خانەنشینی پەرلەمانتاران تەنیا بۆ سەرقاڵکردنە!

ئيبراهيم علی
10.01.2020

بابەتی خانەنشین کردن و نەکردنی پەرلەمانتاران لەپلانێک بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و شاردنەوەی داهاتی راستەقینەی هەرێم زیاتر هیچی دیکە نییە.
تکایە تۆزێک واقیعیانە سەیری بابەتەکە بکەن.

گوایە بەپێی یاسای چاکسازی کەمترین موچەی خانەنشینی سێ ملیۆن و نیوە. با وای دابنێیین موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران شەش ملیۆنە نەک کەمتر. لەهەرێم پێج خولی پەرلەمانمان هەیە و بەهەر پێنج خولەکە دەکاتە ٥٥٠ پەرلەمانتاری خانەنشین. گریمان ئەو ٥٥٠ کەسە مانگانە شەش ملیۆن دینار وەردەگرن. کۆی گشتی ئەو پارەیەی دەدرێت بەو ٥٥٠ کەسە مانگانە دەکاتە ٣٣٠ ملیۆن دینار. لەساڵێکیشدا دەکاتە ٣٩ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار. بەدۆلاریش دەکاتە ٣٣ ملیۆن دۆلار. ئەگەر نرخی نەوت بۆ یەک بەرمیل ٦٦ دۆلار بێت ئەو بڕە پارەیەی دەدرێت بەو ٥٥٠ پەرلەمانتارە دەکاتە بەهای ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت.  دەی بەرێزان ئەگەر پەرلەمانتاران دوو هێندەی ئەو موچەیە وەربگرن کە بۆ خانەنشین بونیان دیاری کراوە دەکات تەنیا داهاتی یەک رۆژی ساڵێک بۆ ئەوان دەچێت. چونکە بەپێی راگەیاندراوەکانی حکومەت بێت، هەرێم رۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات.  ئەوە داهاتی رۆژێک رون و ئاشکرایە و بۆ ئەو ٥٥٠ کەسە دەچێت و رۆژانە خەڵک سوکایەتیان پێدەکات! ئەی بێ زەحمەت داهاتی ٣٦٤ رۆژەکەی دیکە بۆ کێ دەچێت؟ بۆ کەس ناوێرێت سوکایەتییەکیان پێ بکات؟ کە هەموومان دەزانین ئەوانەی ئەو داهاتە دەبەن چەند کەسێکی کەمن و لەهەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدان.  بەڵام هەر ئەو دەسەڵاتدارانەن خەڵکیان بەموچەی پەرلەمانتارانەوە سەرقاڵکردووەو هەر خۆشیان داهاتەکەی دیکە بەبێ هیچ هەق و حیسابێک دەبەن. کەس باسی ئەوە نەکات بڵێ موچەی فەرمانبەران بەداهاتی نەوت دابین دەکرێت. چونکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوت کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت. لەبەرامبەردا کەس نازانێت داهاتی ناوخۆ کە خۆی لەباج و رسومات و گومرگی خاڵە سنورییەکان دەبینێتەوە زۆر زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی دەینێرێت. نەپەرلەمان و نەهیچ دەزگایەکیش توانای لێکۆڵینەوەی نییە بڵێت ئەرئ بێزەحمەت نرخی نەوت نزیکەی ٧٠ دۆلارە ئێوە بۆ ٢٠ دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرن.
تکایە بەگۆشەیەکی بچوک، دیمەنی وێنە گەورەکە مەشارنەوە. چاکسازی هەرگیز بریتی نییە لەوەی لەو یاسایە باسی دەکرێت ئەوەی هەیە تەنیا خۆڵ کردنە لەچاوی هاوڵاتیان.
پەرلەمانتاران گەردنیان ئازابێت لەوەی موچەی خانەنشینیان نەک سێ ملیۆن یا شەش ملیۆن بێت، بەڵکو بابیکەن بە ١٢ ملیۆن، بەڵام با جورئەتیان هەبێت و بتوانن داهاتی هەرێم بۆ رایگشتی ئاشکرا بکەن.  کە ئەمە بچوکترین ئەرکی پەرلەمانتارییانە. ئەگەر ناتوانن ئەو کارە بکەن حەقە لەپێناو حەیاو حورمەتی کاری پەرلەمانتاری ئیستیقالە بکەن و بڵێن ناتوانین ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations