چۆن لە دۆخەکە تێبگەین؟

سەردار عەزیز
07.01.2020


دۆخێکی پڕ لە شپرزی و ڕاڕایی و ناسەقامگیری دەرونی لە ئارادایە لە زۆر ئاستدا. بەڵام بۆ خەڵکی دەبێت چەند شتێک ڕون بێت:

یەکەم، ئەوەی ڕودەدات لە قۆناغێکدا ڕودەدات کە بە قۆناغی دیتێرەنس ناسراوە، ئەمەش بەمانای هەوڵدان بۆ ڕێگری یان بە عەرەبی ڕەدع. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە لایەنی ئەمریکی کە هێرشی ئەنجامداوە، لە پاش ئەوە کامپەینێکی فرە ئاست و فرە لایەن بەرپا دەکات بۆ ئەوەی لایەنی نەیار بخاتە ژێر فشارەوە هەتا نەوێرێت ئەوەی بیری لێدەکاتەوە ئەنجامی بدات. بۆیە جەنگی دەرونی و زانیاری دژ بە یەک و دزە پێکردن و پەشیمان بونەوە و زۆر یاری تر لە ئارادایە. دەبێت ئێمە بە ئاگا بین لە خەسڵەتی دۆخەکە، بۆ ئەوەی بزانین ئەوە چیە کە دەگوزەرێت.

عێراق بە لای ترامپەوە گرنگ نیە. لە ڕاستیدا ئیدارەی ترامپ و دەنگدەری ترامپ نەک ماندوبون لە عێراق، بەڵکو بێزیان لە عێراق دێتەوە

دوەم، کوشتنی قاسم سلێمانی ڕوداوێکی جیهانییە. ئەمە مەبەست لە گەورەکردن و پیرۆزکردن نیە، بەڵکو داڕشتنی چوارچێوەی تێگەیشتنە. مەبەستم لە ڕوداوی جیهانی ئەوەیە کە زلهێزەکانی دونیا هەمو بەرژەوەندییان هەیە لەم پرسەدا، بە تایبەتی ئەوەی کە ئەگەرە بە دوایدا بێت. بە کورتی، ئەوروپاییەکان دەترسن و نیگەرانن، ڕوسەکان بۆنی دەرفەت و لاوازترکردنی زیاتری ئەمریکا دەکەن، چینیەکان لە لایەک پێیانخۆشە کە ئەمریکا سەرقاڵی زیاتر بێت لە ناوچەکە و نەیپەرژێتە سەر ئەوان هەتا ئەوان زیاتر بەبێ کێشە گەشە بکەن، لە هەمانکاتدا پێیانخۆشە ئەمریکا لە عێراقدا لاوازبێت و ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ بکەن.

سێیەم، لە لایەن ئەمریکاوە، وەرچەرخانێک رویداوە. کوشتنی قاسم لە عێراق، زۆر دەلالەتی هەیە، بەڵام لە سەروی هەمویەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە عێراق بە لای ترامپەوە گرنگ نیە. لە ڕاستیدا ئیدارەی ترامپ و دەنگدەری ترامپ نەک ماندوبون لە عێراق، بەڵکو بێزیان لە عێراق دێتەوە. بەڵام گۆڕانی ئاراستەی یارییەکە بە هۆکاری جیاوازەوەیە لە لایەن ئەمریکاوە. ئەمریکاییەکان بە میتۆدی دیسڕەپشن یاری دەکەن. دیسڕەپشن زیاتر لە های تێک یان تەکنەلۆجیای باڵادا باوە، بە مانای ئەوە دێت کە بە تەواوی ئاراستەی گەمەکە دەگۆڕێت بە جۆرێک هەمو میتۆدە کۆنەکان بێکەڵک دەبێت، بۆ نمونە تەماشای ئێر بی ئێن بی، ئوبەر، تەنانەت فەیس بوک و گوگڵیش بکە. لەم قۆناغەدا ئەم ئیدارەیە دەیەوێت هێز نمایش بکات.

بۆیە تکایە هەمو شتێک وەک خۆی وەرمەگرە، بەڵکو وەک بەشێک لە یاری دەرونی و هاوسەنگی هێز و دیسەرەپشن بیبینە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations