گیرفانى خاڵى و دەستى پڕ

سەرتیپ جەوهەر
10.02.2020


لەچەند رۆژی رابردوو، كۆنفرانسی ساڵانەی كۆمسیۆنی مەدەنی ئەوروپا و توركیا و رۆژهەلاتی ناوەراست و كورد بەرێوەچوو. لەو كۆنفرانسەدا جگە لەوەی لێپرسراوانی پەرلەمانی ئەوروپا و ژمارەیەكی زۆر پەرلەمانتاری ئەوروپی ئامادەبوون، هاوكات ژمارەیەكی زۆر لێكۆڵیارو پاریزەر، تیگەیشتن و سەرنجی كورتكراوەی خۆیان لەمەر رووداوەكانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان، لەسەر شەری داعش خستە روو، كە بۆ ئێمەومانان سەرنجی نوێ و گۆرانێكی زۆرمان لە گوتاری ئەوروپا بەدیدەكرد.

رەنگە بتوانین یان دەكریت كورتەی تیگەیشتنی نوێی ئەوروپا سەبارەت بە دۆخی كورد لە چەند خالیك بخەینە روو:

یەكەم: یەكەمجاربوو ئەوروپییەكان بەو ئاشكراییە و بێگیرانەوە و سانسۆركردنی هیچ وشە و دەستەواژەیەكی تووند بەرامبەر توركیا و وڵاتانی پشتیوانی توركیا و ئەو ولاتانەی رێگرییان لەكوشتنی كورد نەكردووە، وتاری خۆیان پیشكەشكرد.

دووەم: زۆربەی ئەوانەی لە پانێڵەكان وتاریان پیشكەشكرد، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەیاننامە و لێدوانی رۆژنامەنووسی لە دژی توركیا دەرهەق بە كوشتنی خەڵكی مەدەنی و داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان و راگوێزانی كورد لەسەر خاكی خۆی و، گۆرینی دیمۆگرافیای كوردستان، هیچ سودێكی نییە و كاریگەریی دروستناكات، بەڵكو پیویستە میكانزمی روبەرووبونەوەی ئەو دۆخە بگۆردرێت، تاوەكو گوشارەكان ئەنجامی هەبێت.

سێیەم: دیارترین ئەو رێكارانەی كە بەشیك لە پانێلیستەكان قسەیان لەسەركرد، بریتی بوو لە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر توركیا، یان سزای سیاسی بەسەر كاربەدەستانی توركیا، كە ڕەنگە توركیا ناچار بەهەندئ گۆرانكاریی بكات و ئەو جینۆساید و گۆرانە دیموگرافییە رابگرێت.

سەرنجیكی دیكەی كۆنفرانسەكە ئەوە بوو، هەموو ئەوانەی هاتبوون دۆستی كورد بوون، بەڵام زیاتر دۆستی كوردانی باكوور بوون و ئەوان ئیشیان كردبوو بۆ راكیشانیان و كۆكردنەوەیان لە كۆنفرانسێكی ئاوادا، لەكاتیكدا كوردانی باكوور، جگە لە پەكەكە كە حزبیكی رادیكاڵی كوردییە، دامودەزگا و ئیدارەیەكی دانپیدانراوییان نییە، بەتوانایەكی زۆر كەمی دارایی و میدیایی، بەشیكی كۆنفرانسەكەیان بەرێوەدەبرد، بەتایبەت میوانداریی لێكۆڵەر و نووسەر و رۆژنامەنووسانی كورد، كەچی كورد لەباشوور، جگە لە دامودەزگا و قەوارەیەكی دانپیدانراو، ئیمكانێكی زۆر گەورەی داراییشی لە بەردەستە، بەڵام تائیستا نەتوانراوە لۆبییەكی وەك ئەوەی پەكەكە دروستبكریت.

نوینەرایەتی و نووسینگەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا، هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكیان نییە، مەگەر جارجار لیپرسراوانی ئەوروپا بانگهێشتبكەن بۆ كوردستان، بۆ بینینی لێپرسراوانی تاكە حزبێك و خواردنی چەوری كوردەواریی لەهەولێر! بۆیە دەبینین لەقەیرانە سەختەكانی چەند ساڵی رابردووی كوردستان و عیراق، پشتیوانییەكی ئەوتۆی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە، بگرە لەهەندئ بارودۆخ، پشتیوانی بەغدایان كردووە، دیارترین رووداو، بۆنمونە لە ریفراندۆمی ٢٠١٧ كە ئەوروپییەكان نەك پشتیوانی هەرێمی كوردستانیان نەكرد، بەڵكو دژی وەستانەوە، كاتیك وەفدێكیش بەناوی هەریمی كوردستان لە ٢٠١٧ چوونە یەكیتی ئەوروپا، ئامادەنەبوون پیشوازییان لێبكەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations