوکات ژیان مانایەکی تر ئەبەخشێت 
نەھەموو ئافرەتێک دایکەو نەھەموو پیاوێک پیاوە.
لێرە ھەرکەسێک ئافرەت نەبوو مەرج نییە پیاویش بێت ..

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations