كابۆسی تاقیكردنەوە و خەمی خوێندكاران

نیاز نەجمەدین
10.02.2020

دوێنی شەو شتێكی كورتم دەربارەی خوێندنی باڵا نوسی. دوای هەندێك فیدباك، بە پێویستی دەزانم بۆچونەكە رونتر بكەمەوە.

هیچ دوو دڵیی ناوێت سیستم منداڵ بە لاڕێدا دەبات. منداڵ سیستمی دانەڕشتووە. گەورەبوون و كەوتونەتە ناو سیستمێكەوە كە جیاكاریی بەرهەمدەهێنێت، فەزڵی ئەمدەدات بەسەر ئەودا لەسەر بنەمای نازانستیی و نائینسانیی. ئەوان بە تەنیا چی بكەن؟ زۆرجار چاریان نییە جگە لەوەی خۆیان بپارێزن. هەندێكیان تەنها دەیانەوێت غەدریان لێ نەكرێت.

لەناو سیستمدا، هەندێكجار مامۆستا دەبێت بە كابوس بۆ خوێندكارەكەی. ئەو دەرفەتەی ناوی خوێندنە بە دەست مامۆستایە. لەم وڵاتانەدا، دەرفەتی خوێندن كەمە، بەتایبەت خوێندنی كوالتی بە نرخی گونجاو هەر زۆر كەمە. مامۆستا روبەرێكی فراوانی دەكەوێتەدەست یاریی بە چارەنوسی خوێندكارەكانی بكات.

بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە لەبەرئەوەی سیستم خراپە ئێمە چۆكی لەبەردەمدا دابدەین؟ نەخێر. بە پێچەوانەوە، تەسلیمنەبون و مقاوەمەت سیستم ناچار دەكات زیاتر لەبەردەم بەرژەوەندیی خوێندكاراندا بكرێتەوە و رێگای هێنانەدی خەونەكەیان ئاسان بكات.

بەڵام بەودیودا ئایا مامۆستا دەبێت ببێت بە كابوس و لە تاقیكردنەوەدا خوێندكاران وەڕس و بێزاربكات؟ نەخێر.

لێرەدا پێویستمان بەوە هەیە لە خەمی خوێندكاران تێبگەین. هەرچی هەڵئەسێ و ئەبێ به كابوس بۆ خوێندكاری ئێمە (لە خێزاندا، لە كۆڵاندا، لە حزبدا، هتد)، ئینجا لە دنیایەك شت بێبەشە. بێماناشە خوێندكار یەك جار بەختی هەبێت، ئەگەر لە تاقیكردنەوەكەدا دەرنەچوو ئیتر دەرفەتەكەی لە كیس بچێت. تۆش ئەیخەیتە ژێر باری دنیایەك مەنهەجی بێكەڵك و رەق و وشكەوە و ئەشتەوێ باری دەرونیی سەقامگییربێت؟ شتی وانابێت.

لەم دۆخەدا، مامۆستا پێویستە هەم لە خەمی خوێندكاران تێبگات، هەم هاوكاریان بێت سەربكەون. بەڵام ئەم هاوكارییە بە یەكسانیی بێت، نەك جیاكاریی بكات.

كارئاسانیی بۆ خوێندكار بكە لە مەنهەج و لە شێوازی پرسیار و لە نمرەدانان و لە بەخشینی دەرفەتی دەرچون تا ناچار نەبن واستە بكەن.

بەڵێ ئەبێت پشتیوانی خوێندكاران بین خەونەكانیان بهێننەدی. دڵیان بە خوێندن خۆشە و مافی خۆیانە و پێویستە مامۆستا نەبێت بە كابوس بۆیان. بەڵام تا ئەتوانین ئەبێت ئەم هاوكارییە بۆ هەمووان بێت.

بەهیوای سەركەوتنی خوێندكاران. ئەگەر نەشبوو، ئێوە ئیشێكی باشتان كرد كە هەوڵتانداوە. ئاسودەیی شتێكە مەرج نییە بە بەدەستهێنانی بڕوانامەیەك بیدۆزیتەوە. ئاسودەییتان مەبەستنەوە بە بڕوانامەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations