پارتی پێویستی چی بەمەلا مەزهەرە؟

ئيبراهيم علی
27.01.2020

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەدوو هەڵبژاردنی رابردوودا بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە، دەنگی لەسنوری پارێزگای هەولێر لەهەڵکشاندا بوو. یەکگرتووی ئیسلامیش دەنگەکانی لەهەولێر هێندە کەمی کردووە بایی کورسییەکی پەرلەمانی دەنگی نەماوە لەپارێزگای هەولێر. بۆیە پارتی بەهیچ شێوەیەک نایەوێت حیزبە ئیسلامییەکان دەنگی پێویستییان هەبێت لەپارێزگای هەولێر. یەکێکیش لەرێگاکانی کەمکردنەوەی دەنگی کۆمەڵ و یەکگرتوو بەتایبەتیش کۆمەڵ، پێویستی بەکەسی جەماوەری هەیە. رەنگە لەسەر ئاستی نوخبە مەلا مەزهەر کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت. بەڵام دڵنیابن ئەو نمایشانەی مەلا مەزهەر کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پیرەمێردو پیرەژنە دەست بەدەستنوێژەکان دەبێت. 

ئیدی خەڵک وا تێدەگەیەندرێت ئەمە شەڕی ئیسلام و کوفرە! نە ئەوەی مەلا مەزهەر دەیکات بەدیفاعکردن لەئیسلامی دەزانم و نەئەوەشی رێکخراوەکانی ژنان دەیڵێن بەکوفری دەزانم. بەڵکو هەردووکیان دەبەستەیەکن و لەیەک کانی ئاو دەخۆنەوە. هەر ئەو دەستەی مەلا مەزهەر بەخێو دەکات هەمان دەست باڵتەجییەکانیش بەخێو دەکات لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنانیش.

جەماوەری کۆمەڵ و یەکگرتوو، کوێرانە بەناوی دیفاعکردن لەدین سەرقاڵی بەپاڵەوانکردنی مەلا مەزهەرن. رۆژێک دێت دەبینن چ مارێک لەسەر سینەی خۆتان بەخێو دەکەن

یەکێک لەکێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە بێ ئەوەی هەڵبژاردن بایەخێکی ئەوتۆی هەبێت لەهاتنە ئارای گۆڕانکاری ریشەیی، کەچی بەردەوام لەنێو هەڵمەتی هەڵبردندا دەژین. خەڵکێکی زۆر هەیە لەئێستاوە لەبەردەمی دادگاکان و بەردەمی دەرگای پەرلەمانی کردووەتە شانۆی هەڵمەتی هەڵبژاردن. ئەوە جگە لەوەی میدیا ئامرازێکی دیکەیە بۆ بەردەوامیدان بەو نمایشە بێ مانایە لەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانی خەڵک.

جەماوەری کۆمەڵ و یەکگرتوو، کوێرانە بەناوی دیفاعکردن لەدین سەرقاڵی بەپاڵەوانکردنی مەلا مەزهەرن. رۆژێک دێت دەبینن چ مارێک لەسەر سینەی خۆتان بەخێو دەکەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations