ببورە جەنابی سەرۆک دەخوازم ڕاستگۆبم

شەماڵ ئەحمەد
09.12.2019

یەکێک لەکێشەکانی سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە تێڕوانینی خۆیان لەسەر پرسەگەرمەکانی وڵاتەکەیان لەو ڕاپۆرتانەوە دادەڕێژن کە بەرژەوەندیخوازەکانی چواردەوریان بۆیان ئامادە دەکەن، هەربۆیە زۆر ناخایەنێت قسانێک و بڕیارێک دەدەن کە تەواو دوورە لە ڕاستی ژیان و گوزەران و خواستی هاوڵاتیان، هەر زوو دەکەونە ئەو بۆسەیەی کە گرووپە بەرژەوەندییەکان بۆیان دەنێنەوە، ئەو گرووپانە جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ سەرکردەکان وێنا کردووە، ئەمەش دووچای هەڵەیان دەکات، زۆر بوون ئەوانەی چواردەوری سەددام دەیانگووت " بالروح بالدم نفدیک یا صدام " بەڵام لەکاتی میحنەتا کەس بەدەورییەوە نەما، محەمەد حەسەنێن هەیکەل لەڕاپورتێکدا بە جمال عبدالناصر ی سەرۆکی میسر دەڵێت، هۆکارێکی شکستمان لەشەڕی شەش ڕۆژەی ۱۹٦۷ ئەوە بووە کە لەترسا ڕاستییەکانیان بە تۆ "جمال عبد الناصر" نەوتووە، وتنی ڕاستی ئازایەتی و خۆنەوستی دەوێت، بەڵام پڕە لە دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان، هەر لەم سۆنگەیەوە من ڕاستییەکە دەڵێم.

جەنابی سەرۆک زیادکردنی داهاتی حکومەتی هەرێم لەکوێوەهات٫ چەند پڕۆژەی ستراتیژی و چەند کارگە خرایەگەڕ واداهاتی حکومەتی پێ زیادبوو، من هیچ داتایەکم نەهاتە بەرگوێ، ئەترسم زیادبوونی داهات پەیوەندی بەباج و خەراجەوە هەبێ، لەسەردەمی عەباسییەکاندا هارون ڕەشید بە هەورێک دەڵێت " ٳذهبي ياغمامة ٲينما شئت فخراجك يرجع لي "  واتە هەورەکە بۆ کوێ دەڕۆیت بڕۆ چونکە باجەکەت هەر بۆ من دەبێت، ئاکامی ئەو دەوڵەتە عەباسییە کە خۆری لێ ئاوا نەدەبوو بەدەستی مەغۆلییەکان لەناوچوو چوونکە دەوڵەتێکی باجگربوو، خزمەتگوزار نەبوو، هەر دەوڵەتێک بە عەقڵییەتی باجگرییەوە بیر بکاتەوە لەکۆتایدا هەرەس دەهێنێت جەنابی سەرۆک، دڵنیابە.

کامەبوو کارەکانی حکومەت لەبواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چەند وەزیر و فەرمانبەری باڵا و بازرگانی چاوچنۆکی گیان و ژیانی هاوڵاتیان دران بەدادگا، داتاکانم نەبیست، یان باستان نەکرد، من گومان لەوە دەبەم کە گەندەڵی تەنیا لەبواری کارگێڕی و یاسایدا ببینەوە، ئێستا گەندەڵی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، بەڵکو کلتورە، ئەوەش بە بەکلتوری کردنی دژەگەندەڵی چارەسەر دەبێت.

بەڕێزتان باسی کەم کردنەوەی ڕۆتینتان کرد، باوەڕ بکە وانییە، لەئێستادا ئەوەندە ڕۆتین زیادی کردووە، بەڕێوەبەر هەیە بە حەوت دەرگا و چەند تەلەفۆنێک دەگەیتە لای، گەر بڕواناکەی خۆت بگەڕێ، ئەڵێن باڵوڵ جارێک بانگهێشت کرا بۆلای خەلیفە، کەچوو دیوەخان هاواری کرد و گوتی " چۆنی ئەی خوا " خەلیفە سەغڵەت بوو دواتر باڵوڵ گوتی " تۆ لەو سەرەوە دانیشتوی ناچارم وابڵێم، وەرە ناو ڕەعییەت بادەردەکان بزانی" تۆش ئەگەر لەبێرۆکراسییەت و ڕۆتین دەکۆڵیتەوە دەتوانیت لەکوێرە ناحییە و قەزایەکەوە دەست  پێ بکەیت.

زۆر ماوە باسی بکەم، هێندە بەسە، هەروەها گوێم بۆ هەموو وتەکانت ڕاگرت بەڵام مەخابن لە خولەکی ۲۳:٤۸ ی وتارەکەتاندا کارەبا لای ئێمە کوژایەوە.

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations