بڕیارەکەی دادگای بەلجیکا لەسەر پەکەکە

سەلاح خدر
30.01.2020

بڕیاری ساڵی ڕابردووی دادگای بەرایی بەلجیکا لەبارەی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆری نییە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەو وڵاتەوە ئەرێ کرا.

ساڵی ڕابردوو دۆزگەر و پارێزەرانی دەوڵەتی تورک پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەی دادگای بەرایدا کردبوو، دادگاش لە ١٤ی کانونی دووهەمی ئەمساڵدا دانشتینێکی لەوبارەیەوە ئەنجامدا، تیایدا لایەنی تورک داویان کردبوو کاتی زیاتریان پێبدەن.

دۆزگەری دادگای باڵای بەلجیکی بڕیارەکەی دادگای خواری خۆی لەمەڕ دۆزی پەکەکەوە بە ئەرێنی بینی بوو.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٨ی کانونی دووهەم دانشتینی دووهەمینی دادگا لەوبارەیەوە پێکهات، دۆزگەری دادگای باڵای لەوێ قسەی کرد، بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە دۆسیەکە قسەکانی دۆزگەر پێداگری بووە لە هەڵوێستەکەی پێشووی خۆی.

پارێزەری لایەنی کوردی جان فەرمۆن لەوبارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی فرات کردووە و گوتویەتی، دەزگای سزای بەلجیکا لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات، تانەکانیش لە دژی بڕیارەکەی دۆزگەر ڕەد کراونەتەوە.

فەرمۆن دەڵێت، لە بڕیارەکەی پێشووتردا هاتبوو کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆری نییە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕی ناوخۆ.

پارێزەرەکە سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر ئەوەی کە ئیدی ئەوە کۆتا بڕیارە و دەڵێت، بەلای منەوە بڕیارێکی گرنگە، لەسەر پەکەکە نرخاندنی گرنگ کرا، ئەم بڕیارە دادپەروەرانەیە و بەپێی ماف و حقوقە نێونەتەوەییەکان دراوە، من لەو باوەڕەدام ئەم بڕیارە سود بە پرسی چارەسەری سیاسی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئەوروپادا دەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگا بەوەی پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نییە، دەرگایەکی نوێ بەڕووی پرسی کوردا لەناوەندەکانی ئەوروپا دەکاتەوە، نیشانی دا کە ئەوروپا لە پرسی چارەسەری سیاسیدا جدییە.

فەرمۆن گوتویەتی، ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر هەڵوێست و لیستی ڕێکخستنە تیرۆرییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت، بۆ ئەوەش دەڵێت، ئەم بڕیارە حقوقیە سیاسی نییە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر حکومەتەکان دەبێت. حکومەتی بەلجیکا نیشان دەدات کە پێویستە چاو بە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادا بخشێندرێتەوە.

لەمانگی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨ دا دیوانی دادی ئەوروپا لە لوکسەمبۆرگ بەڵگەکانی نێوانی ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ی لەمەڕ مانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بەکەم و ناتەواو بینی بوو، هەربۆیە بەبڕیارێک لیستەکەی بەتاڵ کردبوەوە، بەڵام وڵاتی بەریتانیا لەسەر ناوی یەکێتی ئەوروپا تانەی لە بڕیارەکە دابوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پەکەکە ئۆتۆماتیک بکەوێتەوە ناو لیستەکە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ دا لایەنی کوردی جارێکی تر سەرلێدانی لەوبارەیەوە کردبوەوە.

دواین جار دادگای پێداچوونەوەی بەلجیکا لە هەشتی ئاداری ٢٠١٩ دا دەربارەی دوو دۆسیەی جیاواز پێنج بڕیاریدا بوو، لە بڕیارەکاندا هاتبوو کە ئەو کەس و گروپانەی گومان دەکرێن ئەندامی پەکەکە بن لە دادگای بەرایی بەلجیکا بڕیاریان لەسەردراوە کە نابێت لەسەر ناوی بەشداربوون لە چالاکی گروپێکی تیرۆریست سزا بدرێن، دادگا دەستنیشانی کردبوو کە پەکەکە هێزێکی چەکداری بێدەوڵەتە، لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورک و دادگای فیدراڵی بەلجیکا لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩ دا تانەیان لە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەدا.

ئەم دۆسیەیە ساڵی ٢٠٠٦ لە بڕۆکسل کرابوەوە تیایدا لێکۆڵینەوە لە ٣٧ کەسایەتی و دەزگا کرابوو، کەلەناودا میدیا و ڕاگەیاندنە کوردیەکان و شەهید فیدان دۆغانیش هەبوون، فیدان لە ٩ی کانونی دووهەمی ٢٠١٣ دا لە پاریس لەگەڵ ساکینە جانسز تیرۆرکرا.

جگە لەوانە دۆسیە لەسەر کوردێک بەناوی فەیسەڵ چۆڵاک کرابوەوە بەتۆمەتی ئەوەی چەند پارچەیەکی پێداویستی ئەلەکترۆنی بردووەتە باشووری کوردستان بۆ پەکەکە، لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەک چۆڵاک زیندانی کرابوو، پاشان بڕیاردرابوو کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریسی نیە و نابێت چۆڵاک لەسەر ئەوە سزا بدرێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations