بیرکردنەوە لە بڕیاری لابردنی ترەمپ

سەردار عەزیز
19.12.2019

ئەوەی لە هاوس، کۆنگریس ڕویدا، دەرئەنجامە. ئەوەی ڕویدا وەک شانوگەرییەک وەها بوو. لایەک سەرۆکیان وەک کەسێکی تاوانبار دەبینی، کۆمارییەکانیش وەهایان دەبینی کە وەک عیسا بێتاوانە. ئەم هەڵوێستە پەڕگیرییە، نیشانەی ئەو دابەشبون و جەمسەگیرییە قوڵەیە کە سەرتاپا کۆمەڵگای ئەمریکی گرتوەتەوە. ئەمە دەرئەنجامی قەیرانی لیبرالیزم یان نیولیبرالیزمە. 

ئێستا ئەم جەمسەرگیرییە لە چەندین ئاستدا بە شێوازی جیاواز ڕودەدات.

لە ئاستی جوگرافیدا، خەڵکی لادێی و شارە بچکۆلەکان هەتا بێت داخراو و دژە دونیان، بە پێچەوانەوە خەڵکی شارە گەورەکان دەبنە جیهانگیر. خەڵکی شارە بچکۆلەکان دەبنە دەنگدەری کۆمارییەکان و خەڵكی شارە گەورەکان دەبنە دەنگدەری دیموکراتەکان. ئەم دیاردەیە جیهانییە، بەڵام لە ئەمریکا چڕ ترە، چونکە لەوێوە دەستپێدەکات و ئەمریکا بەهێزترینە لە دونیادا.
لە ئاستی چینایەتی، وەرچەرخانێک هەیە، جارێکی تر خەڵکی هەژار لە دونیادا پشتیوانی دەوڵەمەندانن و دژ بە خەڵکی نیمچە دەوڵەمەندن. بە جۆرێک کە پارتە ڕاستڕەوەکان دەبنە پارتی هەژاران و پارتە چەپەکان دەبنە پارتی چینی ناوەند. ئەمە لە بەریتانیاش بینیمان، هەژاران لە بەریتانیا پارتی کرێکاران بە لوتبەرز و خۆ بە زلزان و جیهانگەرا ناودەبەن.

لە ئاستی ئایدەلۆژیدا ئەمە ململانێیە لە ئاستی جیهانگەریی و ناسیونالیزمدا. پارتی کۆماری زیاتر ناسیونالسیت دەبێت، دیموکراتەکان لە بەرامبەردا گلۆباڵ. بەڵام سەرکەوتنی بۆریس جۆنسن و دۆڕانی کۆربیون ئاگادارییەکە کە زۆر توندبون لە ئاستی ئایدەلۆژیدا ڕەنگە بەرچەکرداری هەبێت. ئەگەر کۆربیون ڕەگەزپەرست بوایە لە هەڵبژاردندا بەو جۆرە نەدەدۆڕا. نامەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێم کە هەژاران ڕەگەزپەرستن، بەڵام قوربانی سیستەمێكی ئابوری تایبەتن کە  خاڵی چڕ بونەوەی شارە گەورەکانە. ئەمە لە هەمو جێگایەک وەهایە. سەیری جیاوازی کۆیە و هەولێر بکە!

ئەمە پێکەوە گڕیدانی دۆخی ئابوری و هەلپەرستی سیاسیە بۆ دروستکردنی پاڵەوان و فریودانی خەڵکێکی هەژار. پارتە ڕاستڕەوەکان هەمیشە پرسە هەستیارە بێ کاریگەرەکان لە ئاستی سیاسیدا دەکەنە پرسی گەورە، بۆ نمونە، پرسی ئەخلاق، پرسی باوەڕ، پرسی شوناس، هەروەها بە شەیاتنکردنی کەمینەکان، ئەوەی ئێستا لە هیند دەیبین بەرامبەر موسوڵمانان لە لایەن ناسیونالیزمی هیندیەوە یەکێکە لە دەرکەوتە ترسناکەکانی ئەم دیاردەیە.
ئەمە کاتییە، مرۆڤایەتی بە گشتی لە شاردا دەژی، بەهاکان دەبنە شاری، شار دەبێتە خاڵی چڕی مرۆڤایەتی.بیرکردنەوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations