(کۆنگرە) دڵخۆشکەر نییە

لوقمان غەفوور
23.12.2019

ھەرچەندە سەرسام نیم بەکاری حزبیی ئەحزابی کوردی بەگشتی، بەڵام زۆرجار لەم دورە وڵاتەوە ئەتوانین تێبینیمان لەسەر کارە لەنگ و خوار و خێچ و بێکەڵکەکانیان ھەبێت. ئەو ھەموو فوکردنە بە نوێبوونەوەی یەکێتی، فوکردنێکی سارد بوو بۆ دۆخێکی ئاست ژیلەمۆی حزبێکی ناتەقلیدی باشوور. ناتەقلیدی بەو مانایەی کە ھەمیشە توانیویەتی گۆڕانکاری دروستبکات. بەڵام لەم کۆنگرەیە ڕووداوەکانی نوێبوونەوە سەرەو ژێر دەبنەوە. جا ئینسان ھێدی ھێدی بۆی دەرەکەوێت کە لەدوای ونبوونی ئەندازیارە سەرەکییەکەی یەکێتی کە مام جەلالی ڕەحمەتی و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، ساڵ بەساڵ ئەو دەلاقەیە فراوانتر ئەبێت.

ئەوەی یەکێتی ئێستا لەناو کۆنگرە بەڕێیدەکات، ھیچ دڵخۆشکەر نییە. من چاوەڕوانم ئەکرد نەوەی تۆزلێنیشتووی شەست و حەفتاکان بڕۆنە ماڵەوە پشوو بدەن. بەڵام بەداخەوە ھەست بەوە ناکەم. ئەوەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا گوێم لێبوو ھیچ نییە جگە لە ھەڵخەڵەتاندنی نەوەیەکی تازە نەبێت.

مانای چییە دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی بدرێتە دەست کەسێک کە لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە تا ئێستا بەھۆی تەکتولچێتییەوە گەورەترین زیانی لەم حزبە داوە. گریمان کۆسرەت ڕەسول عەلی شایەنی ئەم پۆستەیە، بەڵام بە چ ھەقێک ئەم ئەتوانی ٨ کەس وەک ئەندامانی ئەنجومەنەکە دامەزرێنێت.

گریمان ئەو ناتوانێت ٨ کەس دامەزراندنێت و بە ھەڵبژاردن دەبێت، بەڵام یەکێتییەکان بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئەم ھەشت کەسە کێ دەبن!؟ بیرناکەنەوە کە ئەو ھەشت کەسە ھەمان ببڕ و بکوژی جارانی حزبەکە ئەبن و ھەر نەوەی حەفتاکانی ڕابردووی شاخ ئەبنەوە بە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. کەواتە لە ئێستاوە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کەسی یەکەمی یەکێتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد، ئیدی چیتر ڕوودەدات کێشە نییە.

دروستکردنی ستایلی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ھەر لەڕێگەوە کۆڵەکەیەکی نوێبوونەوەی لە گۆڕنا، سەبارەت بە ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی فۆرمێکی نوێیە لە فۆرمە تەقلیدییەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی جاران. ئەوکاتیش کە بڕیاری لێدرا بۆ ڕازیکردنی دڵی چەند بەرپرسێکی حەفتاکانی شاخ بوو.

من لەم دوورەوە دیمەنەکە بەم دیزاینە ئەبینم. کە ھیوادارم ھەڵە بم و وادەرنەچێت، کۆسرەت ڕەسول ئەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی و ھەشت کەس لە خۆی کۆکاتەوە و ھەریەکەی دەکات بە بەرپرسی مەکتەبێکی یەکێتی. ھەرچی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتییە کە ١٢١ ئەندام لەخۆدەگرێت، بەرھەم ساڵح دەکەنە سەرۆکی ئەنجومەنەکە و دوو تا سێ جێگریشی بۆ دادەنێن لە پاڤێڵ تاڵەبانی و لاھوری شێخ جەنگی و ..ھتد. ئەوکات لەنێوان ململانێی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و کەسە یەکەمینەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، یەکێتی و کادرە نوێیەکان ئەبنەوە بە قوربانی و دواجاریش کەموکورتی و خراپە و بێسەرەو بەرەیی حزبەکە ھەر لایەک ئەیسپێرێت بە ئەستۆ و شانوملی لاکەی تردا. چونکە ھەر لایەنێکیان بە ئاراستەو دیدوو تێڕوانینێک کار ئەکەن.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations