ململانێی ناشەریفانە

محەمەد رەئوف
08.02.2020


ئەو ململانێیەی نەوەی دووەمی شۆِرش دەیكات ململانێیە بەتامی شەڕەگەڕەك، ململانێیەكە لەنزمترین ئاستی ململانێی سیاسی‌و شەڕی ساردی ئەو نەوە بریقەدارەیە كە لە ئەوروپا‌و رۆژئاواوە گەڕاونەتەوەو سەریان بۆ جەولەیەكی تری شەڕ دەخورێت كە باب‌و باپیران تاقییانكردەوەو شكستیان تێدا هێنا.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە نێوان نەوەی دووەم‌و سێیەمی كارەكتەرە بازرگانە سیاسیەكانی هەولێر‌و سلێمانی نزمترین ئاستی ململانێی سیاسیە تا ئاستی دەمەبۆڵەی ( شەڕە گەرەكی جاران).

ئەم تایپەی كە ئەمڕۆ گۆڕەپانی ئابوری‌و سیاسی هەرێمیان كۆنترۆڵكردووە، دەیانەوێت ناكۆكیە هەرزەییەكانی خۆیان بگوازنەوە بۆ ناكۆكی نێوان شارەكان‌و جیاوازی درووستكردن لەنێوان كۆمەڵگەو شارەكاندا، ئەم تایپە لەسیاسی هەرزە، بەپارەی مۆڵی دزراویان كۆمەڵگەیان پەرتكردووە لەرێگەی لەشكری میدیایی‌و تۆڕی كۆمەڵایەتی‌و سوكایەتیكردن بەیەكدی شیرازەی كۆمەڵگەیان شێواندووە.

ململانێكان گەیشتۆتە ئاستێك نەك سیاسیەكان خواری خوارەوەی كۆمەڵگەش درك بەو جۆرە ململانێ ناشەریفانەیە دەكات، هەموو شتێكیان لە رێرەوی خۆی لاداوە..( دادگاكان، پۆلیس‌و ئاساییش، زانكۆكان، بازاڕ‌و ئابوری، نەوت‌و غاز‌و سامانی نیشتمانی...).

- كۆمپانیاكەی ئەم تەندەری بۆ دەرنەچووە، تەقە لە تەنكەری كۆمپانیاكەی ئەو دەكات

- كۆمپانیاكەی ئەو تەندەری بۆ دەرچووە، سەرچاوەی دارایی ئەملا وشك دەكات

- ئەملا گومان لەخنكاندنی زیندانیەكەی ئەولا دەكات، ئەولا لەرێگەی پۆلیسەوە گومان لە كوشتنی رۆژنامەنوسەكانی ئەملا دەكات

- ئەملا كۆنگرەی بردۆتەوەو ئەولا دانی پێدا نانێت

- ئەولا حكومەتی كۆنترۆلكردووەو ئەملا دانی پێدانانێ

- ئەملا پشتی توندكردۆتە ئاخوندەكان‌و ئەولاش پشتی ناوە بەئەتاتوركەوە.

- ئەولا كوڕەكانی لە حزبەوە هێناوەتە ترۆپكی حكومەتەوەو ئەملاش كوڕەكانی لە حكومەتەوە بردۆتە ترۆپكی حزبەوە.

- گروپی مافیاكانی ئەملا بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی ئەملا دەپارێزن، گروپی مافیاكانی ئەولاش كۆمپانیاكانی ئەولا دەپارێزن.

نەوەی دووەم‌و سێیەمی شۆڕش چاویان سوربووە بە پارەی نەوت‌و غاز‌و دوگ‌و ...... شەڕی تێری دەكەن... ئەم شەڕە دەنوكە بازاڕیانە رابگرن.. یان ئەو شەڕە درەنگ وەختە دوامەخەن‌و یەك جەولەی شەڕی براكوژی هاوشێوەی شەستەكان‌و حەفتاكان‌و هەشتاكان‌و نەوەدەكان، كوردستان بكەنە مەیدانی شەڕو كارتی سوتاوی دووئیدارەیی لە باخەڵتان دەربهێنن، وەك چۆن حكومەت‌و پێشمەرگەو نەوت‌و غاز‌و كۆمپانیا‌و بازاڕتان دابەشكردووە ئاواش كوردستان دابەشبكەنەوە بۆ دوو زۆن كە مافیاكان تێیدا حاكمی موتڵەق بن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations