کام چاکسازی ئەزیزم؟

چیا هاوار
15.01.2020

سندوقی خانە نشینیتان باش

لە چەند رۆژی رابردوو زۆرترین قسە لەسەر پڕۆژەی چاکسازی کرا بەتایبەتی رێکخستنەوەی مووچەی خانەنشینی و پەڕلەمانیش بە شەق و بۆکس و ھەڕەشە و گوڕەشە گفتوگۆکانی کۆتایی پێھێنا و واش بڕیارە پێنج شەممە بخرێتە دەنگدانەوە.

ھەموو پڕۆژەیەک لەم وڵاتە چۆتە ژێر پرسیار و دوواجار پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی بڕیاری لێدراوە، ئینجا لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانەوە بگرە تا ئەو پڕۆژە یاسایانەی ئەچنە پەرلەمان، وەک نمونەش پڕۆژە یاسای چاکسازی و لە ناویشیدا رێکخستنەوەی مووچەی خانەنشینان.

چۆنیەتی گەڵاڵەکردن و بڕیاردان لەپڕۆژەکە قسەی زۆر ھەڵدەگرێ و رەنگە کاری منیش نەبێ، لێ ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم لەکوێی پڕۆژەکەدا باس لە سندوقی خانەنشینی کراوە؟ بەڕاست ئەشێ باس لە مووچەی خانەنشینی بکەیت و باس لە سندوقی خانەنشینی نەکەیت؟.

بێگومان لە رابردوودا دەسەڵات یەکێک لە تاوانە گەورەکانی کە ئەنجامیدا دەستبردن بوو بۆ سندوقی خانەنشینی، کە لەدونیادا ئەوە بە رووخانی حکومەت و شکستخواردن پێناسە ئەکرێ بەڵام لێرە کەس نازانێ چی رووئەدا! تا ئێستاش حکومەت نەیتوانیوە وڵامی ئەوپرسیارە بداتەوە ئاخۆ لە بنچینەدا سندوقەکە ھەبووە یان نا ئەگەر نەبووە ٢٩ ساڵە خانە نشینی لە فەرمانبەران ئەگێڕێتەوە ئەی ئەو پارەیەی چی لێکردووە، بە دیوەکەی تریشا ئەگەر سندوقەکە ھەیە چی بەسەر ھاتوە و بۆچی لە کاتی قەیرانەکاندا مووچەی خانەنشینی لە کاتی خۆیدا دابەش نەئەکرد.

ماوەتەوە بڵێین  حکومەت وەک ئەمانەتدارێکی نا ئەمین ھەڵسوکەوتی لەگەڵ خانەنشینان کردوە ئەی پەرلەمان بۆ ئەبێتە ھاوبەشی و بێدەنگ بوون لە باس نەکردنی سندوقی خانەنشینان؟.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations