هێلی لۆڤ لەدۆخی ئەو کەوەدایە لەقەفەزدا دەخوێنێت بۆ ڕاوکردنی هاوڕێکانی!

هاوژين زيبا
18.12.2019


هێلی لۆڤ دەڵێت کاتێک تاج لەسەر دەکەم؛ پیاوان کڕنووشم بۆ دەبەن. دەکرێت بپرسین: کام پیاوانەن کە کڕنووش دەبەن؟ ئاخۆ ئەم قسەیە چەندە ڕاستە؟ ئەو زەمینەی تێیدا کڕنووش بۆ هێلی لۆڤ دەبرێت بەرهەمی فکرو دەسەڵاتی کێیە؟ بەرهەمی هێلی لۆڤە یان بەرهەمی ئەو پیاوانەیە؟ ئەگەریش ڕاست بێت چی پەیوەندیی بەئازایەتییەوە هەیە؟ ئایا کڕنووش بۆ خۆی گوزارشت لە کۆیلە‌بوونی کەس یان گروپێک ناکات؟ 

ئایا باسی کام تاج دەکات؟ هەروەکو ئەوەی کاتێک باسی یەکسانبوونی ژنان لەگەڵ پیاوان دەکرێت؛ دەپرسین: ئایا ژنان لەگەڵ کام پیاوانە دەیانەوێت یەکسان بن؟ ئایا زیهنیەتی پیاوسالاری پیاوان تێیدا چەندە وەک مرۆڤێکی ئازادو خاوەن کەسایەتی پەروەردە دەکات؟ ئایا پیاوانیش قوربانیی ناو هەمان سیستەم نین؟ 

دەرکەوتنی هێلی لۆڤ لەدوایین کاریدا، سەرجەم شێوازەکانی فریودانی ژن‌و کۆیلەکردنی لەقەفەزی زێڕیندایە. جەستەو فۆرمێکی دیکەی سێکسیتربوونی ژنانەو هێلی ڕۆڵی ئەو کەوەی ناو قەفەزی پێ دراوە کە بەندکراوی ڕاوکەرەکەیەتی‌و دەخوێنێت بۆ ڕاوکردنی هاوڕێ کەوەکانی دیکەی.

لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی هێلی لۆڤ دەیکات‌و دەیڵێت؛ گوزارشتکردنە لە کۆت‌و‌بەندبوونی ژنێک لەناو سیستەمێکی کۆیلایەتی و سەرمایەداریی پیاوانەدا کە ژن تێیدا کاڵایەکی خۆشی کەم بەهایە. ئەم تێگەشتنەش بۆ بارودۆخی ژن؛ بdQگومان پێویستی بە تێپەڕکردنی هەندێک بنچینەی سەرەتایی وابەستە بە پیاوان، واتە بنەماڵە، چین، نەژاد، یان کولتوور، لەلایەن ژنان خۆیانەوە، دەبێت.

لەبری سوکایەتی پێکردن و دژایەتی کردن، یاخود بە گەورە زانینی ژنانی دیکە؛ دەبێت وەک قوربانییەکی سیستەم تەماشا بکرێت و هەوڵەکانی ئەم ڕەگەزەی مرۆڤ کە ژنانن کار  بۆ ڕزگارکردن و هۆشیارکردنەوەی بکەن. بێگومان ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و خەباتێکی بێوچان و نەبڕاوەی پێویستە.

بەشێک لە فیمێنیستەکان دەڵێن "ژنان لە جیهاندا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەر بە چ چین و نەژاد و تەمەن و ئەتنیك یان نەتەوەیەک بێت؛ لایەنی هاوبەشی زیاتری لەگەڵ ژنانی دیکەدا هەیە بەراورد بە پیاوان".

کاتێک ئاستی هۆشیاریی ژنێک بەرز دەبێتەوە؛ خۆی و ژنانی دیکە وەک کەسانێکی سەر بە گرووپێکی سوکایەتی پێکراو دەبینێت و خۆی بە بەرپرس دەبینێت بەرامبەر بە گۆڕینی بارودۆخەکە.

لەژێر سایەی پیاوسالاریدا هەموو ژنان ئەزموونی هاوبەشیان هەیە. ژنانی سیاسی لە ناوەندی بڕیاردا نین. ژنانی ناو پارت و حزبە سیاسیەکان ڕێگەیان پێ نادرێت لە دەرەوەی ئەجێندای حزبەکەیان بۆچونێکی جیاوازیان هەبێت بۆ ڕووداوەکان و بۆ کۆمەڵگا و ـ بەتایبەت ـ بۆ پرسەکانی ژن. لەناو ڕێکخراوەکاندا ژنان بە هۆی دەسەڵاتی حزبەکانەوە ناتوانن لە یەکدی نزیک ببنەوە و کاری ڕێکخستنی ژنانە و هاوبەش ئەنجام بدەن. لە ماڵەوە و لە فەرمانگە و ناوەندەکانی کارکردندا بە ڕێگە و شێوازی جیاواز لە لایەن زیهنیەتی پیاوسالارییەوە دەچەوسێنرێنەوە. 

جیاواز لە سەرجەم بوارەکانیش؛ هونەر بووەتە شوێنی نمایشی جەستەی ڕوتی ژن و، بەردەوام سیستەم لە ڕێگەی هونەرەوە فۆڕم و شێوازی جیاواز-جیاواز بۆ جوانی و سێکسیتربوونی جەستەی ژن دەخاتە بازاڕ و بەرچاوی کۆمەڵگا.

ئەم دۆخە کە لە کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا زۆر بەڕوونی بەردەوامە؛ بەشێک لە پیاوان و هەندێک لە ژنانیش بە کەمتەرخەمیی ژنان خۆیانی دەبینن تا ئەو ڕادەیەی دەوترێت ژن بۆ خۆی کۆیلە‌بوون و ئەو شێوازە لە ژنبوونی پێ خۆشە! بەڵام ئەمە هیچ لە ڕاستیی جەوهەری ژن ناگۆرێت، کاتێک بە ئیرادەی ژن‌بوون و توانا و لێهاتوییەکانی خۆی ڕێکدەخات و دەبێتە پێشەنگی شۆڕشی ئازادیی مرۆڤ. نموونەی ژنانی ڕۆژئاوا و شەڕڤانان کە ئێستا لە بەرەکانی جەنگدان دژ بەداگیرکاری و ئەقڵیەتی فاشیزم؛ نموونەیەکی جێی شانازییە کە لە هەموو جیهاندا نکۆڵیی لێ ناکرێت.  

ژن بوون لە جیهاندا و لەناو سیستەمی سەرمایەداری و بەکاڵابوونی ژندا؛ مێژوویەکی دورودرێژی هەیەو، بە جۆرێکبەردەوامیی بە خۆی داوە کە ـ وەکو بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لە تێزەکانی "ژنۆلۆژی"ـدا بۆ ڕزگاریی ژن ئاماژەی پێ دەکات ـ ژنان نایەتەوە بیریان کە چییان لە دەست داوە، لە کوێ و چۆن لە دەستیان داوە، هەر بۆیە ژنێتییەکی دەستەمۆ وملکەچ بە دۆخێکی سروشتی لە قەڵەم دەدات!

بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگا دەکرێت گەڕانەوە بۆ مێژوو و دۆزینەوەی سەرەداو و ڕەگ‌و‌ریشەی کێشەکان لە مێژووی پێنج هەزار ساڵەی زیهنیەتی پیاوسالاریدا و تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون لێی لە لایەن ژنان و پیاوانەوە؛ ڕێبازێکی دروست بێت.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations