ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو، ئەدی بۆ چی بوو ؟

بەدران محێدین
05.02.2020

رەفیق پشدەری، نووسەری کتێبی 'کوردە دوژمنی خۆت بناسە' دەڵێت:- ھەموو سەرکردایەتی کورد لە پێناو شۆرشی ئەیلوول بە خوێن دژی حکومەتی عێراق بوون، ئەگەر زانیاری ھەبوایە کەسانێک نزیک دەبنەوە لە حکومەتی عێراق بە ھەزاران ناو ناتۆرا قسەی لەسەر دەکرا و دەخرا لیستی خیانەتکاران، بەڵام کاتێکمان زانی مەلا مستەفا ھەر کاتێک ویستبای نوێنەری خۆی دەنارد بۆ بەغدا، تا گەیشتبوو بەوەی رێگای بەغدایان کردبوو بە رێگای کانی، بۆ خۆیان زۆر ئاسایی بوو، بەڵام ئەگەر باڵی مەکتەب سیاسی دانیشتنیان بکردایە لەگەڵ بەغدا دەبوو پێیان بڵێن خائین و دژی شۆرش، چونکە لای تەواوی خەڵکی کوردستان ئەو شۆرشە بۆ مافی سەربەخۆیی کورد بوو کەچی ھەموومان ئەنجامەکەمان بینی.

گوتاری دەوڵەت و سەربەخۆیی، ئەو گوتارەی بە کردار خەونی ھەموو تاکێکی کوردە، دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە تەواوی لەباربرا، سەرانی خۆسپێنی کوردایەتی رەنجی سەدەیەک لە مێژوو و شۆرشێکیان بە تەواوی ئیفلیج کرد، ئەوەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا روویدا دەبێت بە مێژوو و مێژووش رەحم بە کەس ناکات، ئێمە و دوای ئێمەش وە نەوە لە دوای نەوە دەبێت ئەو سیاسیە بازرگانانە وەک خۆیان بناسن.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ خەریکە تەواوی یاریە قێزەوەنەکەی سەرانی کوردایەتی بە تەواوی ڕووی راستەقینەیان بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەبێت، قسەکردنەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژانە ئێرانیەکە و کۆتا چاوپێکەوتنی کوڕە گەورەی مسعود بارزانی لە کەناڵی فرانس 24، کە زۆر بە ئاسانی دەڵێن:- ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو، ئەوەی ئێمەی دەستەمۆ کردووە نەبوونی دادگای گەلە، بە داخەوە بە بەرچاوی 93% دەنگدەری 'بەڵێ' وەلێ زۆر بێ شەرمانە ئەو قسانە دەکرێت.

ئیتر پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەگەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو ئەی بۆ چی بوو، پێمان ناڵێن ئەو قومارە گەورەتان بۆ بە خاک و خەڵک کرد؟!
 ئەو خاکە ھەزاران رۆڵەی لە شەری دژ بە داعش بەخشی بۆ کێتان جێھێشت؟!

ئەگەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو بۆچی میللەتتان بەو رۆژە گەیاند؟ کە ئێمە ھاوارمان دەکرد ئێوە ئەو کەسەنین بتوانن دەوڵەت دروست بکەن شەرمتان نە دەکرد کە بە خائین و قەلەم فرۆش ناوتان دەھێناین؟! کە ھاوارمان دەکرد; لەگەڵ بەغدا رێکبکەون و میللەت لەوە زیاتر برسی مەکەن بە ئێمەتان دەگوت: عێراقچی کەچی خۆشتان بە نیوەی شەو نوێنەر و خۆتان لەوێ ئامادە دەبوون، شەرم ناکەن خەونی تاکی کوردتان کرد بە قومار کە بە ھەموو حەماسێکی کوردایەتیەوە 'بەڵێ' دەخستە ماو سندوقی درۆینەتانەوە. راستە ئەمرۆ میللەت بەھۆی ھیلاکی ژیانەوە ناپرژێتە سەر رووداوەکان، بەڵام دڵنیابن دەبێت رۆژێک بێنە دادگای گەل، بێن و وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو چۆن نیوەی خاکی کوردستانتان دۆراند و فرمێسکی دایکی شەھیدانتان تۆراند.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations