لەنێوان میحوەری ئەمەریکا یا ئێران.. پەرلەمان چ بڕیارێک دەدات؟

فەرمان سادق
05.01.2020

خرۆشانی جەماوەری و کەسوکاری زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەکداری میلیشاکانی شیعە لە کاتی بەخاک سپاردنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و سەرکردەکانی دیکە، كۆتایی بە هەموو جموجۆڵ و یاریەک هێناو ماسکی دوو ڕوویی سیاسی لە دەموچاوی هێزەکان داماڵیوە، یان لەگەڵ میحوەر و پڕۆژەی ئێرانی یان پڕۆژەو میحوەری ئەمەریکی، ئەوەی لە بەرەی سێیەم بێت، دوور نیە سەری بخوات!

ئەو دۆخە بۆ هێزە شیعەکان زۆر زۆر قورسە بتوانی ئیتر لەنێوان هەردوو پڕۆژە بیت، ئەمەش وایکردووە عەبادی نوقەی نەماوەو شەکرێک ناشکێنێ، سەدر بە پەلە خۆی بگەیەنێتە ماڵی سولەیمانی و بەشداری پرسەکەی بکات.

ئەم دۆخە بۆ سوننەکانیش زۆر زیاتر قورسە، هەڕەشە لە سەرکردەکانی سوننە دەستی پێ کردووە.

ئەوانەی دەچنە پڕۆژەی ئێرانی ئیتر زەحمەتە لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە بەڵام بەغدا بۆیان ئارام دەبێت، هەرچی ئەوانەی دژی پڕۆژەی ئێران دەوەستنەوە زەحمەتە بتوانن ئیدی لە بەغدا سەلامەت بن و رەنگە بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمان هەر ئامادە نەبن و لە کوردستان بمێننەوە وەک پەناگەیەکی ئارام.

هەرچی پێوەندی بە کورد هەیە، دۆخەکە کەمێک جیاوازەوە لێکەوتەکانیشی جیاوازن. 

لایەنە شیعەکان هەرچی بەرانبەر بە کوردستان بکەن لە گوشاری ئابووری زیاتر تێپەڕ ناکات کە خراپی ئیدارەدان و گەندەڵی خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستانەو لە رابردووش ئەو کۆدە ئاشکرا بووە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جگە لە گوشاری ئێران.

ئەمەریکا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر پەرلەمان بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی لە عێراق بدات، ئەوا داوای قەرزەکانی دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەوەی پێشتر بڵاوکراوەتەوە، ئەمەریکا لە جەنگی رووخاندنی رژێمی بەعس، 757 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندجارێک ئاماژەی بەوە کردووە.

کەمێک پێش ئێستا، ٣٠٠ سەربازی تری ئەمەریکی بەرەو کوێت بەڕێ کەوتن، ئەمە لە کاتێکدایە دوو مانگە ئەمەریکا هێز و چەک و تەقەمەنی لە ئوردنەوە رەوانەی عێراق دەکات، سیستمی پاتریۆتی لە بەحرێن خستووەتە ئامادەباشی و هێزو کەشتیگەلی سەربازی لە دەریای چین بەرەو کەنداوی عەرەبی جولاندووەو دوو مانگ پێش ئێستاش کەشتیگەلی لینکۆڵنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

ئێران رای گەیاند کە ٣٦ ئامانجی ئەمەریکایان لە ناوچەکە دەستنیشان کردووەو ئامۆژگاری ئەمەریکاش دەکەن کە پەرچەکرداری نەبێت. ئەمەش لەکاتێک دایە ئەمەریکا لە رێگەی سویسڕا نامەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی ناردووە بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە مریشکە رەشەو جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریكا هەڵنەگیرسێت، دەکرێت بە دیوەکەی تر هۆشداریش بێت بۆ ئێران کە پەرچەکرداری هەبێت جەنگ هەڵدەگیرسێت.

هەر لە ئێستاوە سەرکردەکانی میلیشا شیعەکان دەستیان بە هەڕەشە کردووە.

ئەبو عەلی عەسکەری سەرکردەیەکی حزبوڵایە لە تویتێکدا سڵاو بۆ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان دەنێرێت و پێی دەڵێ؛ سبەی زۆر بە وردی چاومان لەسەر جموجۆڵەکانتە بزانین لە پەرلەمان چ بڕیارێک لەسەر مانەوە یان دەرکردنی سوپای سەلیبییەکان لە عێراق دەدەی.

ئەوەشی بیر دەهێنێتەوە کە چاودێری پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانی ئەمڕۆیان کردووە لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمەریکا کە قسەی کردووە.

ناڕەزایەتییەکانی تەحریر و مەتعەم تورکی کۆتایی هات؟
کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان هێنا کە ماوەی زیاتر لە ٦٦ رۆژی خایاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی سەر بە رەوتی سەدر چوونەتە ناو خۆپێشاندەران و ناوی هەریەکە لە عەبدولوەهاب ئەلساعدی و رەحیم عگێلی خراوەتە دەنگدان کە یەکێکیان بکرێتە سەرۆک وەزیران. زۆرینە لەگەڵ عگێلی بوون، بەڵام ساڵح محەمد ئەلعێراقی کەسایەتی زۆر نزیکی موقتەدا سەدر ئەو هەڵبژاردنی رەت کردەوە، بە خۆپیشاندەران دەڵێ؛ دەتانەوێت هەتا کەی لەوێ بمێننەوە، عێراق بەرەو داڕووخان دەچێت و کەم کەس هەیە هەست بەو مەترسیە بکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ تەلەفۆنی چالاکوانێکی ساحەی تەحریرم کرد کە پێشتر زوو زوو لەسەر بڕیارەکانی ساحەی تەحریر قسەمان دەکرد، دەپاڕایەوە کە نایەوێت هیچ قسەیەک بکات، ئەمە دەرخەری ئەو مەترسییە گەورەیە.

هەر ئەمڕۆ هێزێکی سەر حزبوڵا، لەناو بەغدا راست و چەپ تەقەیان لە خەڵک کرد و چەندان خەڵکیان کوشت. دۆخی بەغدا بە جۆرێک ئاڵۆزە کە لە خۆی و سەرو ماڵی دڵنیا نیە، برادەرێک تەلەفۆنی کرد داوای خانووی کرێی لە هەولێر دەکرد.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations